خوا پێداو
Appearance
| لە بەغداد کۆشکێ لە کەناری شەت | باغی پڕ بلبل شەتی پڕ لە بەت |
| چیمەن زارێکە گوڵ و پەرژینە | هەرچی هات جۆشی بە هەڵپەڕینە |
| لێی ڕاکشابووم بە خەیاڵەوە | بەشکو پەری بۆم بێتە ماڵەوە |
| ناگا چوار پەری چوار دەورەیان دام | سفید پۆشێکیان بە ناز هاتە لام |
| بە تییلاییەکی چاوی بیماری | دڵم ئەنگێورا و دەردم بوو کاری |
| من بە شەرارەی ئێشی زامەوە | لەبەر پێی ئەوا ئەتلامەوە |
| لە پڕێک قاقای فریشتەی سەوزپۆش | گەییە سەروەختم هێنامیەوە جۆش |
| وتی: بەم پیرییە چیت لە جوانانە | ئەکەویە داوی خاڵ و لەرزانە |
| وتم: هەر پیرە جوان تێک ئەبەستێ | نەمام بە داری پیر ڕائەوەستێ |
| وتی: نامەوێ تۆ نەمام گیر بی | بۆ ئەوە چاکی نیشانەی تیر بی |
| تیرێکی هاویشت لە برژانگەوە | وەک تیری شەهاب لە ڕووی مانگەوە |
| هات دای لە جەرگم وامزانی مردم | جلە تازەکەی خوێناوی کردم |
| ئەو ڕۆیشت ئەنجا پەمەیی پۆش هات | ئەویش تیرێکی کردم بە خەڵات |
| وتی: خۆت بگرە کافر! بەگیری | پیری، بۆ ئێمە کۆڵەکەی تیری |
| وتم: تیرێکت لە جەرگی پیر دا | سادەی تیرێکی تر بە شوێن تیر دا |
| بەم سێ تیرەوە دڵم نەئەسرەوت | خوا دای زەردەپۆش لەولاوە دەرکەوت |
| بەو باڵای ئاڵای سەروی نازەوە | بەو چاوە بازەی عیشوەبازەوە |
| تریقەی قاقای زیندووی کردمەوە | ئێشی خەدەنگی لە بیر بردمەوە |
| بە میهرەبانی هات بەلامەوە | دڵخۆشی دەوای زامی دامەوە |
| بانگیان کرد هەر سێ پەری کوشندە | هاتنە سەرینم بە عیشوە و خەندە |
| وتیان: هەرچەند خوێن کەوتە بەینەوە | ئەمجارە هاتووین ئاشتت کەینەوە |
| دەست لەملان و گەردن ئازایی | کردمانە کەیف و بەزمی چاوشایی |
| چایی لە سایەی گەردنیان دیار بوو | حۆری بەهەشتیان لا خزمەتکار بوو |
| سیانیان دەربارەی من لوتفکار بوو | بەڵام یەکێکیان لە پیاو بێزار بوو |
| خوا تۆڵەی ئەویش لە بەد بستێنێ | دۆژمنی جنسی لەتیف نەمێنێ |
| بە دەست لەملانیان بوومەوە بە کوڕ | سەرچۆپیم کێشا بە عەشق و بە گوڕ |
| بە دەماغەوە ئەموت: شا کێیە؟ | بۆ کەس نەلواوە ئەم هەڵپەڕکێیە |
لە نیسانی ساڵی ١٩٣٧دا وتوویەتی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|