خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/بەینی جەزیرە و دێرسیم

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

بەینی جەزیرە و دێرسیم[edit]

ئیمارەتی جەزیرە[edit]

بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەبێ میرەکانی ئەم ئیمارەتە لە خانەدانی «ئەمەوی» و لە سولالەی «حەزرەتی خالید بن وەلید» بن؛ بەڵام چونکە تاریخی ئیسلام دەرحەق بە بوونی حەزرەت خالید وەیا سلێمانی کوڕی لە کوردستاندا شتێک ناڵێن و ئەساسەن مەعلووم نییە کە نەسلی ئەم قەهرەمانی عەرەب و ئیسلامە، مونقەریز بووە، کە وا بوو، بڕواکردن بەم ئیدیعایە زەحمەتە. بە گوێرەی ڕیوایەت و ئیدیعای تەڕەفی سعرد و جەزیرە، ئەبێ مەرقەدی حەزرەتی خالید لە نزیک سعرد بێ. وەلحاڵ تاریخی سەحیح ئەڵێ حەزرەتی خالید لە حومسدا وەفاتی کرد و لەوێ مەدفوونە.

لام وایە ئەم ئیدیعایە لە موحیبەتی قەومی کورد بۆ ئازایی و قەهرەمانیی حەزرەتی خالیدەوە حاسڵ بووە. چونکە تاریخ سولالەی حەزرەتی خالید بە مونقەریز ئەزانێ. کوڕانی بەشۆرەتی «سلێمان و عەبدولڕەحمان و موهاجر» بوون. ئەووەڵەمینیان لە بەرەی حەزرەتی عەلی بووە و لە شەڕی سەففەیندا لە ناو چوو، دووەمین، والی حومس بوو و بە فێڵی موعاویە لە تەڕەف حەکیمێکی جوولەکەوە دەرمان‌خوارد کرا (تاریخ خالد بن ولید، ابوزید شلبی، ل ٢٠٨)

موئەلیفی «اسد الغابة»ش ئەڵێ زوڕڕییەتی حەزرەتی خالید نەماوە و چل ئەولادێکی بە تاعوون و لە شامدا لە ناو چوون و لە بەر بێ زوڕڕییەتی، موڵکی مەدینەی درا بە ئەیووب بن سەلمە بن عەبدوڵڵا. (جڵدی ٢، ل ١٠٤).

ساحێبی «نهایة الارب»یش تەئیدی ئەم قەولە ئەکا و ئەڵێ: «فلم یبقی منهم احدا، لا شرقا و لا غربا و ان من انتمی الیهم فهو مبطل في انتمائه، و کل من ادعی الیه فقد کذب» (جڵدی ٢، ل ٣٥٦)

زۆر موحتەمەلە کە عەشایری جەزیرە نەتەوەی «کالدی» (= خالدی)ی تاریخی بن، کە موددەتێکی زۆر بە سەر ئورارتوودا حوکمیان کردووە و لە ئیستیلای قەومی «کەممەری»دا حکوومەتیان لە دەس چوو و بڵاو بوونەوە. زاتەن بەعزێ لە موستەشریقین «کالدی» و «کورد» بە ئەسمائی موشتەرەکە ئەدەنە قەڵەم و بەدوور نییە ئەم ئیدیعای «خالدی»یە لەمەوە بڵاو بووبێتەوە.

خولاسە، شەرەفنامە، سلێمان کوڕی حەزرەتی خالید بە جەددی ئومەرای جەزیرە دائەنێ و ئەڵێ لە دەوری ئەمەوییەدا ئەم ئیمارەتە دامەزراوە. زاهیر وایە دوقتۆر فریچ ئەم ڕیوایەتەی بە ئەساس داناوە و ئیحتیاجی بە تەدقیقاتی ئاساری تر نەدیوە و حوکمێکی زۆر غەڵەت و بێ‌مەعنای داوە. وەلحاڵ ڕیوایەتی شەرەفنامە و حوکمی دوقتۆر فریچ (کوردلر، ل ١٤٣) بەرامبەر بە ئیتیفاقی عولەمای تاریخ لە قیمەت کەوتووە.

خولاسە، شەرەفنامە دەوام لە سەر ڕیوایەتەکەی ئەکا و ئەڵێ لە دوای سلێمان بن خالید، میر عەزیز و میر حاجی بەدر و میر عەبداڵی کوڕی، وڵاتەکەیان لە بەینی خۆیانا بەش کردووە و لەمەش خانەدانی «عەزیزی» و «بەدری» و «عەبداڵی» پەیا بووە.

خانەدانی «عەزیزی« (= عەزیزییە) جەزیرەی ئیبنی عومەر و ئەتڕافیان لە دوای ئینقیڕازی سەلجووقی گرتۆتە دەس، بەڵام دەرحەق بە دەوری میر عەزیز و کوڕانی و ئەحفادی، تا پشتی چوارەم مەعلووماتێکی وا نییە. ئیمارەتی «میر عیززەددین کوڕی بەدرەددین کوڕی عیسا کوڕی مەجدەددین کوڕی میر عەبدولعەزیز» تەسادوفی دەوری تەیمووری لەنگی کردووە و لە ماردین چۆتە لای و لە شەڕی تەیموور وڵاتەکەی پاراستووە. بەڵام لە دواییدا بەرامبەر کوڕەکەی عوسیانی کرد و وڵاتەکەی لە تەڕەف تەیموورەوە داگیر کرا و خۆی بە هەزار حاڵ نەجاتی بوو و خۆی شاردەوە.

لە دوای تەیموور، کوڕەکانی هاتنە پێشەوە و ئیمارەتەکەیان ئیحیا کردەوە و تا ئەواسیتی قەڕنی نۆزدەهەمی میلادی دەوامی کرد و لە دوای ئیختیلالی بەدرخان بەگ (١٨٤٧ م) لە ناو چوو.

بەشی «بەدریە»ی لە دەوری «گورگیل» دامەزرا و تا زەمانی شەرەفخانی بتلیس مابوو و لە ١٠٠٥ هـ.دا بە دەس میر ئەحمەدی کوڕی میر محەمەدەوە بوو. ئەحواڵی دوایی مەعلووم نییە.

بەشی «عەبدالییە»شی لە دەوری «فێنک»دا دامەزرا و تا دەوری سوڵتان سلێمانی قانوونی دەوامی کرد و لە دواییدا ئەمیش خرایە سەر ئیمارەتی جەزیرە.

ئیمارەتی خێزان[edit]

شەرەفنامە خانەدانێکی «خنس»ی بە موئەسیسی ئەم ئیمارەتە دائەنێ. لەم خانەدانە سێ برا «دڵ بەگ، بل بەگ، بلیج بەگ» لە «خێزان» و «موکس» و «ئەسبایرد»دا و ڕەنگە لە ئەواخیری دەوری سەلجووقیدا ئەم ئیمارەتەیان دامەزراندبێ. عەشیرەتی هەرە بەقووەتی ئەم قەزایە «نەمیران» بووە.

هەر سێ قۆڵی ئەم ئیمارەتە گەلێ دەوامی کردووە و لە دەوری عوسمانیشدا ماوە. لە وەختی نووسینی شەرەفنامەدا (١٠٠٥ هـ)، خێزان بە دەس میر حەسەن و موکس بە دەس میر ئەحمەدەوە بووە و بەشێکی ئەسبایردیش بۆ کوڕانی میر شەرەف هێڵرابووەوە.

دەرحەق بە ئەحواڵی دوایی ئەم ئیمارەتە هێشتا مەعلووماتێکی وا نییە.

ئیمارەتی شیروان[edit]

شەرەفنامە ئەڵێ لە وەقتی ئینقیڕازی حکوومەتی ئەیووبیەی سووریەدا (٦٢٦ هـ)، یەکێ لەو خانەدانە هاتبووە حەسەنکێف و لەوێ ئیمارەتی «مەلکان»ی دامەزراندبوو. باوک و باپیری ئومەرای شیروان، لە ئیمارەتی مەلکاندا وەزیفەی وەزارەتیان بوو، لە خانەدانی ئەیووبیی حەسەنکێف بوون. سێ برا لەمانە (عیززەددین، بەدرەددین، عیمادەددین) لە تاریخێکدا هاتوونە «کفرا» و بە یارمەتیی حکوومەتی ئەو ناوە لە کفرادا ئیمارەتێکیان دامەزراندووە.

لەم خانەدانە ئەووەڵ ئەمیر، میر حەسەن کوڕی ئیبراهیم بووە و ئەم ئەمیرە لە حاڵی حەیاتیدا ئیمارەتەکەی لە بەینی کوڕەکانیا بەش کردووە و هەموویان تابیعی ئەمیری کفرا بوون.

ئەم ئیمارەتە و قۆڵەکانی (شەبستان، ئیرۆن، ئویل، کفرا) لە ئەوائیلی دەوری عوسمانیشدا مابووە و لەو زەمانەشدا موددەتێک دەوامی کرد.

ئیمارەتی بتلیس[edit]

ساحێبی شەرەفنامە، چونکە خۆی لە نەتەوەی ئەم خانەدانی ئیمارەتە بوو، دەرحەق بەم ئیمارەتە گەلێ مەعلووماتی پەیا کردووە و نووسیویەتی.

شەرەفخان ئەسڵی ئەم خانەدانە ئەباتەوە سەر خانەدانی ساسانی؛ بەڵام دوقتۆر فریچ بە تەفسیلات و ئیزاحاتی شەرەفنامە بڕوا ناکا و ڕەنگە حەقیشی بێ؛ چونکە بەڕاستی بەعزێ وقووعات و ئەسمای تیایە کە ئەوەندە لەگەڵ تاریخی سەحیحدا یەک ناگرێت.

عەینی موستەشریق ئەڵێ: «بە گوێرەی مەعلووماتی سەحیحەی تاریخەوە ئەووەڵ حاکمی مەعلوومی بتلیس، مەلیک ئەشرەف بووە و لە پێش ئەمەدا کە ببێ بە ئەمیری بتلیس، لە مەعییەتی ئەیووبیی سووریەدا سەردار بووە. لە وەقتێکدا کە جەلالەددین خوارەزم شاهـ هاتۆتە ئەو ناوە، ئەم مەلیک ئەشرەفە حیمایەی کردووە و لە دواییدا لە سەر تەکلیفی موغول لە حدوودی خۆی کردوویەتیە دەرەوە».

لام وایە تەدقیقاتی دقتۆر فریچیش نوقسانە، چونکە بە گوێرەی تاریخی حکوومەتی ئەیووبی، هاتنی جەلالەددین خوارەزم شاهـ تەسادوفی زەمانی مەلیک ئەشرەفی کوڕی مەلیک عادڵی حاکمی سووریەی کردووە و حەتتا ئەم مەلیکە، بەرامبەر بە جەلالەددین لەگەڵ عەلائەددین کەیقوبادی سوڵتانی سەلجووقیی ڕۆمدا ئیتیفاقی کرد و لە قوماندای ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاریدا لەشکرێکی نارد و لە نزیک ئەرزنجان، جەلالەددین خواڕەزم شاهی شکاند (٦٢٧ هـ). جا کە وا بوو، ڕەنگە ئەووەڵ حاکمی بتلیس، ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاری بووبێ، کە سەردارێکی ئەیووبیی سووریە بوو.

لە دەوری تەیمووری لەنگدا ئەمیری بتلیس، حاجی شەرەف بەگ بوو و ئیتاعەی تەیمووری کرد و حورمەتێکی زۆری دی و «پاسین» و «مەلازگرد»یشی درایە؛ بەڵام لە دواییدا لە تەڕەف «ئیق سۆفی» وەکیلی تەیموورەوە حەپس کرا و لە ناو چوو. ئەمیر شەمسەددینی کوڕی لەگەڵ ئومەرای عەشیرەتی ڕۆژەکی چوونە ئێران. شەرەفنامە ئەڵێ لە دوای حاجی شەرەف بەگ، ئەمیر شەمسەددین بۆتە حاکم و لە زەمانی ئەم ئەمیرەدایە کە قەرە یۆسفی قەرەقۆیۆنلوو هاتۆتە بتلیس و دەخالەتی بە ئەمیر کردووە و کچەکەشی داوە بە ئەمیر و بە مەعاوەنەتی ئەم ئەمیرە، وردە وردە حکوومەتی قەرەقۆیۆنلووی سەرلەنوێ دامەزراندۆتەوە و بە فاسیلەیەکی کەم و زۆر تا ئەواسیتی عەسری نۆزدەمینی میلادی دەوامی کردووە. ئاخیر ئەمیری، شەرەف بەگ بووە و لە ١٨٤٦ م.دا حکوومەتی عوسمانی ئیمارەتەکەی لە دەس سەند.

لە حادیساتی موهیممەی ئەم ئیمارەتە، ئیلتیجای باوکی شەرەفخان بە ئێرانە و لە پاش بەینێکی تر شەرەفخان هاتۆتە بتلیس و لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە بە ئەمیری بتلیس ناسراوە.

لە ١٨٦٦ م.دا مەلیک ئەحمەد پاشای والیی وان، بە خۆڕایی شەڕی بە ئەمیر عەبداڵ خانی حاکمی بتلیس فرۆشت و بە لەشکرێکەوە کە بەشی زۆری کورد بوو، چووە سەری و مەجبووری هەڵاتنی کرد و ماڵ و موڵکی تاڵان کرد و ئیمارەتەکەی لە ناو برد.

ئیمارەتی ساسۆن[edit]

خانەدانی ئەم ئیمارەتە، نەتەوەی میر عیززەددینی برای حاکمی بتلیس (میر زیائەددین)ە، یەعنی لەگەڵ ئومەرای بتلیسدا ئامۆزا بوون. حەتتا بە ناوی میر عیززەددینەوە «عیززی»شیان پێ ئەگوت. ئەم عەشیرەتی ساسۆنە بە نەزەر عەشیرەتی «ڕۆژاکی» بتلیسەوە لە دەرەجەی دووەمدا بوو و چوار فیرقە بوو: شێرۆیی، بابوسی، سۆسانی، تەمووقی. لە دوای ئەمە کە «ئەرزەن»یش خرایە سەر ساسۆن، عەشیرەی خالدی، دێرمغاوی و عەزیزانیش کەوتە ژێر حوکمی ئومەرای ساسۆنەوە.

موئەسیسی ئەم ئیمارەتە بە گوێرەی شەرەفنامە میر ئەبوبەکرە و لە دەوری حکوومەتی ئاق قۆیۆنلوودا دامەزراوە. لە دواییدا میرانی ساسۆن حیمایەی شا ئیسماعیلیان قەبووڵ کردووە. لە دوای زەفەری چاڵدێران، مەحموود بەگی ئەمیری ساسۆن، تابیعیەتی عوسمانی قەبووڵ کرد و قەڵای ئرزنیشی درایە و لە سەر ئەم قەڵایە لەگەڵ مەلیک خەلیلی حەسەنکێفدا کەوتە هەراوە.

ئەم ئیمارەتەش وەکوو باقی ئیمارەتەکانی تر لە دەوری عوسمانیشدا گەلێ دەوامی کردووە.

ئیمارەتی سوەیدی[edit]

بە گوێرەی شەرەفنامە، ئومەرای ئەم خانەدانە نەتەوەی بەرمەکییە؛ بە ڕیوایەتێکی تر عەشیرەتی سوەیدی لە گوندی «سوەید»ەوە هاتوونە کوردستان و ئەم گوندەش دوو فرسەخێک لای ژوورووی مەدینەی مونەووەرە کەوتووە. ئەم ئیمارەتە، وەکوو قسەی لێ ئەکرێ، زۆر لە پێش حکوومەتی ئاق قۆیۆنلوودا دامەزراوە. پێنجەم ئەمیری ئەم ئیمارەتە، میر فەخرەددین بووە و براکەی چۆتە لای حوکمداری ئاق قۆیۆنلوو، حەسەن درێژ و «خان جوک» و «چپاقچور»ی دراوەتێ. ئەسڵی مەرکەزی ئیمارەت، کنج بوو.

لە دەوری شەرەفخاندا ئەمیری سوەیدی، سلێمان بەگ بووە و لە لای حکوومەتی عوسمانی زۆر بەقەدر بوو. ئەم ئیمارەتەش وەکوو ئەوانی تر، لە دەوری عوسمانیدا موددەتێک دەوامی کردووە ولە پاشدا لە ناو چووە.

ئیمارەتی پازووکی[edit]

عەشیرەتی پازووکی بە ڕیوایەتێک ئێرانی بووە و بە ڕیوایەتێکی تریش، ئومەرای ئەم حکوومەتە لە عەشیرەتی سوەیدی بوون و ئەم عەشیرەتە دوو بەش بوون: خالید بەکلوو، شوکر بەکلوو. مەنتیقەی حوکمی قۆڵی ئەووەڵ، خنس، مەلازگرد و ناحیەیەکی مووش بوو. بەشی دووەم تابیعی ئەمیرانی بتلیس بوون.

دەرحەق بە ئەحواڵی کۆنی ئەم ئیمارەتە، مەعلوومات نییە، تەنیا ناوی موئەسیسی قۆڵی ئەووەڵ، حسێن عەلی بەگ زانراوە. خالید بەگ شەهوار بەگ حەسەن عەلی بەگ، لە مەعییەتی شا ئیسماعیلدا کەسبی شۆرەتی کردووە و لەو حەربەدا دەسێکی بڕاوە و بە خالید بەگی یەک‌دەس ناسراوە و لە تەڕەف شاهەوە خنس و مەلازگرد و نەواحی ئوخکانی دراوەتێ، بەڵام لە دواییدا لە شاهـ عاسی بووە و ئیعلانی سەربەخۆیی کردووە. لە دواییدا چۆتە لای یاوز و زۆری پێنەچووە لەویش عاسی بووە و بە ئەمری یاوز کوژراوە.

نەتەوەی ئەم ئیمارەتەش گەلێ دەوامی کردووە و لە زەمانی قلیچ بەگدا بەشێکی عەشیرەتەکە چوونە ناو عەشیرەتی دومڵی و داخڵی تابیعییەتی عوسمانی بوون.

ئیمارەتی میردەسی (مێرداس)[edit]

بە گوێرەی شەرەفنامە، خانەدانی ئەم ئیمارەتە نەتەوەی عەباسییە. موئەسیسەکەی، پیر مەنسوور ناو شێخێک بووە، لە حەکارییەوە هاتۆتە قەڵای ئەگیل. لە دوای ئەو، پیر مووسای کوڕی بووە بە شێخ و لە دوای ئەویش، پیر بەدری کوڕی پیر مووسا لە نفووزی شێخیەتی خۆی ئیستیفادەی کردووە و قەڵای ئەگیلی داگیر کردوە. چونکە لە دواییدا عەشیرەتی مێرداس زۆر یارمەتیی ئەم خانەدانەی داوە، ئیمارەتەکەش بەو ناوەوە شۆرەتی سەندووە.

لە پاش بەینێک سەلجووقییەکان، قەڵاکەیان لە پیر بەدر سەندۆتەوە. پیر بەدریش چۆتە میافارقین و لە وەختی تەعەڕوزی لەشکری ئالب ئەرسەلان بۆ سەر ئەم شارە، پیر بەدر کوژراوە. لە پاش بەینێک، بولدوقی کوڕی، خانەدانی ئەگیلی دامەزراند و لەم خانەدانە، قۆڵی «پالو» و «چرموق»یشی لێ بۆوە و لە دوای دەوری شاهـ ئیسماعیل کەوتە دەس حکوومەتی عوسمانی و موددەتێک دەوامی کرد.

خانەدانی چەمشکەزەک[edit]

خانەدانی ئەم ئیمارەتە بە ڕیوایەتێک نەتەوەی عەباسی و بە ڕیوایەتێکی تر نەتەوەی سەلجووقییە. موئەسیسی مەعلوومی، مەلیک محەمەد و باوکیەتی. مەلیک شاهی کوڕی مەلیک مەحموود لە ٥٩٦ هـ.دا بۆ ئیستقلالی خۆی لەگەڵ سەلجووقییەکاندا کەوتۆتە شەڕەوە و لە ناو چووە و ئیمارەتەکەش کەوتۆتە دەس سەلجووقی. لە پاش بەینێک مەلیک محەمەدی کوڕی مەلیک شاهـ ئیمارەتەکە ئیحیا ئەکاتەوە و ٣٢ قەڵا و ١٦ ناحیە زەوت ئەکا.

عەشیرەتەکەی بە مەلەک‌شاهی مەشهوور بوو و لە ئێرانیشدا هەزار ماڵێکی هەبوو. دائیرەی حوکم و نفووزی ئەم عەشیرەتە ئەوەندە واسیع بووە کە عادەتەن تەعبیری چەمشکەزەک بۆتە عەلەم بۆ کوردستان.

ئەم ئیمارەتە لە دەوری موغول و تەیموور و قەرەقۆیۆنلوودا خۆی زۆر باش موحافەزە کرد، بەڵام لە دەوری ئاق قۆیۆنلوودا بەعزێ عەشایری تورک نێرراوەتە ناوی و پیر حسێنی ئەمیری، هەرچەندە ئەم عەشایرەی دەرکرد و ئیتاعەتی شاهـ ئیسماعیلی کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو و ڕیاسەتی ئەم ئیمارەتە کەوتە دەس ئومەرای قزڵباش. لە دوای بەینێک یاوز سوڵتان سەلیم، چەمشکەزەکی دایەوە بە ئەمیر پیر حسێن و ئەم ئەمیرە کە بە ئازایی و نەترسی، یاوزی حەیران کردبوو، هەڵیکوتایە سەر حاکمی قزڵباش، نوور عەلی و کوشتی و ئیمارەتەکەی سەندەوە.

لە دوای پیر حسێن، ئیمارەتەکە سێ قۆڵی «مجنگرد، پورتوق، سقمان»ی لێ بۆتەوە و تا ئەواسیتی دەوری عوسمانی دەوامی کردووە و بێجگە لە ڕوئەسای ئەم سێ خانەدانە، پێر حسێن بەگ، نۆ کوڕی تریشی بووە و هەر یەکە لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە مەنتیقەیەکیان بە موڵکایەتی دراوەتێ.