تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار
Appearance
| تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار | خانووی کردبوو لەسەر یەک چنار |
| بە عەیش و شادی بە خۆشی ژیان | لەسەر ئەو دارە کردی ئاشیان |
| ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێوی حیلەکار | ڕێڕەو بوو ڕێگەی کەوتە بنی دار |
| ساتێ ڕاوەستا لوتی هەڵبڕی | لەسەر دارەکە تەیرەکە فڕی |
| بانگی کرد ئەی تەیر لەو دارە بەرزە | بێرە خوارەوە بۆ سەر ئەم عەرزە |
| ئەگەر بە قسم قەناعەت نەکەیت | هەر بە دەستی خۆت، خۆت ڕیسوا ئەکەیت |
| بە کلکی تیژو ئەستووری زۆردار | دار لەت لەت ئەکەم هەر وەکوو مشار |
| کاتێ کە دارم کرد پارە پارە | مەردو نامەردی ئەو وەختە دیارە |
| بێ سزاو زەرەر هەر بە دەستی خۆم | کەوڵت ئەکەم و بە ژەمێک ئەتخۆم |
| *** | |
| هەڵۆ خڕو جوان لێی هاتە گوفتار | وتی: مام ڕێوی جادووی حیلەکار |
| سیحری تۆ مەعلوم لای من بەتاڵە | عەقڵت عەبەسە فیکرت مەحاڵە |
| بڕۆ لە ڕێی خۆت خوا ڕزقت بدات | من نێچیرت نیم مەعلوم بێ لە لات |
| هەڵۆ زۆر ڕەجاو تەشەبووسی کرد | لە لای مام ڕێوی تەئسیری نەکرد |
| بە قەهرو غەزەب لەسەر دار فڕی | سواری ڕێوی بوو تا ورگی دڕی |
| ڕێوی کرد پارە وەک شێری جەنگی | جەرگی دەرهێنا بە زۆری چنگی |
| *** | |
| ڕێوی بۆ تەماع وازی نەهێنا | نە هیچی دەستکەوت، سەریشی دانا |
| ئاخ لە بۆ کەسێ نەچێ بە قارا | لەگەڵ دوژمنا بکا مودارا |
| تاکو فرسەتێ دەسکەوێ ڕۆژێ | یەخەی پێبگرێ و خوێنی بڕێژێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|