خوا ئێمەی ڕەنگ ڕەنگ سروشت پێداوە
Appearance
خوا ئێمەی ڕەنگ ڕەنگ سروشت پێداوە | ڕەنگی هیچ کەسی بە کەس نەداوە |
ئەبینی دوو کەس بە یەک ئەشوبهێن | کەچی بە کردار لە یەکتری جوێن |
یەکێ ئارەزووی بە شیرینییە | ئەوی تر مەیلی شیرینی نییە |
یەکێ وەک بێزووکەر ترشی ئەوێ | نە! ناوی مەبە! ئامان نامەوێ |
یەکێ سەودایی شیعری مەوزوونە | یەکێ بە تیری شیعر دڵخوونە |
هی وامان هەیە بە کشەمرە | ئەڵێ: پێت وتووم کشە تۆ بمرە! |
سا توخوا مرە و بمرە چەند دوورن؟ | هەرچەند کولانە و گۆڕ هەر دوو ژوورن |
کۆنە پیاوێکمان بە تەقەی قەزوان | نە دینی لە لا ئەما، نە ئیمان |
مەلایەکمان بوو ئەتوت: شیپارە | ئەهاتە وێزەت بە نێزەی «یارە» |
ڕەحمەت لە سۆفی یارەی زرێپۆش | بۆی ڕام ئەکردین ئێستری چەمووش |
ئێستا دەستەیە تۆڕی کەم سرەوت | بە قەمچی «یارە»ش نایەنە سەر ڕەوت |
یارە مرد لە لای نامەرد نەنێژرا | بۆ گردی یارە چەن شیعر بێژرا |
خۆزگە دەمزانی ئەم سڕە چییە؟ | ناوی هیچ کەسێ لە ناودا نییە |
کەچی تۆ ئەڵێی بامیەکەم ترشە | ئەم خەڵکە هەمووی ڕووی لە تۆ گرژە |
دە باوکە ئێرە خۆ «کەرکوک» نییە | مەلا بامێ بێ بەو تووڕەییە |
یا ئەگەر ترش و ترشی خرابە | ڕووی خۆت ترش مەکە، شیرین بە، چا بە |
ئەگینە کە تۆ مۆن و ترشڕووی | دەمی کەس کیسە نییە بیدرووی |
هی وامان هەیە کە لە خوا ئەدوێ | ڕزگاری لە توانج بۆ کێ ئەلوێ؟ |
بۆچ پێغەمبەریان لە شار دەرنەکرد؟ | ئیمان ناهێنرێ بە کەس، دەستوبرد |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 581 و 204
1939/09/21
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|