خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 05/1

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 1

5.1. کورد تا دەوری سەفەوی[edit]

حکووماتی تورکمانی ئاسیای غەربی، کە ڕەقیب و دوشمنی مەغۆلەکان بوون، لە دوای لەناوچوونی ئیلخانییەکان بەرەبەرە کوردستانیان خستە ژێر حوکمی خۆیان، حکوومەتی قەرەقۆیونلوو تا ناوەڕاستی کوردستان هات و عەشائیری کوردی تووشی شەڕ و دەعوایەکی سیاسی و مەزهەبی کرد و ئەم حاڵەش بووە سەبەبی جێ‌گۆڕینێکی زۆر بۆ ئەهالی. فیلحەقیقە لەم دەورەدا بوو کە کوردانی موکری، جنووبی بەحری ورمێ یەعنی وڵاتی سابڵاخیان داگیر کرد.

لە دوای لافاوی موسیبەتی مەغۆل و لە پێش ئەمەدا کە وڵاتانی ئیسلام بتوانن زایەعاتی ماڵ و ڕۆحی خۆیان کەمێ زۆر تەلافی بکەن، بەڵای تەیمووری لەنگ ڕووی تێکردن. ئەم سەردارە زاڵمە لە دوای ئەمە کە لە ئەسفەهاندا لە حەفتاهەزار سەربڕوای مەزڵوومین ئەهرامێکی وەحشەتی دروست کرد و لە دوای ئەمە کە لە گوزەرگاهی خۆیدا لافاوی خوێنی هەڵساند و سوڵتان ئەحمەدی جەلایریی لە بەغدا دەرپەڕاند، بۆ فەتحی قەفقاسیا بە سەر کوردستاندا ڕابورد، دیاربەکر و جەزیرەی ئیبنی عومەری زەوت و تەخریب کرد و دەهشەتێکی بێ‌مانەندی خستە ئەو ناوە و وڵاتی کوردستانی زۆر تەنگەتاو کرد. ئەهالی لە ترسانا خۆیان کێشابووە کەژ و کێو. ئەووەڵەن ئەمیری حەکاری لە قەڵای واندا موحاسەرە کرد و قەڵا و ڕێگەکانی تریشی تەزییق کرد و هەمووی زەوت کردن.

لە سەفەری ٧٩٦ی هیجریدا لە دوای زەبت و تەخریبی بەغدا و تکریت، بە سەر مووسڵدا ڕووی کردە کوردستان و ئومەرای کورد، وەکوو حاکمی هەولێر «عەلی» و حاکمی جەزیرە «ئەمیر عیززەدین کوردی» و حاکمی حەسەنکێف «ئەمیر سولەیمان» و حاکمی ماردین «تاهیرەددین» لەگەڵ حاکمی مووسڵ و ئەرزندا بە ئومێدی موحافەزەکردنی وڵاتەکەیان چوون بە پیریەوە و عەرزی ئیتاعەتیان کرد و بەم تەرحە خۆیان لە شەڕ پاراست و تەیموور لەوێوە ڕووی کردە حەلەب و جەلالەددینی میر ئینشاهی کوڕی بە سەر کوردستانەوە بەجێ هێشت. ئەم شازادەیە لە سەر شوێنی باوکی ڕۆیشت و زوڵم و کوشتارێکی زۆری کرد، باخسووس لە حەسەنکێف و دیاربەکر و تۆرعابدیندا قەتڵ و عامێکی زۆر وەحشیانەی کرد. ئەم زوڵم و خوێن‌ڕشتنە ئەهالی لە ڕۆحی خۆی بێزار کرد و ناچار عوسیانیان کرد. ئەمیر عیززەدینی جەزیرە یەکێ لە ئومەرای عاسییەکان بوو. وەلحاڵ لە سەفەری ئەووەڵی تەیمووردا گەلێ ئەلتافی لە تەیموور دیبوو، بەڵام لە زوڵمی توورانشاە بێزار بوو و لە ئیتاعەت چووە دەرەوە. تەیموور کە ئەمەی بیست، زۆر ڕقی هەڵسا و لە سەفەری دووەمیدا (١٤٠١ی میلادی) بۆ ئینتیقام ڕووی کردە کوردستان و هەرچی ئاوەدانییەک کەوتە بەر دەسی، وێرانی کرد و کوشتارێکی خوێنخۆرانەی تیا کرد، لە هەولێر و مووسڵ و جەزیرەدا عادەتەن زیڕۆحی نەهێشت. ساحێبی تاریخی مووسڵ ئەڵێ: هەر تەنیا دێیەک کە ناوی «ئەربو» بوو و لە تەوابعی جەزیرە بوو، بە واسیتەی قەشەکەیانەوە خەلاس بوون (تاریخی مووسڵ، لاپەڕە ٢٥٣).

ئەمیر شەرەفەددینی بتلیسی بۆ ئەمەی کە وڵاتەکە و هاووڵاتەکانی لە شەڕی تەیمووری لەنگ ڕزگار بکا، چووبووە لای و لە بەینی دیاربەکر و مووشدا تووشی بوو، تەیموور زۆر حورمەت و عیززەتی گرت و لە بەر خاتری چاکی ئەخلاق و شۆرەتی عەداڵەتی کە لە بەینی کوردایەتیدا هەیبوو، لە جێگەی خۆیا هێشتیەوە.

ئۆردووی تەیموور لەم گەڕانەوەیا لە بەغداوە بۆ تەورێز (ساڵی ٨٠٣ی هیجری) لە ڕێگە تووشی تەعەڕوزی کوردەکان بوو. لە دوای مردنی تەیموور (١٤٠٥ی میلادی)، قەرەیوسف ئەمیری قەرەقۆیونلوو کە لە ترسی تەیموور فیراری کردبو، گەڕایەوە کوردستان و ئیلتیجای کردە ئەمیر شەمسەددینی بتلیسی و کچەکەی خۆی لێ مارە کرد و بە یارمەتیی ئەو سەرلەنوێ حکوومەتێکی دامەزراند و لە ساڵی ٨٢٠ی هیجریدا ئیمارەتی بتلیسی ڕەسمەن قەبووڵ و تەسدیق کرد.

لە ساڵی ٨٢٤ی هیجریدا کە شاهڕوخ میرزای کوڕی تەیمووری لەنگ گەیشتە ئەرمینییە، ئەمیر شەمسەددینی بتلیسی و مەلیک محەمەدی حاکمی حەکاری و مەلیک خەلیلی حاکمی حەسەنکێف، لەگەڵ ئەمیری خێزان و بەعزێ ئومەرای کوردی تر، چوونە لای و ئاشتی و ئیخلاسی خۆیان عەرز کرد. کوردانی وڵاتی «خۆی»یش بەم تەرحە حەرەکەتیان کرد و خۆیان لە شەڕ و زەرەری تەیموورزادە پاراست.

حکوومەتی بایندۆری کە «ئاق قۆیۆنلوو»شیان پێ ئەگوت، لە دوای ئەمە کە حکوومەتی قەرەقۆیونلووی لە ناو برد، لە دیاربەکردا بە تەواوی دامەزرا و لەگەڵ ملووک و ئومەرای کورددا دەسی کرد بە شەڕ و هەرا، فیکری ئەم حکوومەتە بەرەبەرە لەناوبردنی حکوومات و ئیماراتی کورد بوو (شەرەفنامە؛ استیلای خانزادهای کوردستان)، بۆ تەتبیقی ئەم سیاسەتەی، تەرەفداریی ئومەرای کوردی بۆ خانەدانی قەرەقۆیونلووی کردبوو بە بەهانە. وەلحاڵ ئەمە خیلافی واقیع بوو و بە سەبەبی ئیختیلافی مەزهەبەوە بەینی کورد و قەرەقۆیونلوو زۆر خراپ بوو و دائیمەن لە شەڕ و دەعوادا بوون. «حەسەنە درێژ»یش بۆ بەجێ‌هێنانی ئەم فیکرە خراپەی، وەکوو مستەولییە غەریبەکانی تر حەرەکەتی کرد، یەعنی ئیستیفادەی لە نیفاق و تەفرەقەی بەینی کورد کرد، لای بەعزێکی گرت و کردنی بە گژ ئەوانی تردا، یەعنی بە قووەتی کورد دەسی کرد بە لەناوبردنی حکووماتی کورد؛ بەڕاستی جێگەی ئەسەفە کە ئەم قووەتە بڵاوەی کورد، بە سەبەبی جەهل و نیفاقی، تەمێ‌خواردوو نەبووبوو و نەیزانی کە لە بەڵا و موسیبەتی ڕابوردووی عیبرەت وەربگرێ و بەرامبەر بەم قووەتە زەعیف و غەریبە ئیتحادێ بکا، بەڵکوو بە تەواوی عەکسی ئەمە، بوو بە ئالەتێکی وشک و موتیع بە دەس حەسەنە درێژەوە. واقیعەن ئەبینین کە عەشائیری «چەمشکەزەک» بە ئیشارەتی مەلیکی ئاق قۆیونلوو چوو بە گژ دراوسێکانیا کە هاوقەومی بوون. قۆماندانی حەسەنە درێژ کە سۆفی خەلیل و عەرەبشاه ناوێک بوون، بە یارمەتیی ئەم عەشائیری کوردەوە چوون بە گژ عەشائیری «دوملی»ی «بۆتان»دا و حەکارییان زەوت کرد و هەر بەم تەرحە وڵاتی جەزیرەش لە ٨٧٥ی هیجری (١٤٧٠ی میلادی)دا دەس ئاق قۆیونلوو کەوت و بە گوێرەی شەرەفنامە، «سولەیمان بیژەن» ناوێک کە قۆماندانی حەسەنە درێژ بوو، بتلیسی لە ئەمیر ئیبراهیم خان وەرگرت و نەفسی ئەم ئەمیرە بەدبەختەش لە دواییدا لە تەڕەف کوڕی حەسەنە درێژ، یەعقووبەوە کوژرا (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢).

5.2. لە دەوری سەفەوی و ئەوەڵی حکوومەتی عوسمانیدا[edit]

شاهـ ئیسماعیلی سەفەوی ئەم خانەدانی سەفەوییە، نەتەوەی شێخ سەفیەددینی ئەردەوێڵ (ئەردەبیل)ین. ئەم شێخە زاهیدێکی شیعی بوو و خۆی بە نەتەوەی ئیمامی حەوتەم (مووسا کازم) دانابوو. «عەلی»، «ئیبراهیم» و «جونەید» ناو سێ کوڕی هەبوو، ئەمانە بە زوهد و میللەت‌پەروەردیی خۆیان شۆرەتی عائیلەیان بەرز کردەوە. شێخ جونەید لە هەموویان زیاتر شۆرەتی بوو، لە بەر ئەوە لە تەڕەف جیهانشاهی قەرەقۆیونلووەوە تەهدید کرا و ڕای کردە دیاربەکر و لای حەسەنە درێژ و لەوێ کچی حەسەنە درێژی لە حەیدەری کوڕی مارە کرد و شاه ئیسماعیل سەمەرەی ئەم ئیزدیواجەیە.

[بۆ ئەم ژێرنووسە تکایە ڕوونکردنەوەی محەمەد جەمیل ڕۆژبەیانی لە سەرەتای کتێبەکەدا بخوێننەوە.] ، لە ئەووەڵ شەڕەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئاق قۆیونلوودا تەڕەفی ئەرمینییەی دەس کەوت. لە ٩٠٨ی هیجریدا لە نزیک هەمەدان لەگەڵ سوڵتان مورادی ئاق قۆیۆنلوودا شەڕێکی گەورەی کرد و عێراقی عەجەم، خووزستان و فارسستانی یەک لە دوای یەک زەوت کرد. لە ٩٠٩ی هیجریدا لەشکری کردە سەر سارم‌بەگ و نەواحیی ورمێ و شنۆی تاڵان کرد و کوشتارێکی زۆری تیا کرد. ساڵی دوایی، ڕووی کردە کوردستانی مەرکەزی و لە نزیک «ئەلبستان» عەلائوددەولەی زولقەدرییەی شکاند و گەڕایەوە سەر دیاربەکر و گرتی (تاریخ عالم‌آرا).

موعامەلەی شاهـ ئیسماعیل دەرحەق کورد وەکوو موعامەلەی ئاق قۆیونلووەکان زۆر زاڵمانە بوو، چونکە کورد سوننی بوو، قەت ئەمنییەتی پێ نەئەکردن و ئەمنییەتی هەر بە تورکمانەکان بوو؛ چونکە ڕافزی و موفریت بوون، لە هەموو فرسەتێکدا سەعی بۆ ئەزیەتدان و فەوتانی کوردیان ئەکرد. لەم جوملەیە لە وەقتێکدا کە هاتبووە خۆی، یانزە کەس لە ئومەرای کورد چوونە لای و عەرزی ئیتاعەتیان کرد، وەلحاڵ خیلافی ئومێدیان گرتنی و حەپسی کردن و لە جێگەی ئەوان، والیی قزڵباشی تەعیین کرد.

یەکێ لەم ئومەرا مەزڵوومانە مەلیک خەلیلی حاکمی حەسەنکێف بوو کە مێردی خوشکی شاهـ ئیسماعیل بوو. سێ ساڵ لە مەحبووسخانەی تەورێزدا مایەوە و ئینجا لە دوای شکانی شاهـ ئیسماعیل لە چاڵدێران نەجاتی بوو. شکانی شاهـ ئیسماعیل لە چاڵدێراندا (٩٢٠ی هیجری/ ١٥١٤ی میلادی) نفووز و شەوکەتی حکوومەتی سەفەوییەی زۆر کەم کرد و بەعزێ غەلبەی ئەحفادی شاە ئیسماعیل نەگەیشتنە دەرەجەکی وا کە ئەو نفووزە شکاوە تەعمیر بکاتەوە و غەربی شاخانی زاغرۆس بچێ.

سیاسەتی کوردستانی شاهـ ئیسماعیلیش وەکوو حکوومەتەکانی پێشووی، عیبارەت بوو لە لەناوبردنی حکوومات و ئیماراتی کورد و لە جێگەی ئەوە دامەزراندنی نفووز و قووەتی والیانی قزڵباش. ئەم موعامەلەیەش بە تەواوی عەکسی ئەو سیاسەتی عوسمانییە بوو کە بە واسیتەی فازڵی مەشهوور، ئیدریسی بتلیسی بە سەر کوردستاندا تەتبیق کرا و هەدەفیشی عیبارەت لە بڕێ ئیجاد و تەعمیمکردنی ئوسوولێکی باش بوو و حکوومەتی عوسمانی بە واسیتەی دامەزراندنی بەعزێ حکووماتی مەحەللییەوە قەومی کوردی بە تەواوی لە خۆی ڕازی کرد.

یاوز سوڵتان سەلیم لە سەفەری چاڵدێراندا لە ئۆردووگای ئاماسییەوە چەند جارێک مەولانا ئیدریسی بتلیسی ناردە کوردستان، بۆ خاتری ئەمە کە عەشائیر و ڕوئەسای کورد لە عەلەیهی شیعەکان و شاە ئیسماعیل تەشویق بکا. واقیعەن ئیرشادات و تەحەڕڕوکاتی مەولانا ئیدریس تەئسیرێکی زۆر گەورەی بوو و لە دوای موحارەبەی چاڵدێران لە داخڵی کوردستاندا لە هەموو لایەکەوە عوسیان و ئیختلال دەسی پێکرد.

ئەهالیی دیاربەکر قائمقامی کوڕی ئوستاجلی، حاکمی کوردستانیان دەرکرد و ئیتاعەتی حکوومەتی عوسمانییان کرد. لەم وەقتەدا «شەریف بەگ»يش لە بتلیسدا بەیداخی عوسمانی هەڵدا و خالید بەگی برای کە حاکمی عەجەم بوو دەرکرد.

مەلیک خەلیلی حاکمی ئیرسیی «حەسەنکێف» و «سعرد»یش کە لە نەتەوەی خانەدانی ئەیووبی بوو، لە عەلەیهی شاهـ ئیسماعیل عوسیانی کرد، بەڵام لە تەڕەف شاه ئیسماعیلەوە گیرابوو و موڵکەکەی درابوو بە «قەرەخان»ی برای، (ئوستاجلی‌زادە). واقیعەن قەرەخان سعردی زەوت کرد و چەند دەفعەیەکیش تەعەڕوزی کردە حەسەنکێف بەڵام موەفەق نەبوو.

ئەمیری ساسۆن، محەمەد بەگ، موڵکی «هەرزن»ی لە ئومەرای سواری شاهـ ئیسماعیل زەوت کرد. سەید ئەحمەد بەگی زەرقی، بە یارییەی دیاربەکرییەکانەوە «ئاتاق» و «میافارقین» و قاسم بەگیش «ئەکیل»ی داگیر کرد. مەردیسی جەمشید بەگیش «پاڵو»ی بە ناوی سوڵتان سەلیمەوە وەرگرت. بەختی بەگ، قۆماندانی جەزیرەی ئیبنی عومەر، عەسکەری ئێرانیی ئەو ناوەی دەرپەڕاند. ئەمیری سۆران، سەید بەگ، کەرکووک و هەولێری داگیر کرد. خولاسە بێجگە لەمانە، شانزە ئەمیری کوردی تریش تەڕەفداریی [خۆیان لە] سوڵتان سلێمان ئیعلان کردبوو.

یاوز سوڵتان سەلیم، بەرامبەر بەم وەزعیەتە دیسانەوە مەولانا ئیدریسی مەئموور کرد تا لە قەراغ بەحری ورمێوە تا مەڵاتیە هەموو وڵاتانی کوردستان بە ناوی «یاوز سوڵتان سەلیم»ەوە تەئمین بکا.

شاهـ ئیسماعیل لە دوای حەرەکەتی یاوز لە تەورێز، هاتەوە پایتەخت و قەرەخانی بە قووەتێکەوە ناردە سەر دیاربەکر. قەرەخان، بە سەر چیاقچوردا ڕۆی و قوای موعاونەی ماردین و ڕەها و حەسەنێکفیشی خستە مەعییەتی خۆیەوە و هاتە سەر دیاربەکر و موحاسەرەی کرد. ئەهالیی دیاربەکر، ئازایانە مودافەعەیان کرد و پیاویان نارد بۆ ئوماسییە و لە سوڵتان سەلیم ئیمدادیان تەڵەب کرد. یاوز، لە قۆماندای حاجی یەکتادا بەعزێ قووەتی بۆ ناردن و ئەم قووەتە خەتی موحاسەرەی دڕی و چووە ناو شارەوە.

شاهـ ئیسماعیل بەعزێ قووەتی تری بۆ قەرەخان نارد و ئەم قووەتە لە دەوری ئەرجیشدا لە گردبوونەوەدا بوو. لەو وەقتەدا مەولانا ئیدریسی بتلیسیش قووەتی بڵاوەی بتلیس و خێزان و مەکس و ساسۆنی کۆ کردەوە و شەبیخوونی بە سەر قووەتی عەجەمی ئەرجیشیدا دا و تەفروتوونای کردن.

موحاسەرەی دیاربەکر لە ساڵێ زیاتر دەوامی بوو، کوردانی مودافیعینی شار لە شەڕ و نەخۆشیؤ پانزەهەزار کەسێکیان لێ فەوتابوو. بەڵام ئەم قەهرەمانانە کە چواردە ساڵ بوو موتەمادی لە شەڕ و دەعوادا بوون، تا دوایی، قەراری مودافەعەیان دابوو.

مەولانا ئیدریس کە هاتە حەسەنکێف، لە یاوز سوڵتان سەلیمەوە کاغەزێکی وەرگرت، لەم کاغەزەدا نووسرابوو کە «بیقیلی محەمەد» لەگەڵ لەشکرێک بە ئیمدادی دیاربەکرەوە نێرراوە. مەولانا ئەم خەبەرەی لە کاغەزێک نووسی و بە باڵی کۆترێکیەوەی بەست و گەیاندیە مەحسوورین. سوڵتان سەلیم لە کاغەزەکەیدا ئەمری کردبوو کە ئومەرای کورد ئیتیحاد بکەن. مەولانا هەموویانی کۆ کردەوە و ئیرادەی تەبلیغ کردن و بۆ محەمەد پاشاشی نووسی کە لە حەسەنکێف یەکدگیر بن و واقیعەن مەولانا لەگەڵ لەشکری قاسم، جەمشید و حسێن بەگدا یەکدگیر بوون و ڕوویان کردە قووەتی قورد بەگ و شکاندیان و لە دواییدا ڕوویان کردە دیاربەکر. قەرەخان نەیوێرا لە دەوری دیاربەکر ڕاوەستێ، زوو شارەکەی بەجێ هێشت و بە لەشکرەکەیەوە چووە ماردین، ئەوەندەی پێ نەچوو لەشکری مەولانا بیقلیی محەمەد پاشا گەیشتە دیاربەکر و داخڵی بوون.

لە دوای خەلاسکردنی دیاربەکر، لە سەر تەوسیەی مەلانا ئیدریس قەراری چوونە سەر ماردین درا، مەولانا ئیحزارنامەیەکی نووسی بۆ ئەهالیی ماردین و ئەم موستەنەدە بە ئایەتێکی قورئان بوو تەئسیری کردە خەڵکەکە و سەید عەلییان بۆ شەفاعەت نارد. سەید عەلی لە دوای موزاکەرە لەگەڵ مەلیک خەلیل و مەولانادا گەڕایەوە. قەرار وا بوو کە قاپیی شاریان بۆ بکەنەوە و موحافزەکانی عەجەم تەسلیم کەن. زاتەن قەرەخان بە لەشکرەکەیەوە چوو بۆ تەڕەفی سنجار. نیهایەت مەولانا و مەلیک خەلیل لەگەڵ قووەتێکی کورد چوون و شاریان تەسلیم وەرگرت. بەڵام موحافزەکانی چووبوونە قەڵاکەوە و تەسلیم نەبوون. ئەم قەڵایە زۆر مەحکەم و سەخت بوو، دوو جار تەیمووری لەنگ موحاسەرەی کردبوو و بۆی نەگیرابوو.

لە دوای گەڕانەوەی شادی پاشا، لە پێش زەوتی ماردین، مەولانا ئیدریس کاغەزێکی بۆ سوڵتان سەلیم نووسی و تەڵەبی ئیمدادی کرد. لە سەر ئەمە، یاوز، خەسرەو پاشای بە قووەتێکەوە نارد (لە بەهاری ١٥١٦ی میلادیدا)، لەشکری خەسرەو پاشا بیست هەزار کەسێ بوو.

قەرەخان لە ئیختلافی بەینی بیقیلی محەمەد پاشا و شادی پاشا، ئیستیفادەی کرد و محافەزەی قەڵای ماردینی تەقویەت کرد. لە عەساکری خاسسەی شاە، ٦٠٠ قۆرچی لەگەڵ ئەمیری هەمەدان و گوڵشەهردا ڕوویان کردبووە سنجار، لەوێ تووشی ئەبولـمەواهیب چەلەبی کوڕی مەولانا ئیدریس و ئەمیری جەزیرە بوون. لە دوای شەڕێکی سووک ئەبولـمەواهیب و لەشکری، خۆیان نەجات دا. ئەم قۆڵی عەجەمە خۆی گەیاندە ماردین. قەڵای ماردین و حەسەنکێف هێشتا بە دەس عەجەمەکانەوە بوو.

خەسرەو پاشا و بیقیلی محەمەد پاشا، یەکدگیر بوون و مەولانا دەسبەجێ تەعەڕوزکردنی مناسب بینی. محەمەد پاشا وای نەکرد، بەڵکوو چوارهەزار کەسێکی لەگەڵ حاکمی خەرپوت، حەسەن بەگدا نارد بۆ ئیستکشاف و ئەم قووەتە تووشی تەعەڕوزی عەجەم بوو و بە هەزار حاڵ هەزار کەسێکی نەجاتی بوو.

ئۆردووی بیقیلی محەمەد پاشا و قەرەخان لە نزیک «قۆچ حەسار» تووشی یەک بوون. خەسرەو پاشا لە دەستە ڕاست و مەولانا ئیدریس لەگەڵ مەلیک خەلیلی ئەیووبی، محەمەد بەگی ساسۆن، ئومەرای شروانات، قاسم بەگی ئەگیلی، شەرەف بەگی بتلیسی، داود بەگی نەمرانی، ئەحمەد بەگی زرقی، شاە وەلەد بەگی سلێمانی لەگەڵ چوارهەزار کەسێکدا لە دەستە چەپ و بیقیلی محەمەد پاشا لە مەرکەزدا بوو. موحارەبەیەکی بە شیددەت ڕووی دا، قەرەخان زوو بە گوللەوە بوو و تەشویقاتی مەولانا هجوومی ئومەرای کوردی تەشدید کرد و عەجەمەکانیان تا نزیک ماردین ڕاونا.

لە نەتیجەی ئەم غەلبەیەدا ئەرغەنی، سنجار، چەرمیک و بیرەجک کەوتە دەس عوسمانی. شاری ماردین دیسانەوە تەسلیمی ئۆردووی غالب بوو، بەڵام قەڵاکە هەر مایەوە و تەسلیم نەبوو. قۆماندانەکەیان سلێمان خانی برای قەرە خان بوو. ئەم قەڵایە لە تەڕەف خەسرەو پاشاوە ساڵێک موحاسەرە کرا فائیدەی نەبوو، نیهایەت لە دوای شەڕی سووریە، یاوز بیقیلی محەمەد پاشای لەگەڵ تۆپی گەورە و لەشکرێک ناردە سەری و زەوت کرا. حەسەنکێف، ڕەها، ڕەققە و مووسڵیش پەی دەر پەی لە تەڕەف محەمەد پاشاوە داگیر کرا.

لە دوای زەبتی ئەم قەڵا مەحکەمانە وڵاتان و شارانی تری ئەو ناوەش ئیتاعەتی عوسمانییان کرد. عەشائیری کوردی ڕۆشنی، حەریری، سنجاری، ئوستاجلی، جەزیرەوی و عەشائیری عەرەبیش یەکەیەکە داخڵی ئیتاعەت بوون.

خولاسە، ئەم وڵاتانی کوردستانە بە هیممەت و دیرایەت و سیاسەتی مەولانا ئیدریس و بە جورئەت و جەسارەتی محەمەد پاشاوە بەم تەرحە بۆ عوسمانی ساغ بووەوە. مەولانا ئیدریس لە پاش ئەمە دەسی کرد بە تەشکیلاتی ئیدارییە و ڕێکخستنی کاروباری ئەم وڵاتانە و ئیجرائات و تەدابیری لە تەڕەف سوڵتان سەلیمەوە مناسب بینرا و فەرمانی بۆ هات. بۆ حکوومەتانی ئیرسییە حەڤدە بەییاخ و ٥٠٠ تاقم سورمە و بۆ خۆشی بیست و پێنج هەزار ئاڵتوونی دوقەی بۆ هات. ئەم تەعەهوداتە کە لەو مەولانا ئیدریسەوە بە ناوی یاوز سوڵتان سەلیم لەگەڵ ئومەرای کورددا کرا، بە تەخمینی ئەم چەند مادەیەی تیا بوو:

١. ئیستقلالی ئیمارەتەکانی کورد مەحفووز بێ.

٢. مەقامی ئیمارەت لە باوکەوە بۆ ئەولاد ئەمێنێ، وەیا بە گوێرەی ئوسوولی مەحەللی تەنزیم ئەکرێ، سوڵتان بە فەرمانێک تەعیینی خەلەف تەسدیق ئەکا.

٣. کورد لە هەموو شەڕێکدا یارمەتیی تورک ئەدا.

٤. بەرامبەر بە تەعەڕوزاتی خارجی، تورک موعاوەنەتی کورد ئەکا.

٥. کورد ڕسوومی شەرعییە بە بەیتولماڵی خەلیفە ئەدا.

ئەم تەعەهودنامەی بەینی سوڵتان و حکووماتی تابیعەی کورد لە ٩٢٠ی هیجری (١٥١٤ی میلادی)دا تەسبیت کراوە، بەڵام لە دوای پانزە ساڵێک حکوومەتی عوسمانی عەکسی تەعەهود وردەوردە دەسی کرد بە لەناوبردنی ئەم ئیمارەتانە و تا ساڵی ١٨٥٠ی میلادی دوایی هات.

مەولانا بۆ تەسهیلی ئیدارە، دیاربەکری بە چەند سنجاغێک تەقسیم کرد و ئەم ئوسوولە باشە لە دواییدا تەتبیق بە ڕەها و مووسڵیش کرا. خسووسیەتی ئەحواڵی ئەم مەملەکەتە و فکری سەربەخۆیی ڕوئەسای عەشائیری، ئازادەسەریی خەڵکەی و مەیلی شەڕ و شۆری دائیمییان موساعەدەی ئیدارەیەکی حکوومەتی ڕاستەو ڕاست نەبوو. چونکە مەولانا بە ئەزیەتێکی زۆر و بە سەعیەکی بەتوول ئەم وڵاتانەی بە ناوی عوسمانییەوە دەس خستبوو، دەیویست بە حوسنی تەدبیر و موعامەلەیەکی باش ڕەبتی حکوومەتی بکا و ئەمەش موحتاجی تەتبیقی ئوسوولێکی جوێ لە وڵاتانی تری عوسمانی بوو.

سوڵتان سەلیم لەم خسووسەوە زۆر ئەمنییەتی بە مەولانا بوو و حەتا زۆر فەرمانی خاڵی بۆ نارد کە بە ئارەزووی خۆی پڕی بکاتەوە و بە هەر کەسێ ئارەزوو ئەکا بیدا . وڵاتی دیاربەکری کردبوو بە نۆزدە سنجاق، یانزەیان وەکوو تەشکیلاتی ئەنازول ڕاستەو ڕاست لە ئیدارەی تورکا ئەبوو، هەشتیشی بە سووڕەتێکی عەلاحیدە لە ژێر ئیدارەی کورد ئەما، ئەمانەش: سامغان، قوالب، مەهرانیە، تارجیل، ئاتاق، پەرتەک، چیاقچور، چرمیک بوو. ئیدارەی ئەم سنجاقانە بە دەس ئومەرای کوردەوە واریسی بوو، یەعنی لە باوکەوە بۆ ئەولاد ئەما. بێجگە لەمانەش پێنج حکومەتی تابعەی تیا تەشکیل کرا و ئەمانەش: حکوومەتی ئەگیل، حکوومەتی پاڵو، حکوومەتی جەزیرەی ئیبنی عومەر، خازو، کنج بوو. بە گوێرەی «جیهان‌نما» لە دواییدا حکوومەتی خاپوور و ئەلشگەردیش عەلاوە کراوە و ئەم حاکمە تابعانە ڕوتبەی میری میرانیان بووە و لە ئیدارەی خۆیانا بە تەواوی سەربەخۆ بوون (شەرەفنامە، ئەولیا چەلەبی، موئەززن‌زادە، هاممەر).

ئەم نەوعە تەشکیلاتە هەر مەخسووسی دیاربەکر نەبوو، لە وڵاتانی تری کوردستانیشدا تەتبیق کرا. وەکوو ئەبینرا لە وڵاتی «وان»یشدا ٣٧ سنجاق و چوار حکوومەتی تابعەی کورد تەشکیل کرابوو:

١. حکوومەتی حەکاری، قووەتی دائیمەی ١٠٠٠٠ تفەنگچی بوو و لە وەقتی شەڕدا چل پەنجا هەزار تفەنگچی دەرئەهێنا.

٢. حکوومەتی بتلیس: لە خسووسی قووەتەوە وەکوو حەکاری بوو.

٣. حکوومەتی مەحموودی: لە شەرقی وان بوو و نزیک سەد و بیست عێلێکی هەبوو، دائیمی، شەش هەزار سواری بوو.

٤. حکوومەتی بنیانش: دراوسێی حکوومەتی مەحموودی بوو و شەش هەزار عەسکەرێکی بوو.

ئەولیا چەلەبی بێجگە لەمانە باسی پێنج حکوومەتی تریش ئەکا کە لە زەمانی ئەودا تابعی وڵاتی تەورێز بوون. ئەم حکوومەتانە «قەتور، پیرەدۆزی، جولانی، دوم‌دومی، دونبوڵی» بوو. (جڵدی ٤، لاپەڕە ١٧٨)

ئەم نەوعە تەشکیلاتە کە ئەسەری دەها و سیاسەتی مەولانا ئیدریس بوو، بەڕاستی زۆر موافقی ئیحتیاجات و ئیجابیاتی مەحەللی بوو، وڵاتێکی وەکوو کوردستان سەخت و ئەهالییەکی وا شەڕکەر و ئیختلال‌جوو بە نەوعێکی تر ئیدارە نەئەکرا و ناکرێ و بەم تەرحە ئەو ٤٦ ئیمارەتی کوردانە کە لە پێش دەوری یاوزدا لە کوردستاندا هەبوو، بەشی موهیممی بە سووڕەتێکی ڕەسمی و قانوونی هێڵرایەوە.

مەولانا ئیدریس لە دوای تەواوکردنی تەشکیلات بە دەسی خۆی و بە ناوی سوڵتان سەلیمەوە، بە حاکمان و ئومەرای کورد تەپڵ و بەیداخی دا کە ئەمانە عەلامەتی ڕەسمییەی ئیمارەت بوو. مەلیک خەلیلی ئاخیر حەفیدی سوڵتان سەلاحەددینیش لە ناو ئەم ئەمیرانەدا بوو.

سوڵتان سەلیم، مەولانای بە سووڕەتێکی لایق تەلتیف کرد و حورمەت و ئیعتبارێکی زۆری گرت و حەتا لە دوایی سەفەری ئێرانیشدا لەگەڵ خۆی بردی و لە سەفەری میسریشدا لەگەڵی بوو. بەم تەرحە موزاکەرات و مەساعیی ماهیرانەی مەولانا مەملەکەتێکی زۆر سەخت و عاسی، تەقریبەن بێ شەڕ و شۆر و بە ئارەزوو و ئیختیاری خەڵکەکەی بۆ حکوومەتی عوسمانی تەئمین کرد. ئەم حادیسەیە، لە تاریخدا موستەسنایە، چونکە ئەم وڵاتە لە دەوری ئاسوورییەکانەوە تا ئەو ڕۆژە بەرامبەر بە هەموو فاتحێک وێستابوو و هیچ وەقتێ بە تەواوی دەس کەس نەکەوتبوو. ئاسوور، ئێران، پارت، ڕۆما و یۆنان قووەتی هەرە باشیان لەم وڵاتانەدا توابووەوە و لەگەڵ ئەمەشدا وەکوو مەولانا ئیدریس بۆ سوڵتان سەلیمی ساغ کردەوە، بۆ هیچیان ساغ نەبووبوەوە.

لە دوای وەفاتی شاە ئیسماعیل سەفەوی، حاکمی کەڵهوڕ و ئەمیری عەشیرەتی موسڵەوی کورد، زولفەقار خان بە لەشکرێکی مناسبەوە ڕووی کردە بەغدا. لەو سرەیەدا حاکمی بەغدا، ئیبراهیم سوڵتان بوو؛ کوتایە سەر ئیبراهیم سوڵتان و کوشتی؛ لە دوای ئەو کەسی دی نەیوێرا بەرامبەری بوەستێ و بەم تەرحە بەغدا بە ناوی ئەوەوە ئیدارەی کرد. بەم تەرحە بەغدا بێ شەڕ داخڵی موڵکی عوسمانی بوو.

ئەمیر زولفەقار ئەوەندەی کە ئازا و سەردارێکی بەنفووز بوو، لە ئومووری ئیدارەشدا شارەزا بوو و گەلێ خدمەتی بەغدای کرد. بەڵام حکوومەتی ئێران دەسی لێ هەڵنەگرت و شاە تەهماسب بە ئۆردوویەکەوە لە ساڵی ٩٣٦ی هیجریدا هاتە سەر بەغدا و موددەتێک موحاسەرە و تەزییقی کرد، بەڵام زەفەری پێ نەبرد و لە دواییدا ڕێگەی حیلەی گرتە پێش و بە دزییەوە براکانی زولفەقار خانی، کە عەلی بەگ و ئەحمەد بەگ بوون، تەفرە دا و ئەم برا خائین و بێ‌عەقڵانە لە وەقتی نووستنا بە غەفڵەت خانیان کوشت و قاپیی شارەکەیان بۆ شاە کردەوە. لە نەتیجەدا خۆشیان هیچیان لە شاە نەدی و شارەکەشیان تووشی قەتڵ و عام و موعامەلەی ناشیرین کرد. ئەم حادیسەی زەوتی بەغدا و بەعزێ مەسائیلی وەکوو ئیلتیجای شەرەف خانی بتلیسی بە ئێران و ئەولامە بەگ بە حکوومەتی عوسمانی، سەرلەنوێ بەینی دوو حکوومەتی تێکدا و بووە سەبەبی شەڕ و دەعوایەکی دوور و درێژ.

شەرەف خان، حاکمی ئیرسیی بتلیس، کە جەددی ساحێبی «شەرەفنامە»یە لە سەر بەعزێ ئەحواڵ و ئیفساداتی ڕەقیبانی کەوتبووە شوبهەوە و ئیلتیجای کردبووە شاە تەهماسب. «ئەولامە بەگی تەکەللوو»ش، کە لە پێشدا ڕایکردبووە ئێران، لەم بەینەدا دەخالەتی کردبووە سوڵتان سلێمان و بەگلەربەگێتی بتلیس و حەسەنکێفی پێ ئیحسان کرابوو، وەلحاڵ ئەم ئیحسانە خیلافی عەهدی یاوز سوڵتان سەلیم بوو، چونکە ئەم دوو سنجاغە، حکوومەتی ئیرسیی هەبوو. زاتەن سەبەبی عاجزی شەرەف خانیش یەکێکی ئەمە بوو و حەتا ئەم ئەولامە بەگە کە هات بۆ بتلیس، شەرەف خان شکاندی و دەریکرد.

خولاسە حکوومەتی عوسمانی لەگەڵ ئێراندا ئیعلانی حەربی کرد. شاە تەهماسب دەسپێشکەری کرد و هاتە سەر وان و موحاسەرەی کرد. بۆ مەنعی ئەم موحاسەرەیە دوو دەفعە لە تەڕەف سەدرولئەعزەمەوە ئیمداد نێررا، بەڵام هەردووکیان مەغلووب بوون و سەدرولئەعزەم ئیبراهیم پاشا، بە ئۆردوویەکەوە لە پایزی ساڵی ٩٤٠ی هیجریدا لە ئەستامۆڵ حەرەکەتی کرد. زستانی لە حەلەب ڕابوارد و لە پاشدا ڕووی کردە تەورێز. لە ڕێگە خەبەری کوژرانی شەرەف خانی گەیشتێ و شەمسەددینی کوڕی لە جێگەی باوکی کرد بە حاکمی بتلیس. ئۆردووی عوسمانی بێ شەڕ و زەحمەت لە ١ی موحەڕەمی ٩٤١دا داخڵی تەورێز بوو. لە پاش بەینێک سوڵتان سلێمانیش هاتە ئەم شارە و لە دوای ئیستراحەت، بە ڕەغمی ئەمەی کە زستان و بەفر و باران بوو، بە سەر هەمەداندا ڕووی کردە بەغدا. لە ڕێگە ئەزیەتێکی زۆریان کێشا و باخسووس لە بەینی هەمەدان و کرماشاندا گەلێ تۆپی بارگرانیان بەجێ هێشت و نیهایەت سەردار ئەکرەم ئیبراهیم پاشا لە جەمادیولئوخرای ٩٤١دا داخڵی بەغدا بوو. حاکمی عەجەمی بەغدا، محەمەد بەگ لە پێش گەیشتنی ئۆردووی سەرداردا شارەکەی بەجێ هێشت و ڕۆیشتبوو، لە بەر ئەوە سەندنەوەی بەغدا بێ شەڕ و دەعوا مومکین بوو و لە دوای سەردار، پاشاش هاتە بەغدا.

سلێمان پاشای والیی دیاربەکر لەگەڵ بەعزێ قووەت، بە سیفەتی والیەتیی «ئەووەڵ والیی عوسمانی» لە بەغدادا دانرا و سوڵتان سلێمان لە ٢٨ی ڕەمەزانی ٩٤١دا لە بەغدا هاتە دەرەوە و بە سەر کوردستان و مەراغەدا چووە تەورێز. یەکێ لە حادیساتی غەریبە و فەجیعەی ئەم سەفەرە، کوشتنی شەفەقەت بەگ ناو، ئەمیرێکی کورد و حەوت پیاویەتی. بە گوێرەی تاریخی هاممەر، ئەسبابی کوشتنی ئەم مەزڵوومانە ئەمە بووە کە سوڵتان سلێمان لەم سەفەرەیدا هیچ تووشی شەڕ نەبوو و ویستی ئەم فتووحاتەی موتڵەقەن بە ڕشتنی خوێن تەقدیس بکا و بەم فکرە ئەم جینایەتەی ئیختیار کرد!

سوڵتان سلێمان لە ٨ی کانوونی سانی ١٥٣٨ی میلادیدا هاتەوە ئەستامۆڵ. ئەم حوکمدارە لە سەفەری ساڵی ١٥٤٨ی میلادیدا بەشێکی کوردستانی ئێرانی زەوت کرد و لە پاشدا ڕووی کردە تەورێز، بەڵام چونکە حکوومەتی ئێرانی دەور و پشتی وڵاتی تەورێزی بۆ مەنعی ئیستیفادەی ئۆردووی عوسمانی بە تەواوی وێران کردبوو، سوڵتان سلێمان دەوامی لە سەفەر پێ نەکرا و گەڕایەوە سەر قەڵای وان، کە زۆر سەخت بوو و تا ئەو وەقتە بە دەس عەجەمەوە مابووەوە. حاکمی ئەم قەڵایە عەلی سوڵتانی چکنی کورد بوو. لە ئەرزڕۆمەوە تۆپی گەورەی بۆ هێنا و لە زەرفی نۆ ڕۆژدا زەوتی کرد و بە سەبەبی زستان و سەرما و سۆڵەوە ئۆردوو زوو گەڕایەوە. شاە تەهماسب لەم فرسەتەدا قووەتێکی ناردە سەر قارس، بەهرام میرزا و ئیسماعیل میرزاشی ناردبووە سەر بایبۆرد و لەشکرێکیشی ناردە ئەخلات و عادلجواز و خۆشی ڕووی کردە مووش.

سوڵتان سلێمان لەو بەینەدا لە دیاربەکر بوو. بۆ بەربەستی پێشکەوتنی شاە، لە قۆماندای ئەحمەد پاشادا لەشکرێکی نارد و ئەم قووەتە لە نزیک کماخ قۆڵێکی عەجەمی شکان. برای شاە تەهماسب، شاهزادە ئەلقاس میرزا کە لەگەڵ سوڵتان سلێمان بوو، لەگەڵ پێنجهەزار کوردێکدا بە سەر «کەرکویە» (= کەرکووک) و شارەزووردا ڕووی کردە عێراقی عەجەم (هەمەدان). ئەولامە بەگیش بە لەشکرێکەوە چوو بۆ تەڕەفی ئەرزڕۆم. مەقسەدی سوڵتان سلێمان لەم حەرەکاتە پەیاکردنی ئیختلالێک لە ئێراندا بوو.

واقیعەن میرزا لە نزیک هەمەدان تێپەڕی و «قوم»ی گرت. بەعزێ قووەتی کوردی نارد بۆ تەڕەفی «ڕەی» و خۆشی ڕووی کردە کاشان و ئەسفەهان. بەڵام کە بیستی لەشکرێکی قزڵباشی دێتە سەر، ڕووی کردە فارس و لەوێش هیچی پێ نەکرا و لە دوای سوڵح گەڕایەوە بەغدا.

سوڵتان سلێمان، شەهزادەی بانگ کردە ئەستامۆڵ، بەڵام ئەلقاس میرزا نەچوو و لە سوڵتان سلێمان عاسی بوو. حکوومەتی عوسمانی لە ٩٤٨ی هیجریدا ئەمیری عیمادییە و حەکاری و برادۆستی بە لەشکریانەوە ناردە سەر شەهزادە و لە خاکی عوسمانی دەریانپەڕاند. ئەلقاس میرزا خۆی هاویشتە ئەردەڵان. ئەمیر سورخاب حیمایەی کرد، بەڵام لەشکری قزڵباش لە مەریوان تەنگیان پێ هەڵچنی و لە قەڵای مەریواندا دەوریان دا، نیهایەت سورخاب بەگ تەسلیمی کرد (تاریخ عالم‌آرای عباسی).

شاە تەهماسب لە ٩٦١ی هیجریدا تیکرار ڕووی کردە کوردستانی مەرکەزی، تا ئەرزنجان و دیاربەکر ئاوەدانیی نەهێشت و تاڵانی کرد. لە دوای چەند مانگێک کە حکوومەتی عوسمانی ئیعلانی حەربی کرد، شاە دیسان لە چوار قۆڵەوە ڕووی کردە کوردستان، وڵاتانی وان، بتلیس، عادلجواز، ئەرجیش و مووشی ساف لە ساف تاڵان کرد و کوشتارێکی زۆریشی تیا کرد. ئەخلاتی زەوت کرد و لە دوای موحاسەرەیەکی چوار مانگی، ئەرجیشیشی گرت و لە دوای ئەو، دیاربەکری موحاسەرە کرد.

ئیسماعیل میرزاش بە لەشکرێکەوە چووە سەر ئەرزڕۆم و لەوێ ئەسکەندەر پاشای شکاند و و ئەو ناوەی وێران کرد و گەڕایەوە لای شاە و ئەمجارە لەگەڵ قۆروجی باشی «سوندوک»دا بۆ ئیستیلا و وێرانکردنی باقی کوردستان مەئموور کرا و بەڕاستی وەحشەت و شەناعەتێکی وایان لە کوردستاندا کرد کە بە تەواوی ئیستیلای هۆلاکۆ و تەیمووری لەنگ لە فیکر بردەوە.

خولاسە سوڵتان سلێمانی قانوونی، لە زەمانی حکوومەتیدا چەند جارێک لەشکری کردە سەر ئێران و لە نەتیجەی ئەم هەموو شەڕە بە توولانەدا، عێراق و شارەزوور و بالکی بۆ مایەوە و بەرامبەر بەمە کوردستان کە لەم هەموو شەڕانەدا دارولحەرەکاتی ئەسڵی بوو، لە غایەت بەدەر تووشی ماڵوێرانی و قەتڵ و عامێکی چەند ساڵی بوو. چ لە لەشکری قزڵباش و چ لە ئۆردووی عوسمانی شەڕ و زەرەرێکی زۆری دی.

حکوومەتی عوسمانی، بە سەبەبی تەجاوزاتی شازادە حەمزە میرزاوە ئۆردوویەکی لە قۆماندای سەدرولئەعزەم و سەردار عوسمان پاشادا ناردە سەر ئێران. حەمزە میرزا پێشداری ئۆردووی عوسمانی لە سۆفیاندا زۆر خراپ شکاند و قۆڵێکی تریشی پەرێشان کرد. عوسمان پاشا خۆی گەیاندە تەورێز و گرتی و سێ ڕۆژ قەتڵ و عامی تیا کرد.

حەمزە میرزا ئۆردووی جغالەزادەشی پەرێشان کرد و ئەسیرێکی زۆریشی لێ گرتن (٢٥ی تشرینی ئەووەڵی ١٥٨٥ی میلادی)، لە دوای چوار ڕۆژ تووشی لەشکری سەدرولئەعزەمیش بوو ئەویشی شکاند. خولاسە، ئەم شازادە ئازایە لە دوای چل پەنجا شەڕێکی غالبانە، بە ئەهانەتی عەشائیری تورکمان کە تەڕەفداری عوسمانی بوون، بە دزییەوە لە وەقتێکدا کە نوستبوو کوژرا.

لە ٩٩٨ی هیجریدا جغالەزادە سەنان پاشا، لە بەغداوە ڕووی کردە ئێران و تا نەهاوەندی داگیر کرد. لە سەر ئەمە شاە عەباس، حەیدەر میرزای ناردە ئەستامۆڵ و تەڵەبی سوڵحی کرد و لە ٢١ی مارتی ١٥٩٠ (نەورۆزی ساڵی ٩٩٨ی هیجری)دا موعاهەدەیەکی سوڵح کرا. بە گوێرەی ئەو موعاهەدەیە وڵاتانی ئازەربایجان و شیروان و گورجستان و لوڕستان و شارەزوور کەوتە دەس حکوومەتی عوسمانی و ئەبوایە مەزهەبی شیعەیش لە ئێراندا هەڵبگیرایە، وەلحاڵ ئەمە خەیاڵێکی خاو بوو.

سوڵحی ئەم جارە سیانزە ساڵێک دەوامی کرد. لە ئەووەڵی ساڵی ١٠١٢ی هیجریدا دیسانەوە عەلامەتی شەڕ و هەرا دەرکەوت. قووەتی موحافەزەی تەورێز بە بەهانەیەکەوە هەڵیانکوتابووە سەر غازی بەگی حاکمی سەڵماس و ئەو وڵاتەیان تاڵان و وێران کردبوو. غازی بەگ خۆی هاویشتبووە لای شاە عەباس و لە سەر ئەمە شاە بە ئۆردوویەکەوە هاتە سەر تەورێز و لەشکری عوسمانی شکاند و شارەکەی زەوت کرد و لە دوای ئەمە ڕووی کردە «ڕەوان» و هەر ئاوەدانییەکی لە ڕێگەدا بوو تاڵان و وێرانی کرد. لەم سەفەرەدا میقدارێکی مناسب لە کورد لە ئیدارەی مستەفا بەگی ماکۆ و حاکمی ئەلشگرددا لە مەعییەتی شاهدا بوون.

ساڵی دواییش شەڕی دەوامی کرد . سەردار جغالەزادە لەشکرێکی تورک و کوردی ناردبوو بۆ تەڕەفی خۆی و مەرەند، قۆماندانەکەیان مستەفا پاشا بوو و تا خۆی هات، لەوێوە سلێمان بەگی ڕەئیسی عەشیرەتی مەحموودی نارد بۆ مەرەند و ئەو ناوەی پێ تاڵان کرد. لە عەینی ساڵدا شاە عەباس لەشکرێکی لەگەڵ ئەڵڵاوێردی خان ناردە سەر وان و سەرداریش لەوێ بوو، لەشکری قزڵباش ئەو ناوەی تاڵان کرد و گەڕایەوە.

شاە عەباس خۆشی لەگەڵ لەشکرێکی زۆردا لە «خۆی»ەوە ڕووی کردە عەشیرەتی مەحموودیی کورد، مستەفا بەگی ڕەئیسی ئەم عەشیرەتە قەڵای ماکۆی باش مودافەعە کرد. بەڵام لەشکری عەجەمیش خاکی مەحموودی بە توورەکە بێژا و کوشتار و تاڵانێکی زۆری کرد.

لە عەینی ساڵدا سەدرولئەعزەم جغالەزادە بە ئۆردوویەکی گەورەوە و لەگەڵ حاکمی جەزیرە (میر شەرەف) و ئومەرای مەحموودی و بەهسنی و حەکاری و زەکەریا خان و براکانی و باقی ئومەرای کورد لە ئاخری پاییزدا ڕووی کردە ئازەربایجان و تا سەڵماس هات و لە شەش فرسەخییەکی تەورێز لەگەڵ ئۆردووی قزڵباش کەوتنە شەڕەوە و زۆر خراپ شکان (٢٤ی جەمادی ئاخری ١٠١٤).

لە دوای ئەم شەڕە بەعزێ ئومەرای کورد لە ئۆردووی عوسمانی جوێ بوونەوە، کوڕی «جان پۆڵا» گەڕایەوە وان و میر شەرەفی جەزیریش چووەوە بۆ جەزیرە. لە ٤ی سەفەری ١٠١٥دا دەڵێ فەرهاد پاشا کرا بە سەرداری شەرق، چونکە جغالەزادە لە دوای شەڕی تەورێز وەفاتی کردبوو، بەڵام حکوومەتی عوسمانی بە سەبەبی عوسیانی کوڕی جان پۆڵا و جەلالی ئەناتۆلی هیچی پێ نەکرا.

5.2.1. عوسیانی کوڕی جان پۆڵا[edit]

خانەدانی جان پۆڵای کورد حاکمی ئیرسیی «کلس» بوو. لە زەمانی جغالە پاشادا گەورەی ئەم خانەدانە «میر حسێن» بوو و لە تەڕەفی سەدرولئەعزەمەوە کرابوو بە بەگلەربەگی حەلەب، بەڵام هەر چۆنێ بوو بۆ شەڕی ئێران نەچوو و لە سەر ئەمە سەدرولئەعزەم ڕقی لێ هەڵگرتبوو. لە دوای شکانی تەورێزی، کە گەڕایەوە بانگی کردە لای خۆی و کوشتی، میرعەلی برای کە ئەم خەبەرەی بیست، چووە حەلەب و لە حکوومەت ڕووی وەرگێڕا. لە دوای بەینێک تەرابلۆسی شامیشی گرت و دەوری شامیشی تاڵان کرد و بە سەربەخۆیی دەسی کرد بە ئیدارەی حکوومەت. ئۆردوویەکی باشی پێکەوە نا و خوتبەی بە ناوی خۆیەوە خوێند و سککەشی لێدا. لەگەڵ قڕاڵی «توسقانا» کە ئەرشیدۆق فردیناڵد بوو، لە ١٠ی جەمادی ئاخری ١٠١٦دا موعاهەدەیەکی کرد و خەریک بوو لەگەڵ حکوومەتەکانی تریشدا مناسەبەت پەیا بکا.

مەشهوور سەدرولئەعزەم قۆیۆچی مراد پاشا، بۆ تەسکینی عوسیانی ئەناتۆلی مەئموور کرابوو. لە پێش ئەناتۆلیدا ڕووی کردە جان پۆڵا و ویستی لەولا لەگەڵ ئەودا حیساب ببینێ. کوڕی جان پۆڵا زاتەن بۆ ئەمە خۆی حازر کردبوو و بە لەشکرێکی قورسەوە (٢٠٠٠٠سوار و ئەوەندەش پیادە)، دەربەندی «باغرس»ی گرتبوو و ئینتیزاری لەشکری عوسمانی ئەکرد. قۆرچی مراد پاشا بە لەشکرێکی زۆرەوە ڕووی کردە لەشکری جان پۆڵا. لە ناو ئۆردووی عوسمانیدا و لە ژێر ئیدارەی زولفەقار پاشادا ٤٠٠٠٠ کوردی زولقەدرییە هەبوو. مراد پاشا جێگەی لەشکری جان پۆڵای بۆ خۆی بە موساعید نەدی و لە دەربەندی «ئەرسەلان بلی» تێپەڕی و لای جان پۆڵای گرت. دوو لەشکر لە دەشتی «ئوروچ»دا بەرەنگاری یەک بوون (٣ی ڕەجەبی ١٠١٦). شەڕێکی قورس لە بەینیانا قەوما و نیوەی لەشکری جان پۆڵا لە ناو چوو و شکا و خۆشی بە ناعیلاجی گەڕایەوە حەلەب. بەڵام لەم شارەدا گونجانیشی نەبوو و هەڵسا چووە ئەستامۆڵ. سوڵتان ئەحمەد عەفوی کرد و بەگلەربەگێتیی «تەمشوار»ی دایە و برا پچووکەکانیشی لە ئەندەروونی هومایووندا قەبووڵ کرد. بەڵام عەفوی سوڵتان ڕقی مراد پاشای خوێنخۆری تەسکین نەکرد و ئەمری نارد کە لە «بولغراد» کوشتیان.

5.2.2. وەقعەی دمدم قەڵا[edit]

ئەم داستانی مەردایەتیی عەشائیری «برادۆست»ی موکری و مودافەعەی قەڵای دمدم بە گوێرەی مەقایسی نووسینی ئەم تاریخە ناتوانین توول و تەفسیلی بدەینێ و بەڕاستی زۆر پێویستە کە دەرحەق ئەم میسالی بڵندەی مەردایەتیی کوردە، کتێبێکی سەربەخۆ بنووسرێ و بۆ نەتەوەی کوردی ئیمڕۆ و سبەینێ بە یادگار بەجێ بهێڵرێ. خارقەی ئەم قەهرەمانییە ئەوەندە سەححار و بڵندە کە بە عەکسی تەعەسوبی مەزهەبی و تەڕەفگیری ڕەسمی، ئەسکەندەر مونشیی مەجبووری مەدح و سەنا کردووە و موستەشریق مسیۆ و. ئۆممانی هێناوەتە جۆش و خرۆش و ئەم مەنقەبەی جەلادەتەی بە زمانێکی تەقدیرکارانە پێ تەسویر کردووە.

قەهرەمانی ئەم داستانە ئەمیر خانی یەک‌دەستە. ئەم زاتە لە ئومەرای مەشهووری عەشیرەتی برادۆست بووە، لە شەڕێکدا کۆمەکی عومەر بەگی حاکمی سۆرانی کرد و دەسێکی بڕابوو. ئەمیر بەگ لە دوای ئەمە کە شاە عەبباس ئازەربایجانی سەندەوە، لە بێ‌موبالاتیی تورک عاجز بوو و چووە لای شاە و حورمەتێکی زۆری گیرا. دەستێکی ئاڵتوونی بۆ کرا و لە جێگەی دەسە بڕاوەکەی دانرا. عینوانی «خان»ی لەگەڵ حکوومەتی «تەرگەوەر» و «مەرگەوەر» و «ئورمێ» و «شنۆ» و ڕیاسەتی عەشیرەتی برادۆستی درایە و هاتەوە موڵکی خۆی. لەوێ لە جێگەی قەڵا کۆنی دمدم ، قەڵایەکی سەختی دروست کرد.

ئومەرای شیعە بە سەبەبی خیلافی مەزهەب و قەومییەت حەزیان لێ نەئەکرد و لە لای شاە بوختانیان پێ ئەکرد. باخسووس دروستکردنی قەڵاکەی، کە بە ئیزنی شاە بوو، بووە سەبەبی زیادبوونی بوختان. پیر بوداق بەگی حاکمی ئازەربایجان لێی کەوتە خۆ و شاهی لە ئیزندان بۆ قەڵاکەی پەشیمان کردەوە و ویستی ئەمیر خان مەنع بکا. ئەمیری برادۆست لەمە سەغڵەت بوو و گوێی نەدایە، قەڵاکەی تەواو کرد. لەو وەقتەدا بیست هەزار ئەشقیایەکی جەلالی لە ترسی قۆرچی مراد پاشا لە خاکی عوسمانییەوە هاتبوونە عەجەم شاە، ـ بە فکرێکی دوایی ـ ویستی هەشت هەزار کەسێک لەمانە لە ناو عەشیرەتی برادۆستدا دابنێ و ئەمانەی لەگەڵ حەسەن خان و لەشکرێدا نارد بۆ لای ئەمیر خان و خەبەریشی بۆ نارد کە خۆی یا کوڕێکی لەگەڵ بەعزێ ڕوئەسای برادۆست و دووسەد سوارێکیان بخاتە تەک و بچن ئەشقیای جەلالی جێگیر بکەن. ئەمیر خان لە ترسی دوایی و موخالەفەتی عەشیرەتەکەی ئەم ئەمرەی بەجێ نەهێنا و کورد و جەلالی و قزڵباش کەوتنە وردە شەڕەوە و لەشکری حەسەن خان هیچی پێ نەکرا. لە دواییدا لای قۆماندای وەزیر ئەعزەم موعتەمەدەددەولەدا لەشکرێکی زۆری تر هاتە سەر ئەمیر خان و لە دوای سەعیەکی بێ‌فائیدە بۆ ڕازیکردنی ئەمیر خان، قەڵاکەی موحاسەرە کرا (٢٦ی شەعبانی ١٠١٧ی هیجری).

بە گوێرەی ئەسکەندەر مونشی، کە خۆی لەم هەرایەدا حازر بووە، ئەم قەڵای دمدمە زۆر سەخت بووە و تەنیا لە خسووسی ئاوەوە زەعیف بووە. لە ناویا حەوزێکی باران‌ئاو و چاڵە بەفرێکی بووە، لە دووریشی کانییەکی بووە و بە ژێر ئەرزدا لە قەڵاکەوە تا کانییەکە ڕێگەیەکی بووە.

لەشکری قزڵباش کە بە تەخمینی بیست سی میسلی مودافعین بوون، لە دوای چوار مانگ بۆمباران و هەموو شەو و ڕۆژێک شەڕ و کوشتار، ئینجا توانیویەتی ڕێگەی کانییەکە بگرێ و تا ئەو وەقتەش بە موقابیل تەعەڕوزی کورد و شەبیخوونیان زایعاتێکی زۆری دابوو و زۆر شەڕکەری بەناوبانگی لە کیس چوو. ئەشقیای جەلالی کە سەبەبی ئەم شەڕ و هەرایە بوون، تا ئەم تاریخە وردەوردە بڵاوەی کردبوو و چووبوونەوە بۆ خاکی عوسمانی و حەتا لەم گەڕانەوەیانا لە تاڵانکردن و کوشتنی قزڵباشیش قسووریان نەکردبوو!

لە دوای ئەوە کە کانییەکە دەس لەشکری قزڵباش کەوت، مەحسوورین نزیک بیست ڕۆژێک بە ئاوی بۆگەنی باران‌ئاو و ئاوی چاڵە بەفرەکە ڕایانبوارد و شەڕنەکەریان لە قەڵاکە کردە دەرەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لە خسووس ئاوەوە زۆر بەیدەس بوون.

بە قودرەتی خودا لەو ڕۆژەدا کە ئەووەڵی زستان بوو، بارانێکی زۆر باری و نزیک مانگێک دەوامی کرد، حەوزی قەڵاکە پڕ بوو و ئیحتیاجی ئاوی شەش مانگ تەئمین کرا. سەرداری لەشکری قزڵباش کە وای زانی، بە ناعیلاجی قەراری زەوتکردنی قەڵاکەی دا و بە ئوسوولێکی مونتەزەم بۆ نزیکبوونەوە بە قەڵاکە هەوڵیان دا. لە دوای چەند مانگێک ئەزیەت و زایعاتێکی زۆر، بورجێکی تەنیا کە لە ئیدارەی قەرا بەگدا بوو ڕووخێنرا و مودافیعەکانی کوژرا و دەس قزڵباش کەوت. ئەم غەلبەیە ئیشی قزڵباشی سووک کرد و مودافیعینی خستە مەراقەوە. تەسادوف لە دوای ئەم وەقعەیە وەزیری ئەعزەم کوتوپڕ مرد و شاە لە جێگەی ئەو، محەمەد بیگدلی کرد بە سەردار و ناردی. لە دوای بەینێک بە تەئسیری بۆمباران برووجێکی تریشی زەرەردار کرا و لە دوای شەڕێکی مەئیووسانە مودافیعەکانی هەموو کوژران و بورجەکان کەوتە دەس قزڵباش. زۆری پێ نەچوو بورجێکی تر کە لە ئیدارەی کوڕی ئەمیر خاندا بوو ئەویش لە تەڕەف پیر بوداق خانی حاکمی تەورێزەوە زەوت کرا و بەم تەرحە قودرەتی مودافەعە زۆر کەم بوو و لە هەموو لایەکەوە لە ژێر بارانی گوللە و تۆپ و تفەنگدا و لە جێگەیەکی تەنگەبەردا جووڵانەوە زەحمەت بووبوو. دیواری قەڵاکە لە هەموو لایەکەوە ڕووخێنرا و لەشکری عەجەم چووە ناویەوە، بە غەیری مەنزڵی ئەمیر خان کە بە قەڵای نارین شۆرەتی بوو، جێگەیەکی تر بە دەس مودافیعینەوە نەما. ئەمیر خان بەرامبەر بەم وەزعیەتە سەرفی نەزەری لە مودافەعە کرد و خەبەری بۆ سەرداری عەجەم نارد و تەسلیم بوو، بەڵام لە دوای تەسلیمبوون ویستیان بیانکوژن لە بەر ئەوە تیکرار دەسیان دایە سیلاح و دەستەویەخە لەگەڵ ئومەرا و لەشکری قزڵباشدا کەوتنە شەڕەوە و زۆریان کوشت، بەڵام [لەشکری قزڵباش] لە دوایی نەئەهات و بە نەتیجە هەموویان مەردانە کوژران و زیکر و جێگەیان نەما. قزڵباشەکان نەک هەر شەڕکەر، بەڵکوو شەڕنەکەریشیان نەهێشت و هەموویان کوشتن.

خولاسە بورج و بارووی دمدم کە نزیک ساڵێک ئاساری جەلالەت و مەردایەتی و قەهرەمانیی موکری سەیر کردبوو، لە نیهایەتدا مەیتی موبارەکی ئەو شەهیدانەشی گرتە باوەشی و لە ژێر خاکەکەیدا هەر بەو جلی خۆیانەوە شاردیەوە.

قەڵای دمدم لە دوای شەش ساڵ دەفعەیەکی تریش کەوتە دەس کوردی برادۆست، بەڵام لە پێش ئەوەی کە باش خۆیان بۆ مودافەعە کۆ بکەنەوە، گەورەکانیان تووشی قەزایەک بوون و مودافەعەیان پێ نەکرا. قەهرەمانی ئەمجارە «ئۆلغ بەگ» بوو. شاە عەباس قەڵای دمدمی بە محەمەد بەگی بیگدلی دابوو و ئەویش قوباد خانی برای لە سەر دانابوو. ئۆلغ بەگ بە واسیتەی بەعزێ کوردی ناو قەڵاکەوە شەوێک کە قوباد خان کە لە ناوی نەبوو، بە خۆی و چل کەسەوە لە کونێکەوە چوونە ناو قەڵا و موحافیزانی قزڵباشیان هەموو کوشت و قەڵاکەیان زەوت کرد. لە دوای ئەمە «ئاقا سوڵتان»ی حاکمی مەراغە بە لەشکرێکی سووک‌بارەوە خۆی گەیاندە دمدم و لە ڕێگە تووشی ١٥٠ کەسی کوردی ئیمدادی ئۆلغ بەگ هات و شکاندنی و لەگەڵ قوباد خان یەکدگیر بوو. پیر بوداق خانی حاکمی تەورێز و شێر سوڵتانی موکریش هاتن بە ئیمدادەوە، قەڵایان موحاسەرە کرد، لە وەقتێکدا کە ئۆلغ بەگ بارووتی بە سەر پیاوەکانی خۆیدا دابەش ئەکرد، بە تەقدیری خوا بە ئاگر دەموچاوی سووتا و بەعزێ لە ڕەفیقانیشی بریندار بوون. ئیتر کەسێکی وا نەما کە ئیدارەی مودافەعەی قەڵا بکا، بە مەجبووری لە تاریکیی شەودا ئۆلغ بەگیان بە سەر وڵاغێکدا بەست و قەڵاکەیان بەجێ هێشت و دەرچوون. تەنیا نۆ ڕۆژ دمدمیان بە دەستەوە بوو.

5.2.3. قەتڵوعامی عەشائیری موکری[edit]

لە دەوری سوڵتان مورادی سالیسدا (٩٩١ی هـ)، حاکمی موکری، ئەمیرە پاشا بوو. لە وەقتێکدا کە ئۆردووی عوسمانی لە دەوری تەورێز بوو، دەرحەق بە ئەهالیی شیعەی سوڵدز و میاندوئاب و مەراغە بەعزێ زوڵمی کرد، لە نەواحی قراچۆقیش کە مالکانەی شاهی بوو، تاڵانی کردبوو، هەر لە زەمانی ئەمیرە پاشادا شێخ حەیدەری کوڕی بووبووە ڕەئیسی بەشێکی موکری و لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە کرابوو بە بەگلەربەگی. بەڵام لە دواییدا لەگەڵ جەعفەر پاشای حاکمی تەورێز تێکچوو و لە وەقتی چوونی شاە عەباس بۆ سەر ئازەربایجان، چووە لای و ئیتاعەتی کرد، وڵاتی مەراغەشی عەلاوە درایێ. لە دواییدا لە مەعییەتی شاهدا بوو و لە شەڕێکی «ڕەوان»دا کوژرابوو. شاە عەباس، کوڕی شێخ حەیدەری کە هێشتا منداڵ بوو، لە جێگەی باوکی دانا و لە تەڕەف دایکەکەیەوە ئیدارەی ئیمارەت کرا، بەڵام خزمانی ناڕەحەتیان کرد، لە دواییدا شاە لە قوباد خانی کوڕی شێخ حەیدەریش عاجز بوو، چونکە بە سەبەبی ئیختلافی مەزهەب لەگەڵ عەبدال خانی مامیشی عوسمانی کردبوو و چووبووە لای ئەمیر خانی برادۆستی. لە دواییدا قوباد خان هەر چۆنێ بوو خیلافی ئومەرای شاە ئیشتراکی سەفەری سەر قەڵای دمدمیشی نەکرد، لە بەر ئەمە و لە سەر ئیفساداتی تری ئومەرای شیعە، نیهایەت شاە عەباس قەراری بە مەحو کردنەوەی عەشائیری موکری دا و لە ساڵی ١٠١٩دا شاە بە نەفسی خۆی ڕووی کردە مەراغە، بە ئیزهاری تەوەججوهـ و لوتفیش قوباد خانی خافڵاند. قوباد خان بەو ئەسەری لوتفە تەفرەی خوارد و لەگەڵ بەعزێ ئومەرای موکریدا و سەد و پەنجا سوارێکدا چووە لای شاە، کە داخڵی دیوانی شاە بوون، خۆی و پیاوماقووڵەکانیان کوشت و بە فێڵ ئەوانی تریشیان ویست بکوژن، بەڵام تێگەیشتن و کەوتنە شەڕەوە و لە دواییدا هەموویان کوژران. شاە لەوێوە چووە سەر قەڵای «کاودول» و دەس کرا بە قەتڵ و عامی عەشائیری موکری و ئەسیرکردنی ئافرەت و منداڵیان و کوشتارێکی شەنیع کرا.

قۆڵێکیش ڕووی کردە گەرم‌ڕوود کە مەرکەزی ئەمیر خان بەگی شێخ حەیدەر بوو؛ لە پێش ئەوەدا کە پێ بزانن، ئەمیر خان و ئومەراکانیان هەموو کوشت و کەوتنە قەتڵ و عامەوە. ئەنواعی وەحشەت و شەناعەتیان کرد، هیچ کەسێ عەفو نەئەکرا؛ زاتەن شیعەکان لە دووی ڕۆژێکی وا ئەگەڕان کە ئینتیقام لە سوننی موکری بسێنن. لە فاجعەیەکدا حەتا بەعزێ عەشائیری غەیری ناو موکریانیش تووشی قەتڵ و عام بوون. لە دوای چەند ڕۆژێ قەتڵ و عام، غەزەبی سەفەوی تەسکین بوو.

لە ئومەرای موکری، تەنیا شێر بەگ ناوێک مابوو کە بە سەبەبی مەنسووبییەتی قەدیمەوە و بە واسیتەی مەقسوود بەگی برای کە لە مەعییەتی شاهیدا «ئیشک‌ئاغاسی» بوو، مەزهەری عەفوی شاهی بوو و موساعەدە کرا ئەوی لە دەوری ئەو کۆ ئەبێتەوە نەکوژرێ و ئەم فەجیعەی تاریخییەش بەم تەرحە دوایی هات.

لە ساڵی ١٠١٩دا قویۆچی مراد پاشا ئیش و کاری ئیسلاحاتی داخڵی تەواو کرد و بە ئۆردوویەکەوە ڕووی کردە تەورێز و تا دەوری ئەم شارە هات و بە ئوسوولی ئەو زەمانە ئەو وڵاتەی تاڵان و وێران کرد و گەڕایەوە. شاە عەباس سوڵحی کرد (٢٥ی جەمادی ئەووەڵی ١٠٢٠). زاتەن لەو بەینەدا مراد پاشاش مرد و نەسووح پاشا بوو بە سەدرولئەعزەم و سەردار. ساڵی دوایی سوڵح کرا و حودوودی قەدیمی سوڵتان سەلیم بە ئەساس قەبووڵ کرا. ئەو شەرتەشی تیا بوو کە حکوومەتی ئێران یارمەتیی هەڵۆ خانی حاکمی شارەزوور و ئەردەڵان نەکا.

ئەم سوڵحە ئەوەندە توولی نەکێشا، لە ٢٣ی ڕەبیعول ئەووەڵی ١٠٢٤دا دیسان ئیعلانی حەرب لە بەینی دوو دەوڵەتدا کرا. ئەمیری کورد، سەید بەگ بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە نەخچەوان و ئەم شارە و ڕەوانی موحاسەرە کرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو زایعاتێکی زۆری دا و گەڕایەوە. خولاسە شەڕی ئەم جارە زۆر توولی نەکێشا.

لە ساڵی ١٠٢٥ی هیجریدا کوڕی غازی بەگی کوردی ملیلان، قەڵای قارنیارقی کردبوو بە مەرکەز و قەزای سەڵماسی ناڕەحەت کردبوو. پیر بوداق خانی حاکمی تەورێز بە لەشکری خۆیەوە ڕووی کردە کوردانی ملیلان، کوڕی غازی بەگیش تەڵەبی ئیمدادی لە محەمەد پاشای بەگلەربەگی وان و ئومەڕای کوردی ئەو ناوە کرد؛ محەمەد پاشا بە لەشکری خۆیەوە و زەینەڵ خانی مەحموودی، حاکمی خۆشاب، و باقی ئومەرای کورد بە شەش حەوت هەزار کەسێکەوە چوون بە ئیمدادیەوە. کە تووشی یەک بوون، لە دوای شەڕێکی کورت، لەشکری تەورێز شکا و پیر بوداق خانیش بە دەس زەینەڵ بەگ بریندار بوو و زۆری پێ نەچوو مرد. وڵاتی ئازەربایجان کەوتە ترس و لەرزەوە، بەڵام ئومەڕای کورد لە دوای شەڕەکە گەڕانەوە.

لە ساڵی ١٠٢٦ی هیجریدا شاە عەباس لە ئیدارەی قەرەچقای خاندا لەشکری ناردە سەر ئەرزەڕۆم و ئەو ناوەی تاڵان و وێران کرد. محەمەد پاشای بەگلەربەگی وان، بۆ سەندنی ئەم حەقە ڕوئەسای کوردی کۆ کردەوە و لەگەڵ لەشکری خۆی و قووەتێکی زۆری کوردا ویستی بچێتە سەر ئازەربایجان؛ بەڵام خەبەری چوونی قەرەچقای خان بۆ سەر وان و ئەو ناوە، ڕوئەسای کوردی خستە ئەندێشەی موحافەزەکردنی مڵک و عەشیرەتیان. زیائەددینی کوڕی شەرەفخانی بتلیسی لەگەڵ دەستەودائیرەی خۆیدا بێ پرسی محەمەد پاشا گەڕایەوە بۆ بتلیس و یەحیا خانی کوڕی زەکەریا خانی ڕەئیسی عەشایری حەکاریش ویستی بگەڕێتەوە؛ محەمەد پاشا مەنعی کرد و بانگی کردە لای خۆی، قەسدی کوشتنی کرد و بووە شەڕ و هەردووکیان بریندار بوون و لە ناو چوون و بەم مناسەبەتەوە لە بەینی کورد و تورکا خوێنێکی زۆر ڕژا.

لە وەقتی ئەم هەرایەدا لەشکری قزڵباشیش گەیشتە وڵاتی وان و ئاوەدانی و دەغڵی تیا نەهێشت و کوشتارێکی زۆر و تاڵانێکی بێ‌حیسابی کرد.

لە عەینی ساڵدا سەدری ئەعزەم و لەشکری تاتار زستانیان لە دیاربەکردا ڕابوارد و ئەو وڵاتەیان وێران کرد، نیهایەت ساڵی دوایی، لە ٦ی شەووالی ١٠٢٧دا دیسان سوڵح کرا.

لە وەقتی موزاکەرەی ئەم سوڵحەدا بوو کە شاە عەباس بۆ بەربەستکردنی تەعەڕوزی تورکمان، نزیک پانزە هەزار ماڵێکی کوردی نەقڵی خۆراسان کرد و لەوێ جێگیری کردن.

نەک هەر بۆ موحافەزەکردنی سەرحەد و سنوور، بەڵکوو لە شەڕ و دەعوای دائیمیشدا حکوومەتی ئێران دائیمەن زۆر ئیستیفادەی لە قەومی کورد کردووە.

شاە عەباس و ئەخلافی، لە هەموو شەڕێکدا یارمەتیی کوردیان داوا کردووە؛ عەشایری موکری، بناغەی هەرە بەقووەتی ئۆردووی عەجەم بوو. شاە عەباس بە قووەتی موکری زۆر پشت‌ئەستوور بوو و هەموو وەقتێک لە ئۆردووی دائیمیدا بەشێکی گەورەی بۆ کورد جوێ کردبووەوە. لەمانە زۆر زابت و قوماندان پێگەشتوون: عەلی جان سوڵتانی شقاقی، کەدائی سوڵتان کۆلانی، قەڵەندەر سوڵتانی کەللەگیر، مام قولی سوڵتانی چکنی ... و الخ لە جوملەی پێگەیشتووانی دەوری شاە عەباسی ئەوەڵن. (تەماشای کتێبی «کوردی بەناوبانگ» بکە).

شاە عەباس لە ١٦٢٤ی میلادیدا کە لەشکری ئێرانی سەرلەنوێ ڕێک خست، گەلێ جوزئی لە عەشایری موکری تەشکیل کرد و بەم ئۆردووەوە زۆر دەفعە حکوومەتی عوسمانیی شکاندووە (ئەنسقلۆپێدیای ئیسلام).

ئۆردووی حافز ئەحمەد پاشا کە بۆ سەندنەوەی بەغدا لە بەکر سۆباش، ڕووی کردە «داروسسەلام»، بەشی زۆری کورد بوو.

شاە عەباس کە هاتە سەر بەغدا و ئەم شارەی بە فێڵ لە دەس بەکر سۆباش سەند، لەشکرێکی لە قۆماندای سەرلەشکر قەرەچقای خاندا ناردە سەر مووسڵ و ئەم قووەتە لە دوای موحاسەرەی ئەم شارە ڕووی کردە دیاربەکر و ماردین و ئەو وڵاتەی وێران و تاڵان کرد و لە دواییدا گەڕایەوە و موسڵیشی زەوت کرد. خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانیش بە لەشکرێکەوە چووە سەر شارەزوور و کەرکوویە (= کەرکووک) و قەڵای کەرکووکی زەوت کرد.

5.2.4. عوسیانی موکری[edit]

لە دوای ئیختلالی قوباد خان و قەتڵ و عامی ١٠١٩، شێر بەگ کرابوو بە ڕەئیسی عەشائیری موکری. ئەم شێر بەگە بە سەبەبی تەحەکومی قزڵباش و نەفرەتی بەینی شیعە و سوننی، لە ساڵی ١٠٣٤دا عوسیانی کرد و وڵاتی مەراغەی تاڵان کرد و کوشتارێکی زۆری لە شیعە کرد. شاە عەباس لە قۆماندای زەمان بەگدا لەشکرێکی ناردە سەری. شێر بەگ بە خۆی و عەشائیریەوە خۆی کێشایە چیاکان و لەشکری قزڵباش بە غەیری بەعزێ تاڵان و گوند سووتاندن، شتێکی تری پێ نەکرا و گەڕایەوە. لە دوای وەفاتی شاە عەباس، سەدرولئەعزەم خەسرەو پاشا، بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە عێراق. زستانی ساڵی ١٠٣٩ی لە مووسڵدا ڕابوارد. ئەمیری عیمادییە، سەید خان و میرەبەگی سۆران، لەگەڵ لەشکری خۆیانا بۆ کۆمەک هاتنە لای سەردار. ڕەئیسی عەشیرەتی باجەلانیش بە خۆی و چل‌هەزار کەسێکەوە هاتە لای خەسرەو پاشا و سێ‌هەزار سەر مەڕێکیشی بە دیاری بۆ ئۆردوو هێنابوو.

خەسرەو پاشا لە دوای موشاوەرە لەگەڵ ئومەرای کورد، وای بە موناسب زانی کە ئەووەڵەن حاکمی ئەردەڵان بشکێنێ و ئەو وڵاتە زەوت بکا و لە دواییدا بچێتە سەر بەغدا. لە سەر ئەم قەرارە بە سەر شارەزووردا ڕووی کردە ئەردەڵان. ئۆردوو گەیشتە شارەزوور و خەسرەو پاشا قەڵای خورماڵی تەعمیر کردەوە. ئەم قەڵایە لە تەڕەف سوڵتان سلێمانەوە بینا کرابوو. لە دواییدا شێخ عەبدوڵڵا کە بە شێخۆ مەشهوور بوو و قەڵایەکی لە سەرچاوەی زەڵم بە ناوی «زاڵم عەلی»یەوە هەبوو، عەرزی ئیتاعەتی کرد، دوو سێ کەسێک لە ڕوئەسای کوردی تر هاتن ئیتاعەتیان کرد.

خەسرەو پاشا ڕووی کردە مەرکەزی ئەردەڵان کە حەسەن‌ئاباد بوو و لە ڕێگە قەڵای میهرەبانی زەوت کرد و لە بەردەمی ئەم قەڵایەدا ئۆردووی زەینەڵ خانیشی شکاند و تا هەمەدان چوو.لە ساڵی ١٠٤٠ی هیجریدا لە ئێران گەڕایەوە و ڕووی کردە بەغدا. لە چەمچەماڵ و دەرەتەنگدا دیسان ئۆردووی عەجەمی شکاند. لە پاشدا هاتە سەر بەغدا و چل ڕۆژێک موحاسەرەی کرد، بەڵام بۆی زەوت نەکرا و گەڕایەوە. خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانی بە قووەتێکەوە شوێن ئۆردووی عوسمانی کەوت و شارەزووری داگیر کرد (نعیما؛ فۆن هاممەر).

بەغدا، ئینجا لە ساڵی ١٠٤٨ی هیجریدا (١٦٣٨ی میلادی) لە تەڕەف سوڵتان مورادی ڕابیعەوە سەندرایەوە و ئەمیری عیمادییە، قوباد بەگ لەگەڵ ئۆردووی بادینان و ڕوئەسای عەشائیری مووسڵ و هەولێر و کەرکووک و شارەزوور لەگەڵ قووەتێکی مناسبدا لە مەعییەتی سوڵتان موراددا لە فەتحی بەغداد حازر بوون و ساڵی دواییش لە بەینی دوو حکوومەتدا سوڵح کرا و ئەو خەتی حودوودەی کە بە گوێرەی ئەمە تەعیین کرا تا عەسری نۆزدەمینی میلادی دەوامی کرد و حوکم و نفووزی ئێرانیش بە تەواوی کەوتە شەرقی زاغرۆس. بە گوێرەی ئەم سوڵحە و حودوودی تازەوە عەشیرەتی جاف بەشێکی لە ئێراندا مایەوە.

لەم تاریخەدا بتلیس و عیمادییە و حەکاری موستەقیل و لە ژێر ئیدارەی ئومەرای کورددا بوون. ئینجا لە تاریخی ١٦٦٠ی میلادیدا ئەم حکوومەتانە تابعیەتی عوسمانییان قەبووڵ کرد (ڕاپۆری لیوای سلێمانی، مێجەرسۆن)

خولاسەی کەلام، ئەم شەڕە گەورە و بەتوولەی بەینی سەلاتینی عوسمانی و شاهانی سەفەوی، ئەهمیەتی سیاسییەی کوردی بە تەواوی بە کورد سەلماند (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام)، بەڵام کورد لەم دەرسە باشانەی تاریخ نەیتوانی و نەیزانی عیبرەت وەربگرێ و لە مەوقیعە موستەسناکەی خۆی ئیستیفادە بکا و کۆمەڵێکی یەک‌دڵ دامەزرێنێ و بەرامبەر بە لافاوانی ئیستیلای یەک لە دوا یەک بە کۆمەڵییەکی بەقووەت ڕاوەستێ. ئەو بەڵایانەی کە کوردی لەم خۆ گردکردنەوەیە مەنع کرد، هەموو ئەیزانین کە جەهل و فەقر و نیفاق بوو و کورد لە ژێر ئەم بارە گرانەدا پشتی کۆما بووە و جەریانی سیاسەت و تەفرەی کاربەدەستانی، تووشی موسیبەتی خۆخۆری کردبوو و لە باتی پشت بدەنە پشتی یەک و بە دڵسۆزی هەوڵ بۆ ڕزگاریی خۆیان و ڕزگاریی وڵاتەکانیان بدەن، دائیمەن بە گژ یەکا ئەچوون و شیریان لە یەک ئەسوو. واقیعەن وەکوو لە جڵدی دووەمی ئەم کتێبەدا بەیان ئەکرێ، گەلێ حکوومەتی بەقووەتیان دامەزراندووە، گەلێ ئیمارەتیان پێکەوە ناوە، بەڵام ئەمانە هەموویان بە سەبەبی دوژمنایەتیی بەینی خۆیانەوە و زۆریشیان بە دەسی خۆیان، لە ناو براون.

شەرەف خانی بتلیسی (ڕەحمەتی خوای لێ بێ) لەم خسووسەوە گەلێ سکاڵای کردووە و بە گوێرەی حاڵی ئەو زەمانە ڕێگەی باشی نیشانی کورد داوە و تەکلیفی ئیتحادێکی سیاسی لە بەینی حکوومات و ئیمارەتەکانی کورددا کردووە، بە نەوعێک «فدراسیۆن» (= حکووماتی موتتەحید)ی لێ حاسڵ ئەبوو و مەرکەزی ئەم حکووماتی موتتەحیدەیەش جەزیرەی ئیبنی عومەر ئەبوو، بەڵام بەڕاستی جێگەی ئەسەفە کە بە تەئسیری ئیفساداتی قووەی حاکمە کە بۆ زیادکردنی دوژمنایەتی و تەفرەقەی بەینی کورد سەرف ئەکرا و غایەکەشی قاعیدەی «فَرِّقْ تَسُدْ» (= جوێیان کەوە و ئیستیفادە بکە) بوو؛ ئەم نەسیحەتە باشە تەئسیری لە ئومەرای کورد نەکردووە و لە سەر شوێنی قەدیمەیان ڕۆیشتوون و بەرەبەرە وەکوو ئەیبینین هەموو لە ناو چوون.