حەفسە! بەهارە گوڵ گەشایەوە
Appearance
پیرەمێرد لە ٢٥ ی ئابی ساڵی ١٩٤٩دا ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بۆ داخستنی گەلاوێژ وتووە:
حەفسە! بەهارە گوڵ گەشایەوە | ئاوی کارێزی شەریف ژیایەوە |
هاڕەهاڕی ئاو، خوێندنی بلبل | سەد بار پیریش بی شەوق ئەدا بە دڵ |
چوالە گوڵی کرد، ئەرخەوان سوورە | هێشتا پشێوی لە ناو شار دوورە |
گوڵاڵە سوورە بووکی بەهارە | منیش بۆ بووکێک دڵم داغدارە |
بەفر و هەڵەکۆک لە من قەوماوە | گوڵ بە تۆفیقی هەولێر براوە |
تا تۆ و «فەهیمە» خوش بن من هەروام | با وجوود هەتا دەمرم بە تەمام |
نەیسە بێینەوە سەر باسی بەهار | وا سەوز بوو سێو و هەڵووژە و هەنار |
شنگ و هەڵەکۆک پرچیان درێژ کرد | هێندەم پێشۆک خوارد کەللەمی گێژ کرد |
دارێکی زۆرم کرد بە بێڵەکان | ئەیدەم بە ئێوە بۆ بن گۆزروان |
وا بە خلەخل نیسانەکەش هات | چارشێوی سەوزی پۆشێوە وڵات |
سی و جگەری زستان دەڵێن زۆر چاکە | بن تووەکەشمان ماڵیوە و پاکە |
شیش و مقەڵی و ئاگرم داناوە | تەماتەی سەوزی پاریشم ماوە |
پشتەمەغزە و دووگ، گورچیلەش دێنم | هەرچی بیفڕێنێ قۆڵی دەشکێنم |
بەنگوکە و پیاز و کەوەر و تەرخوون | لەگەڵ بەهارا هەموو پەیدا بوون |
سەرتوێژی ماست و پەنێری تازە | هەموو بەغداد بۆی ئاواتەخوازە |
ئاخ ئا ئەم بەزمە بە تۆوە خۆشە | ئێوەی تیا نەبن بێتامە و بۆشە |
شایی نەورۆزم کرد بە ناو و داو | ئێوە دیار نەبوون لێم بوو بە زووخاو |
توخوا و پێغەمبەر بەسیە غەریبی | ئەو عومرە خۆشە لەگەڵ ئێمە بی |
وا بە شوێنتانا خۆم دێمە ئەوێ | لام وایە میرزا منی خۆش ئەوێ |
ئەگەر تەشریفی بێتەوە ئێرە | ئەوانی ئێرە ئەبنە گای گێرە |
لە سایەی خواوە لە کاراین، زۆرین | میرزا گەورە بێ خۆش ڕائەبوێرین |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|