تەئریخی جاف/فەسڵی نۆهەم

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
تەئریخی جاف  (1949)  by کەریم بەگی جاف
فەسڵی نۆهەم

بەحسی ڕیاسەتی کوڕەکانی محەمەد پاشایە.

لە تەئریخی هەزار و دووسەد و نەوەد و نۆی هیجریدا مەحموود پاشا بوو بە ڕەئیسی عوموومی جاف و بەگزادە و قایم مەقامی ئەڵەبجە. خۆی و براکانی لە پێش هەموو شتێکا عوموومی هیممەتی خۆیان سەرفی ئیقدامی حەقی محەمەد پاشا لە کەرەم وەیسی کە فیرقەیێ بوون لە شاتری و ئەو موعامەلەیان کرد، کردیان. ئەو فیرقە کە چوارسەد ماڵ بوون یەک دەفعە مەحوویان کردنەوە، نە لە خاکی بابان و نە لە ئێراندا ماڵێکیان نەماوە و نەیانهێشتن. بە قەرارێ وەکوو بیستوومە یێژن: دوو پیاویان کە کوڕەزایانن لە کرماشان ماون، ئەوانیش بوون بە شیعە و ئیسمیان لەناو جافی مورادیدا مەگەر بە ناوی وارگەکان و جێگە خێڵەکانیانەوە مابێ ئەگەنا نەماوە.

مەحموود پاشا لە ساڵی هەزار و سێسەد و یەکدا لە تەرەفی سوڵتان حەمیدەوە ڕوتبەی میری میرانی بۆ هات و مەحموود پاشا کە لە ئەڵەبجە قایم مەقام بوو، عوسمان پاشا بەسەر پشتماڵەوە بوو، ئیدارەی عوموومی جافی ئەکرد تا ساڵی هەزار و سێسەد و حەوت، مەحموود پاشا زۆر بە تەرەقی و دەستڕۆین لە ئەڵەبجەدا بوو، لە عەینی ساڵدا لە وەقتی بەهاردا، نامێق بەگی میر ئاڵا بۆ تەشکیلاتی اراضی سنیە هاتە شارەزوور ماڵی عوسمان پاشا، لەسەر ئاوی زەڵم لەناو پشتماڵەدا ئەبێ، خزمەتێکی زۆری پێ کرد و میواندارییەکی زۆر چاک کرا و زۆر لە عوسمان پاشا و هەیئەتی ماڵی ڕازی ئەبێ و عوسمان پاشاش ئەم خزمەتە کە پێی ئەکا هیچ مەتڵەبێکی پێی نابێ و قاعیدەی ماڵی عوسمان پاشا، چە لە عەشایریدا و چە لە دانیشتندا زۆر میوان پەروەر بووە. وەقتێ کە ئەچێتە ئەڵەبجە مەحموود پاشا موبالاتی پێ ناکا، ئەڵێ بە مەحموود پاشا: من هاتووم ئەم ئەنهارانە کە داخڵی تاپۆ نەبوون بۆ سوڵتان عەبدولحەمید خەریتەی بگرم و تاپۆی ئەکا. مەحموود پاشا ئەڵێ: موڵکی میللەت عوموومی موڵکی پادشایە و پادشا لەناو موڵکی میللەتدا موڵکبوونی باعیسی مەغدووریەتی میللەتە.

خولاسە بە عاجزیی ئەگەڕێتەوە سلێمانی، تەلغرافێ بۆ سوڵتان عەبدولحەمید ئەنووسێ تاکوو مەحموود پاشا لە ئەڵەبجە قایم مەقام بێ اراضی سنیە بۆ تۆ سەر ناگرێ و بەڵکوو تەئسیر ئەکاتە لیواکانی تری عێراقەوە و عوسمان پاشا کە ئێستە وا لەناو جافدا، بۆ قایم مەقامیی ئەڵەبجە چاکترە.

تەبیعی، مەسئەلەیەکی وا موهیمم سوڵتان عەبدولحەمید عاجز ئەکا، لەپاش پێنج مانگ تەلغرافێ لە ئەستەمووڵەوە، وەقتێ پایز -کە عەشایر بۆ گەرمیان ئەهاتین، وە ماڵمان لە گەورە قەڵا بوو- هات بۆ عوسمان پاشا نووسرابوو: عوسمان پاشا قایم مەقامی ئەڵەبجە و مەحموود پاشا موتەسەڕیفی ئۆرفە. کوڕی گەورەی محەمەد پاشا لەپاش عوسمان پاشا ڕەئیسی جاف ئایا عوسمان پاشا و باقیی کوڕەکانی محەمەد پاشا هەم لەبەر ئەمە کە عوسمان پاشا ئەچێتە ئەڵەبجە و لێیان دوور ئەکەوێتەوە و هەم لەبەر مەحموود پاشا -کە ئەرشەدی ئەولادی محەمەد پاشا بووە و لە جێی باوکیان دانیشتوو- عادەتەن بوو بە تەعزیەیەکی گەورە و ئەمیشیانە لێ مەعلووم بوو کە مەحموود پاشا موتەسەڕیفی ئۆرفە قەبووڵ ناکا و ئەبێتە باعیسی تەفریقی بەگزادە لە یەک و هەم کوڕەکانی محەمەد پاشا نەیان ئەتوانی بڵێن بە عوسمان پاشا: کە ئەم قایم مەقامییە قوبووڵ بکە. لەبەر موحافەزەی جێگە و ڕێگەکەیان مەجبوور بوون بۆ ناردنی عوسمان پاشا ئە ئەڵەبجە.

مەحموود پاشا چوار مانگ لە ئەڵەبجە ماوە و عوسمان پاشا لەو چوار مانگەدا کەمتر موداخەلەی ئومووری قەزای ئەکرد. مەحموود پاشا لە بەهاری ئەو ساڵەدا خۆی و محەمەدعەلی بەگی برای ڕۆیین بۆ ئەستەمووڵ بۆ لای سوڵتان عەبدولحەمید و سوڵتانیش کە مەحموود پاشای لە ئەستەمووڵ دەست کەوت بە سەهیلی ئیزنی نەدا، دوو ساڵ لە ئەستەمووڵدا ماوە و بیست هەزار لیرە لەتەک سێ ئەسپی زۆر چاک و بەعزێ ئەشیای بەقیمەت لەتەک خۆیدا بردبووی، ئەسپ و ئەشیاکان بۆ پێشکەشی سوڵتان و پارەکەش بۆ بەعزێ لە هەیئەتی وزەرا و مەسرەفی خۆی.

لە پاش ساڵێ محەمەدعەلی بەگ هاتەوە بۆ ناو جاف، ئەمما بە محەمەدعەلی بەگدا کاغەزێکی نووسیبوو بۆ لای براکانی: هەر وەقتێ کە نووسیم بۆ دووسەد قەران و لیرەیەک بە تەلغراف کە حەواڵەی بکەنە لای حەمەقەدۆ لە موسڵ ئەوە بۆم بنێرێ، ئەمە لاتان مەعلووم بێ کە من لە ئەستەمووڵ بەڕێی بادکوبەی ڕووسدا فیرارم کردووە، فەتاح بەگی برام لەتەک دووسەد سواردا بێت بۆ ڕەشت، لەوێ لە ماڵی ڕۆستەم بەگ ناوێ، کە ئەسڵەن خەڵقی سلێمانی بووە و لە تایفەی مەحموود بەگی ساحیبقەرانە، خەبەری من ئەزانن و من تا ساڵێکی تریش بەهەر نەوعێ ببێ تەحەمول ئەکەم، بەڵکە لە تەرەفی پادشاوە ئیعادەی لوتفێ ببێ.

ئەم کاغەزە لە بەینی مەحموود پاشا و براکانیا وەکوو «شفرە» وابوو، ئەمما عوسمان پاشایان حاڵی نەکرد، نەوەکوو عوسمان پاشا لەبەر مەحەببەتی جێگە و ڕێگە و نوفووزی خۆی ئەم خەبەرە بڵاو بکاتەوە و مەحموود پاشا لە ئەستەمووڵ دووچار ببێ، ئەگەرچە مەحەببەتی برایەتییان زیاتر بوو، وە هەم دایکیشیان یەک بوو، ئەمما براکانی ئیحتیاتیان ئەکرد، چونکە مەحموود پاشایان زۆر خۆش ئەویست.

مەحموود پاشا لەپاش ئەو ساڵە کە سوڵتان مورەخەسی ناکات لەتەک شێخ قادری شێخ عوبەیدیللا، وە کوڕی بەدرخان پاشا لە ئەستەمووڵا یەک ئەگرن و ئیتیحادێکی قەومییەت ئەکەن و هەرسێکیان فیرار بکەن هەر کەس بۆ مەوقیعی خۆی. جوابی مەئموورینی تورک بدەن.

ڕۆژی وەعدەی ڕاکردن، مەحموود پاشا موەفەق ئەبێ، ئەوان ئەکەونە دوا و خەفیە خەبەریان لێ ئەدا، وە ئەگیرێن. شێخ قادری شێخ عوبەیدیللا ئەنێرنە مەککەی موکەڕەمە، وە کوڕی بەدرخان پاشا بۆ قەتعەیێکی تر نەفی ئەکەن.

مەحموود پاشا ڕۆژی ڕاکردنی تەلغرافێکی نووسیبوو بۆ براکانی لەسەر ئەو قەرارە کە داینابوو، خۆم لە فکرم دێ و لەو وەقتەدا عومرم نۆ ساڵ بوو، تەلغرافەکەیان هاورد، بەگزادەکان لە ماڵی سڵێمان بەگی مامەم گردبوونەوە، نەیانهێشت کەس لە پشتماڵە و جاف بچێتە ناویان، سێ سەعات زیاتر موزاکەرەیان دەوامی کرد. من هەر ئەوەندەم لێ حاڵی بوو فەتاح بەگی باوکم ئەو ڕۆژە سوار بوو، ڕۆیی، نەمئەزانی بۆ کوێ ئەچێ، حەتتا لە ماڵیشەوە ئەهلی ماڵ نەیانئەزانی بۆ کوێ چووە!

بە لەشکرەوە ئەچێتە بیجاڕ، ماڵی عەلیڕەزا خانی حاکمی بیجاڕ و عەلیڕەزا خان دۆستی و یەکجیهەتیی لەتەک تایفەی ئێمەدا زۆری بوو، فەتاح بەگ قسەکەی لەتەکدا ئەکاتەوە، وە عەلی ڕەزاخان ئەڵێ بە فەتاح بەگ هەر چلۆن تۆ برا بچووکی مەحموود پاشای، منیش هەروامە. ئەمما بەم لەشکرەوە ڕۆیینی تۆ بۆ ڕەشت کە سەرحەدی ئێران و حودوودی ڕووسە، ئەمە زۆر بێ موناسەبەتە. من تەدبیرێکی چاکترت بۆ ئەکەم. تۆ لازمە تەبدیلی قیافەت بکەی، سوارێکی من و سوارێکی خۆت، ئەوانیش بە تەبدیلی قیافەت لەتەک تۆدا بێن، سوارەکەی من بۆ شارەزایی ڕێگە و سوارەکەی خۆشت بۆ خزمەتی خۆت و قیسمێ لە لەشکرەکە بگەڕێتەوە، پەنجا سوارێکی لێرە بمێنن تا مەحموود پاشا إن شاء اللە ئەگاتە ئێرە. دەستێ لیباسی «میرپەنجی»ی خۆی بۆ فەتاح بەگ و دوو دەست لیباسی سەربازی ئێران بۆ پیاوەکان ئەیانداتێ. لە بیجاڕەوە بە ڕێگەی تارم و خاڵخاڵدا ئەچن بۆ ڕەشت.

کە وەقتێ فەتاح بەگ ئەگاتە ڕەشت ئەچێتە ماڵی ئەو ڕۆستەم بەگە، لەوێ خەبەری لێ ئەپرسێ، ناوی مەحموود پاشا نابا، ناوی ئەو پیاوە ئەبا کە لەتەک مەحموود پاشادا ئەبێ، وەکوو مەلا محەمەدی سنەیی بێ، چونکە ئەو مەلا محەمەدە سنەیییە ئەبێ بە واسیتەی دۆزینەوەی ئەو ڕۆستەم بەگە بۆ مەحموود پاشا. ڕۆستەم بەگ ئەڵێ: ئەم بەیانییە سەعات چوار مەلا محەمەد خۆی و پیاوێک لێرە حەرەکەتیان کرد بۆ تەرەفی سنە، ئیمشەو هان لە چوارشەممە بازاڕ، کە پێنج سەعات لێرەوە دوورە. هەر ئەو شەوە فەتاح بەگ دێتەوە چوارشەممە بازاڕ، ئەمما ناچێتە ئەو کاروانسەرایە کە مەحموود پاشای تێدا ئەبێ، نەوەک مەحموود پاشا لەخەو هەڵبسێ و بکەوێتە غایلەوە، ئەچێ لە کاروانسەرایەکی ترا دائەبەزێ، بەیانیی زوو ئەچێ بۆ لای مەحموود پاشا، مەحموود پاشا سەعاتێ لە شەو ئەمێنێ سوار ئەبێ ئەڕوات. فەتاح بەگ خۆی و ڕەفیقەکانی بە غار ئەڕۆن بەشوێنیدا لە ڕێگە ئەیگەنێ.

وەقتێ تووشی ئەبن مەحموود پاشا دائەبەزێ خەبەری براکانی و باقیی بەگزادە ئەپرسێ، بۆ مردنی حەسەن بەگ و قادر بەگی برای زۆر موتەئەسیر ئەبێ، چونکە لە تەئریخی هەزار و سێسەد و هەشتی هیجریدا ئەو دوو کوڕەی محەمەد پاشا، لە بەینی پانزە شەوا، بە عیللەتی چاوەقووڵە مردن. لەو تەئریخەدا مەحموود پاشا لە ئەستەمووڵ ئەبێ. ئەگەرچی زۆر تەلغرافیان بۆ نووسیبوو، کە چاوی ئەکەوێ بە فەتاح بەگی برای تەبیعیی بە تازەیی موتەئەسیر ئەبێ. فەتاح بەگ زۆر دڵخۆشی ئەداتەوە و هەر لەو جێگایەدا مەحموود پاشا تەبدیلی قیافەتی خۆی ئەکا، لەبەر ئەمە کە لە خاکی ڕووسەوە هاتبوو لیباسی ئەهلی ڕووسی لەبەردا ئەبێ، لیباسیان بۆ بردبوو، هەم ماین و تفەنگیشی بۆ ئەبەن.

سوڵتان عەبدولحەمید کە خەبەر وەر ئەگرێ تەلغراف بۆ «ناصر الدین» شا ئەنووسێ: مەحموود پاشا بەسەر خاکی ڕووسدا ڕوو بە ئێران هاتووە، ئەبێ دەردەستی بکەی، بۆم بنێری، وە ئەو سوارانە کە لەتەک فەتاح بەگدا ئەچنە بیجاڕ. ئەم خەبەرە لە ئێرانا بڵاو ئەبێتەوە شاهـ ئەمر ئەدا بە عەلیڕەزا خانی حاکمی بیجاڕ لەباتیی ئەوە بیگرێ ئەڵێ: ئیحتیرامی بگرە و ئیستیقبالی بکە بە عەسکەرەوە. وەقتێ کە مەحموود پاشا ئەگاتە بیجاڕ عەلیڕەزا خان بەو فەوجە عەسکەرەوە کە لە بیجاڕا ئەبێ ئەچێ بە ئیستیقبالیەوە، زۆر خدمەتی ئەکا و چوار شەو لە ماڵی عەلیڕەزا خان ئەمێنێ. وە لە بیجاڕەوە دوو سواریان ناردەوە بۆ ئەم خەبەرە.

لەم شارەزوورەوە عوموومی بەگزادە و عوموومی لەشکری جاف لەتەک بەگزادەی هەورامیی لهۆندا نزیکی چوار هەزار سوار چوون بۆ ئیستیقبالی، لە پردی گاڕان لەشکرەکە بە عوموومی گەیشتنێ. پشتماڵە و جاف لە شارەزوور بوو، هاتنەوە.

حوکوومەتی تورک کەوتە پەلەپەل بۆ مەحموود پاشا، چوار ڕۆژ دوای هاتنی مەحموود پاشا دوو هەزار عەسکەری پیادە هات بۆ ئەڵەبجە. ئەو ڕۆژە عوموومی لەشکری جاف لە پشتماڵە بوو. عەبدوڵڵا پاشا کە ڕەئیسی فیرقەی بارام بەگی بوو لە بەگزادە، سور بوو بۆ سەر ڕێی عەسکەرەکە. مەحموود پاشایش حەزی ئەکرد بەو شەڕە. محەمەدعەلی بەگی برای مەحموود پاشا زۆر پەلەپەلی کرد بۆ مەنعی شەڕ و باقیی براکانی تری، وەکوو سڵێمان بەگ و فەتاح بەگ تالیب بوون بۆ کردنی. محەمەد عەلی بەگ بە هەر نەوعێ بوو پەکی ئەو شەڕەی خست لەو ڕۆژەدا و حەقانییەت ئیسباتی کرد فیکرەکەی.

عەسکەرەکە بە سەلامەت چوونە ئەڵەبجە لای عوسمان پاشا، لەپاش سێ، چوار ڕۆژ پشتماڵە باریان کرد بۆ قەزای کفری. وەقتێ کە ماڵ گەیشتە کانی چەقەڵ، جێی زووسانەی بەگزادە، سەیید عەبدولحەمید ناوێ لە تەرەفی پادشاوە هات بۆ لای مەحموود پاشا ئیقناعی بکا بچێ بۆ ئەستەمووڵ. مەحموود پاشا ئیمراری وەقتی ئەکرد تاکوو محەمەدعەلی بەگی برای چووە بەغدا لای نەسرەت پاشا موشیر، کە نەسرەت پاشا شتێکی وا بکا کە مەحموود پاشا نەچێتەوە بۆ ئەستەمووڵ و پادشا عەفوی بکا. نەسرەت پاشا ئەڵێ بە محەمەدعەلی بەگ: لازمە مەحموود پاشا بێت بۆ لای من ئە بەغدا.

محەمەدعەلی بەگ لە بەغدا هاتەوە لەتەک مەحموود پاشادا موزاکەرەی کرد بۆ ڕۆئینی بۆ بەغدا. مەحموود پاشا لەسەر قەول و تەئمینی نەسرەت پاشا کە بە محەمەدعەلی بەگی برای دابوو چوو بۆ بەغدا. لە ماڵی نەسرەت پاشای موشیر دائەبەزێ. نەسرەت پاشا تەلغراف ئەنووسێ بۆ زاتی شاهانە، جوابی تەلغرافەکە ئەداتەوە: لازمە مەحموود پاشا بێتەوە بۆ ئەستەمووڵ، نەسرەت پاشا دووبارە تەلغرافێکی زۆر باش بۆ نەچوونی ئەنووسێ. دووبارە جواب ئەداتەوە: قابیل نییە ئەبێ بێ بۆ ئەستەمووڵ. سوڵتان عەبدولحەمید لەو ڕاکردنی مەحموود پاشایە لە ئەستەمووڵ زۆر عاجز ئەبێ.

مەحموود پاشا ئەڵێ: ئەڕۆمەوە بۆ ئەستەمووڵ ئەمما بە ڕێگەی موسڵ دا ئەڕۆم، لە کفریوە، چونکە پارە و ئەسبابم وا لە ماڵدا، لەوێوە ئەنێرم بۆم بێتە کفری. تابوور ئاغاسییەک لەتەک پانزە سوار ژاندرمەدا بۆ ڕێک ئەخەن لەتەکیا بن تا موسڵ.

محەمەدعەلی بەگی برای سێ ڕۆژ بەر لە حەرەکەتی ئەو لە بەغدا ڕوو بە پشت حەرەکەتی کرد. بە گەیشتنی ئەو پشتماڵە عوموومی بەگزادە لەتەک لەشکری عەمەڵە و پشتماڵە و شاتریدا و لەشکری گەڵاڵی بە عوموومی هەزار و پێنجسەد سوار لە ڕۆژی گەیشتنی مەحموود پاشا ئە قەرەتەپە بەم لەشکرە گەورەوە داخڵی قەرەتەپە ئەبن. نییەتی تاڵانکردنی قەرەتەپە ئەکەن، مەحموود پاشا نایەڵێ و تابوور ئاغاسی، کە لەتەک مەحموود پاشادا ئەبێ، ئەچێتە لای مەحموود پاشا ئەڵێ: موحافەزەی نامووسم بکە، مەحموود پاشا ئەو شەوە زۆر حورمەتی ئەگرێ و ئینعامیشی لەگەڵا ئەکا.

بەیانی لە قەرەتەپە بەو لەشکرەوە بەسەر زەنگاباد و پاڵانیدا بە ڕاو کردن هاتەوە بۆ کانی چەقەڵ لەناو پشتماڵەدا تاکوو بەهار دانیشت. لە وەقتی بەهاردا کە عەشایر ئەگەڕاوە بۆ شارەزوور و کوێستان، وە جاف لە دەوری سیارە و پشتماڵەکانیش لە زەماوەنگە بوون لە سلێمانیوە شێخ مارفی قازانقایە کاغەزێکی بە خەفیە بۆ مەحموود پاشا نارد: کە وا دوو هەزار سوارە و چوار هەزار عەسکەری پیادە بۆت حەرەکەتی کرد. مەحموود پاشا کە ئەم خەبەرەی وەرگرد لەتەک فەتاح بەگدا لە ئاوی سیروان پەڕیوە، چووە کەژی زمناکۆ و عەشیرەتی یەزدان بەخشی لە شەمێراندا لەتەک عەشرەتی تاوەگۆزیدا بە عومووم چوونە ئەلای. فەتاح بەگ گەڕایەوە بۆ پشتماڵە، لەو عەسکەرە کە بە عومووم گەیشتن، عوسمان پاشا کە لە ئەڵەبجە بوو بە عەجەلە کاغەزی نووسی بۆ براکانی، نووسی کە: بە هیچ نەوعێ شەڕ لەتەک ئەم عەسکەرەدا نەکرێ و نە خۆتان و نە بێڵن جاف تەعەڕوز بەم عەسکەرە نەکەن. ئیشی مەحموود پاشایش چاک ئەبێ و ئەم عەسکەریشە لە مەحموود پاشا زیاتر حەقی بەسەر کەسەوە نییە، هەموو بەگزادە کەسی لە ماڵ دەرنەچوو، عەسکەرەکە تا ئەلای پشتماڵە خەبەری مەحموود پاشایان پرسی، وتیان: چووە بۆ شارەزوور لەپاش شەوێ عوموومی ڕوو بە شارەزوور گەڕاوە. وەقتێ ئەگەنە سەر سیروان لە تەرەفی شەمێراندا خەبەری مەحموود پاشا ئەزانن کە وا لە زمناکۆ نزیکی چل، پەنجا کەڵەک ئەبەستن کە بپەڕنەوە. مەحموود پاشا کە ئەم خەبەرە ئەزانێ لەبەر سەلامەتیی عەشیرەتی یەزدان بەخشی بەخۆی و سی سوارۆ لە خواری عەسکەرەکەوە، لە کۆتەرەڕەش لە سیروان ئەپەڕێتەوە. تەسکەرەیێ ئەنووسێ بۆ کەریم بەگی قایم مەقام: ئەگەر ئێوە مەقسەدتان منە لەم پەڕینەوە من لە زمناکۆ نیم.

کەریم بەگی قایم مەقام خەتەکەی مەحموود پاشا ئەناسێ و بە دووربین، هەم فەرقی سوارەکان ئەکا بە خۆی و عوموومی ئێسر سوارەکەیەوە ئەکەوێتە شوێن مەحموود پاشا ڕوو بە دەشتی شارەزوور مەحموود پاشا بەڵەدیی ئەبێ لە دەشتەکەدا و ئەوان نابەڵەد ئەبن. عەسکەرە سوارەکە ئەخاتە چەمی ساردکەوە، بە سێ سەعات لە قوڕ نەجاتیان نابێ! تا ئەوان لە قوڕ نەجاتیان ئەبێ مەحموود پاشا ئەچێتە بانی بنۆک سەر کەژی هەورامان. برزوو بەگی ڕەئیسی هەورامانی تەخت بە چوارسەد تفەنگەوە ئەچێتە ئەلای عەسکەری تورک. مەعلوومە تەجاوزی حودوودی نەئەکرد، شەش، حەوت ڕۆژ لە شارەزووردا عەسکەرەکە ماوە، عوموومی چوونە ئەڵەبجە.

مەحموود پاشا دووبارە گەڕاوە بۆ زمناکۆ. تا ئەمانە کرا عوموومی جاف و بەگزادە گەیشتنە شارەزوور، مەحموود پاشا لە زمناکۆوە تەلغرافێکی نارد بۆ سلێمانی نووسییان بۆ سوڵتان حەمید کە: من بە عەسکەر ناگیرێم. بەم شەرتە مەئمووری حوکوومەت لەتەکما نەبێ و لە هەموو شارێ بەسەربەستی تیا بم خۆم یەمەوە بۆ خدمەتت و سوڵتان عەبدولحەمید خان دووبارە مەرحەمەتی کرد و تەلغرافەکەی قوبووڵ کرد و ئەمری دا بە هاتنەوەی بەو نەوعە کە خۆی تەڵەبی کردبوو، عەسکەرەکەی ئەڵەبجە ڕۆییەوە بۆ سلێمانی و کەرکووک.

مەحموود پاشا هاتەوە پشتماڵە، خۆی و عەلی بەگی کوڕی کە لەو وەقتەدا عومری سێنگزە ساڵ بوو، چوو بۆ ئەستەمووڵ. سوڵتان عەبدولحەمید ئەم موعامەلەیەیی نەخستە ئەڕووی. لەپاش ساڵێ مانەوەی لە ئەستەمووڵ ئیعادە مەرحەمەتێکی زۆری لەتەکدا کرد، مەعاشی بۆ بڕیوە و پانگزە موقاتەعەی گەورەی لە قەزای کفری و قەزای ئەڵەبجە و سلێمانیدا دایە بە پێنج هەزار لیرە و پارەکەیشی بە پێنج ساڵ بیدا و لە پاش سێ ساڵ ڕوخسەتی دا و ناردیەوە ناو جاف و شارەزوور و کردی بە ڕەئیسی جاف.

لە ساڵی هەزار و سێسەد و دوانگزەی هیجریدا هاتەوە ئە شارەزوور، تاکوو ساڵی هەزار و سێسەد و بیست و شەشی هیجری لە کەمالی تەرەقی و دەستڕۆیین و نوفووزێکی زۆر لەناو عەشایرا دەوامی کرد، بە نەوعێکی وا لە ویلایەتی سنە و کرماشاندا زیاتر دەستی ئەڕۆیی تاکوو لەناو جافدا! براکانی لەم بەینەدا هەموویان مردن و مەحموود پاشا خۆیشی پیر بووبوو و تاقەتی بەعزێ موعامەلەی دنیایی نەمابوو، حوکوومەتی تورکیش لەپاش ئیعلانی مەشرووتییەت فکریان گۆڕا، مەحموود پاشا دەرکەناری و بێ دەغڵیی لە هەموو شت پێ خۆشتر بوو.

لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەژدەی میلادیدا ئینگلیس هاتە کفری و لیوای کەرکووک و سلێمانی سوقووتی کرد لە دەست تورک. مەحموود پاشا بە خۆی و پشتماڵەکەیەوە لە قەزای ئەڵەبجە مانەوە. ئەو ساڵە لە هاویندا نەچوونە قزڵجە و خۆی بە زوستان ئەچووە نەرگسەجاڕ و بە هاوین لە شەمێران ئەما، تا لە تەئریخی ١٢٣٩ی هیجریدا لە ١٥ی مانگی شەعباندا لە ڕۆژی چوارشەممەدا بە عومری حەفتا و هەشتەوە بە ڕەحمەت چوو. لەسەر چەمی سیروان لە شەکمەیدان و لە جامیعی قزرابات -کە بناگە ڕاوی خۆیەتی و مەوقووفەیەکی زۆری لە خانەقی و قزرابات بۆ داناوە کە ساڵی هەزار لیرە واریداتی ئەبێ- مەدفوونە لەتەک کەیخوسرەو بەگ و ئەحمەد بەگ کە کوڕینی و محەمەدئەمین بەگ کە کوڕی کەیخوسرەو بەگە و محەمەد بەگ کە کوڕی محەمەدعەلی بەگی برایەتی.

مەحموود پاشا پیاوێکی زۆر ساحێب ئیحسان بوو، ئەگەرچی بۆ حسابی دونیایی قوسووری نەئەکرد، تەرەفی خودایی زۆر موحافەزە ئەکرد و زۆر ساحێبی نەقد بوو، کوللی ساڵێ زەکاتی شەرعیی لەو پارە نەقدییەی دەرکردووە. وە کوللی ساڵێ فەرزی کردبوو لەسەر خۆی کە چل کەس بە پارەی خۆی بنێرێتە حیجاز و ئەم موعامەلەی تا چوار ساڵ بەر لە مردنی دەوامی کرد. هەر وەکوو مزگەوتی قزراباتی دروست کردوە، مزگەوتی دەککە و مەدرەسەی خانەقی، ئەوانیش لە بینای ئەون. وە لە کانی چەقەڵیشا زیاد لە بیناکانی محەمەد پاشای باوکی بینایەکی گەورەی کردووە.