خوشەویستیی باب و داک
Appearance
| نەو ڕەسیدەی باغی میللەت چاوەکەم گیانم فیدات | گوفتی چاکەت پێ دەڵێم گوێ بگرە ئەی لاوی وڵات |
| داک و بابت هەر کە پیر و، کەم دەس و ئوفتادە بوون | حەق وەهایە خۆشەویستتر بن لە ڕۆڵانت لەلات |
| جێگەیی جیایان ببێ خزمەتکرێن دایم وەکو | خزمەتی بوتیان دەکەن هیندوو لە دێرو سەومەعات |
| خوا نەخواستە بێتو عاسیبی بەدڵیان گەرنەکەی | ڕاستی فایدەی نییە بۆ تۆ حەج و سەوم و زەکات |
| تێبفکری چاخی منداڵی نەخۆشبووی، بابەکەت | بۆ ئەوەی زوو چا ببی هەرچی هەبوو ئەیکرد فیدات |
| گەر لە کۆڵانا بهاتایە زریکە و دەنگی تۆ | زوو بەپێخاوسی لە دەرگا دەردەچوو بۆ لات ئەهات |
| چاخی ئێوارە لە کار و کردەوەی ڕاهی دەبوو | کوڵمەکانی ماچ ئەکردی پاک دەیشوشت دەست و پات |
| لەو شەوی دووری زمستان و، بەسەرماو و سەهۆڵ | دایکەکەت شیری دەدایتێ، ببووە قەڵغانی بەڵات |
| دەنگی گریانت بهاتایە لە جێگا دەردەچوو | ڕایدەژەندی لایلە گۆ بوو، تاکو چاخی ڕۆژهەڵات |
| چەندێ پیسیت کردە لەشیا، چەندی مرداریتی شوشت | هیچ لە ئەم پیسایییانەت، دایکەکەت قێزی هات |
| ڕۆژێ دەتوانی بەخێوکەی کاکە منداڵێکی خۆت | بۆیە فەرمووی پێغەمەر جەننەت لەژێر پێی ئوممەهات |
| لێت ڕەزابن دایک و بابت بەختیاری ئەی عەزیز | بێ شکە دوعای ئەوانە، باعیسی فەوز و نەجات |
| چۆن بەمنداڵی بەخێویان کردی، تۆش وا بی دەبێ | چاخی پیری هەر ئەوان بن گەورەیی ماڵ و سەرات |
| دەم بەدەم پاروویی چەور و خۆش و پاکیان پێ بدە | گوێ مەدە بوون و نەبوون و، گەورەیی و هات و نەهات |
| ئەی ئەسیری تۆ لە دەرحەق داک و بابت چی بکەی | بێ شکە دەرحەق ئەتۆش ڕۆڵەی شیرینت وا ئەکات |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|