تەئریخی جاف/فەسڵی دووەم

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
تەئریخی جاف  (1949)  by کەریم بەگی جاف
فەسڵی دووەم

ئەم تایفانە لەناو خۆیانا چەند فیرقەیە و ناوی گەورەی فیرقەکانی کێن؟

میکایەڵی چوار فیرقەیە: محەمەد ئەلیوەیسی، ڕەشوبۆری، شوانکارە، ئاڵی بەگی.

فیرقەی محەمەد ئەلیوەیسی تەخمینەن دانیشتوو و گەڕیاویان هەزار ماڵ ئەبن. حەوسەدیان گەڕیاون و سێسەد ماڵیان دانیشتوون. گەورەیان ڕۆستەمی حەسەنی حاجی قادرە و میرزای حاجی حسەینە و عەلی حاجی قادرە.

دانیشتووەکانیان لە ئاژداغی دەلۆ و کچان و تەرەفی ژاڵە و ڕەبات و کارێزە و کۆیک و ناحیەی تانجەرۆ، چ لە تەرەفی عەربەت و قەراڵی و چ لە تەرەفی نەمەڵ و بێ پوورە و قسرد، دائەنیشن. تەخمینەن ئەم فیرقە سێسەد سوار و سێسەد پیادەی موسەللەحیان ئەبێ. لە ڕێگەی زوستانەیانەوە کە سەگرمە و دەربەندئاوداری باسەڕەیە ئەچنە قەرەداغ و لەوێوە ئەچنە ناحیەی تانجەرۆ و لە ڕێگەی پووشێنەوە داخڵی ناحیەی سرۆچک ئەبن و لە ڕێگەی گژی تاری دەرەوە ئەچنە قزڵجە کە ناحیەی پێنجوێنە. لە تەرەفی سەری باپیرە کە شیمالی پێنجوێنە، ڕەش دەوار هەڵئەدەن، لەوێوە ئەچنە چەمی بێسان و ڕەشید و لە چەمی بێسانەوە داخڵی خاکی ئێران کە مەحەلی هاوین و ناوی نەکەرۆز و کەلی خانە لە بەینی بانە و سەقزدایە ئەمێنن.

فیرقەی دووهەم کە ڕەشوبۆرییە:

ئەم تایفە وەکوو محەمەدئەلیوەیسی بوون. سی ساڵ لەمەوبەر خۆم بۆ تەکالیفی عەشیرەتی چوومەتە ناویان، زۆر بە تفاق و دەوڵەمەند و ساحێب سوار بوون. بیست ساڵ لەمەوبەر لەتەک عەسکەری تورکا بە شەڕ هاتن، نزیکی بیست عەسکەریان لە تورکەکان لە شارباژێڕ کوشت و تورکەکانیش لەوان نزیکی بیست کەسێکیان کوشت. لەم خسووسەوە دووچاری فەرتەنەیەکی گەورە بوون، بەشی گەڕیاویان زۆر کەم بۆوە و زەرەری مەڕ و بزن و باقی حەیواناتیان بوو، مەئموورەکانی لیوای سلێمانی بە چاوی دوشمنی تەماشایان ئەکردن. زۆر نوقسانی هات بەسەریانا. ئێستە گەڕیاویان دووسەد ماڵ ئەبێ و دانیشتوویان سێسەد و بەڵکوو چوارسەد مالێش ئەبێ و ئەمانە لە تەرەفی مەملەحە و قەیتوول و دەرەبایز و ئیمام شاسوار و سەدوبیست و زڕگوێزەڵە و زڕگوێز لە ناحیەی تانجەرۆ دائەنیشن و گەڕیاویان لە ڕێگەی دەربەندئاودار و سەگرمەوە ئەچنە قەرەداغ و لەوێوە ئەچنە ناحیەی تانجەرۆ و لەپشت سلێمانی و وێڵەدەرەوە ئەچنە شارباژێڕ و لە چەمی ئاشانەوە ئەچنە سەر ڕێی پیرێژن گلێنی تاریدەر و لەوێوە داخڵی ناحیەی قزڵجە کە پێنجوێنە ئەبن و لەوێوە ئەچنە سەر باپیرە و لەسەر باپیرەوە ئەچنە چەمی ڕەشید و بێسان و داخڵی خاکی ئێران ئەبن و لە مەوقیعی حەمەئەلیوەیسی لەبەینی سەقز و بانەدا دائەنیشن و گەورەی ئەم فیرقە محەمەد خان سڵێمان ئەحمەد خیبالی و فارسی عەزیز مەردان و مەجید مەردان و مەحموود یووسفە. ئەمڕۆ سەد سواریان ئەبێ و دووسەد پیادەی سیلاحداریان ئەبێ و زۆر لە زەمانی پێشوو کەمترن.

فیرقەی سێیەم کە شوانکارەیە:

ئەم فیرقە سەد و پەنجا ماڵ گەڕیاویان ئەبێ و دانیشتوویشیان سەد و پەنجا ماڵ زیاترە، دانیشتوویان وان لە هەشەزین و کوورە گەچینە و گۆپتەپەی سەنگاو و ژاڵە و دوودەر و لە ڕێگەی ڕەشوبۆری و حەمەئەلیوەیسیوە ئەچنە سلێمانی، لە تەرەفی ئاوبارە و ئاشەسپی ئەبن و لەوێوە بە گۆیژەدا ئەچنە گەڕەدێ و چەمی ئاشان و داخڵی ناحیەی پێنجوێن، هەروەکوو حەمەئەلیوەیسی و ڕەشوبۆری ئەچنە خاکی ئێران و لەجێی ئەوانا دائەنیشن و گەورەی ئەم فیرقە ڕەمەزانی بەخشە و ناسری مەحموودە، سەد سوار و سەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و ئەم فیرقە لەناو میکایەڵیدا زۆر ئازا و دڕن.

فیرقەی چوارەم: ئاڵی بەگییە.

ئەم فیرقەیە گەڕیاویان سەد و بیست ماڵ ئەبێ و دانیشتوویان لە سەنگاو و لە تانجەرۆ سەد و پەنجا ماڵ ئەبێ. حەفتا سوار و هەشتا تفەنگداریان ئەبێ. گەورەیان حەمەساڵحی حاجی نادر و حەمەخورشیدی حاجی شاسوار و حەمەتالیبی برایەتی. ئەمانە عەینەن وەکوو حەمەئەلیوەیسی و ڕەشوبۆری ئەچنە تانجەرۆ و لەو ڕێگەوە ئەچنە پێنجوێن و خاکی ئێران. ئەم فیرقە پیاوی موسوڵمانیان زۆر بوو و خۆم گەورەکانیان کە دیومن زۆر پیاوی چاک بوون و حەزرەتی مەولانا خالید، کە ئیحتیاجی بە تەعریف نییە لەم فیرقەی میکایەڵییەیە کە ئاڵی بەگییان پێ ئەڵێن و شاعیری مەشهووری کورد کە جەنابی نالییە ئەویش لەم فیرقەیە.

وە بەعزێ فیرقەی تر وەکوو میرەیی، کاکلی، ڕژدەیی، ئاخەسووری، ئەمانەش میکایەڵین و ئەمانە لەبەر کەمی لەناو باقیی فیرقەکانا شارراونەتەوە. عوموومیان تەخمینەن دووسەد و پەنجا ماڵ ئەبن و نیوەیان دانیشتوو، نیوەیان گەڕیاون و بە ئیعتیباری عومووم پێیان ئەڵێن میکایەڵی. ئەم تایفە سی ساڵ لەمەوبەر زۆر تەرەقییان بوو، لە حەد بەدەر دەوڵەمەند بوون. خۆم لە فکرم دێ باوکم کە فەتاح بەگە لەتەک عەبدوڵڵا پاشادا کە بەشی گەورەی میکایەڵی لە حسابی تەقسیماتی ئێڵی کە لە بەینی بەگزادەدا کرابوو عایدی عەبدوڵڵا پاشا بوو بۆ ژمارەی بزن و مەڕیان چوونە ناو میکایەڵی عەدەدی حەیوانیان گەیشتە سەد و بیست هەزار سەر و خۆم لە باوکم ئەبیست ئەیفەرموو: سی هەزار سەر شارراوەیان زیاتر بووە. ئێستە ئەو دەوڵەتەیان نەماوە و لەو سەرەدا تەخمینی میکایەڵییان بە پێنج یەکی عەشرەتی جافی مرادییان ئەکرد و تەخمینەن سەد ماڵی وای تێدا بوو کە هەزار لیرە پارەی نەقدی ببێ و زۆری سەرخێڵەکانیان حاجی بوون، پارەی زۆریان بوو، ئەچوون بۆ حەج. سی ماڵی وا لەناو میکایەڵییا بوو کە ساحیبی ڕەووگ بوو، یەعنی کە سەد ماینی یەڵخیی بوو لە سەحرادا. ئێستە لەو ماڵانە چواریان نەماوە. حاجی قادر کە باوکی حەسەنی حاجی قادرە، بە تەنها سێسەد ماینی یەڵخیی بووە، لەمەوبەر کە وەها دەوڵەمەند بوون پیاوی چاکیان زۆر بوو، ئەمما ئیستە کە فەقیر بوون خراپیان زۆرە. ئەوسا دزیان نەبوو ئیستە پەیدایان کردووە، وەقتە بنووسم بەقەدەر گەڵاڵی دزیان هەیە.

تایفەی دووەم: شاترییە.

ئەمانیشە تایفەیەکی گەورەن لەناو جافدا، لەناو خۆیانا بە چوار کۆمەڵ ناو ئەبرێن: کۆمەڵی برایمی، میروەیسی، وردەشاتری، یوسوجانی. کۆمەڵی برایمی دووسەد ماڵ گەڕیاو و دانیشتوویان سەد ماڵ ئەبن. گەورەیان حەمەی مەحموود و حەمەی برایمە. دانیشتووەکانیان لە باوەنوور داخڵی ناحیەی شێروانە و لە دزیایش لە ناحیەی وارماوا و لە کەلی دووڕان و ئەترافیان لە ناحیەی خورماڵ دانیشتوون. ئەمانە گەڕیاویان لە ڕێگەی ملەخوڕنووکە و کانی ئەڵڵاوە دەچنە چوار ملان لە ناحیەی سەنگاو. وە لەوێوە لە ملەی پەیکوڵییەوە ئەچنە ناحیەی وارماوا و لەوێوە ئەچنە ناحیەی خورماڵ لەلای سەیدسادق لە شارەزوور و لە ڕێگەی چەقان و چەوتانەوە ئەچنە ملەکەوە و لەوێوە داخڵی ناحیەی پێنجوێن ئەبن لە بەردەمی مەسوود. بەرامبەری پێنجوێن ئەبەزن و لە خەڵووزەوە ئەچنە شلێر و لەوێوە ئەچنە خاکی ئێران، لە ڕێی سوورەتووان ئەچنە جێگەی خۆیان کە کۆڵ و دۆزەخدەرە و کانی فەرانگێزە، دە سەعات لە سنەوە دوورە.

کۆمەڵی دووەم: میروەیسی.

گەڕیاویان دووسەد ماڵ ئەبێ و دانیشتوویان سەد ماڵ ئەبێ. حەمە فەرەجی ئاخە و قادری پیروەیس گەورەیانن. ئەمانە عەینەن وەکوو برایمی لەو ڕێگەوە ئەچنە ئێران و لە کەژی سوڵتان ئاخزۆتی ئەمێننەوە و ئەمانە شانزە سەعات لە سنەوە دوورن و دانیشتووی ئەمانە لە ناحیەی شێروانە و لە دزیایش کە داخڵی ناحیەی وارماوایە و لە قەرەتەپە، کە داخڵی ناحیەی خورماڵە، دانیشتوون.

کۆمەڵی سێیەم: وردە شاترییە.

گەڕیاویان سەد و پەنجا ماڵ ئەبن و دانیشتوویان هەم سەد و پەنجا ماڵ ئەبن. ئەمانیشە لە ڕێگەی دوو کۆمەڵی پێشوو ئەچنە خاکی ئێران لە قاویل بەگ و شاقەڵا و تەرەفی هەزار کانی دائەنیشن و چواردە سەعات لە سنەوە دوورن و دانیشتووەکانیان وان لە ناحیەی شێروانە تەرەفی کانی چەقەڵ و لە بانی خێڵان و کانی سارد کە داخڵی ناحیەی وارماوان و لە سوەیلەمش و هەیاس، کە داخڵی ناحیەی خورماڵن. گەورەی ئەمانە فەرەجی حەمەی ڕەسووڵ و حەمەی خوسرەو و یەک دوو پیاوی ترن، وەکوو حسەینی حاجی محەمەد و سڵێمانی حەمەی ڕەسووڵ.

کۆمەڵەی چوارەم:کەیوسوجانیە.

ئەمانە گەڕیاویان سەد ماڵ ئەبن و دانیشتوویشیان سەد و بیست ماڵ ئەبێ. ئەمانە لە ڕێگەی داری خلە کە ها بەسەر گژی سێ دارەوە ئەچنە ناحیەی وارماوا ئەسەر ڕێی ئەو سێ کۆمەڵەکەی تر و لە عەینی ڕێگەی چەقان و چەوتانەوە ئەچنە پێنجوێن و لەوێوە ئەچنە خاکی ئێران و لە کوێستانی ئێران لە کەلی باو مێشوولە هەوار دائەنیشن و پانزە سەعات لە سنەوە دوورن. وەڵی و نەژوێنی و کەرۆیی. ئەم فیرقە بچکەلانە سەد ماڵێ ئەبن هان لەناو ئەم کۆمەڵانی شاترییا وەکوو شاتری حسێب ئەکرێن، ئەم تایفە بە عومووم کە پێیان ئەڵێن شاتری چوارسەد سوار و چوارسەد پیادەی تفەنگداریان هەیە، گەڕیاو و دانیشتوویان... .

ڕۆغزادی ئەبێ بە چوار فیرقە: کۆمەڵی حەمەجان، کۆمەڵی سەرحەد، کۆمەڵی ڕۆغزاد، کۆمەڵی سمایڵ.

کۆمەڵی حەمەجان گەڕیاویان سێسەد ماڵ ئەبێ و دانیشتووشیان سەد ماڵ ئەبێ. گەورەی ئەم فیرقە ڕۆستەمی حەمەی مەحموود و حەمە فەرەجی باوەجان و ڕەشیدی باوەجانە. ئەمما بۆ ناو کۆمەڵی خۆی ڕۆستەم لە گشتیان گەورەترە و سڵێمانی حەمەجان ئەویش گەورەیانە ئەمما وا لە ئێران دانیشتووە، بووە بە ساحیبی هەشت، نۆ دێ لە مەحاڵی خوڕخوڕەدا و ئەم چوارسەد ماڵی گەڕیاو و دانیشتووە. عومووم ئامۆزا و برازا و برای یەکن و دانیشتووی ئەمانە وان لە سەرقەڵا کە داخڵی ناحیەی شێروانەیە و هەم لە زەڕایەن و کانی ڕەش و محەمەدخانی، کە داخڵی ناحیەی وارماوان، دانیشتوون، ئەم کۆمەڵی حەمەجانە لە ڕێی کەوەڕێوە ئەچنە بۆرمحەمەد لە ناحیەی سەنگاو و لەوێوە ئەچنە کۆڕی ئەسپ و تاڵەبان و لەوێوە لە کەلی پەیکوڵێوە داخڵی هەردوو ناحیەی قەرەداغ و وارماوا ئەبن و لە کەلی گەورە قەڵاوە ئەچنە کانی ڕەش و زەڕایەن و لەوێوە لە ڕێی بنەجووت و دوودارەوە ئەچنە کەوڵۆز و لە کەوڵۆزەوە بە ڕێگەی هەرزەڵەدا ئەچنە پێنجوێن، لە بەردەمی پێنجوێن ئەبەزن و لە خەڵووزەوە ئەچنە شەیدان و میشیاو. وە لەوێوە بە ڕێی [درەرادا] ئەچنە خوسرەوخان و هانەتاڵە و مەولاناوا و دەرەهوان و کەوکۆسان، کە داخڵی خوڕخوڕە و خاکی ئێرانە. وە ئەمانە هان لە بەینی سەقز و سنە، پێنج سەعات لە سەقزەوە دوورن.

فیرقەی سەرحەد: ئەمانە سەد ماڵ ئەبن.

ئەمڕۆ گەڕیاویان نییە هەموو دانیشتوون، حەفتا ماڵیان وا لای خەلیفە یوونس لە دزکەرە و ئەترافی و سی ماڵیان وا لە قولیجانی سەرحەد. گەورەی ئەمانە خەلیفە یوونس و ئەحمەد ڕۆستەمی ئامۆزایەتی. وە ئەم سەد ماڵە گشتیان برا و ئامۆزای یەکن و دوور نەکەوتوونەتەوە لە یەک. زەلام و سواری تفەنگداریان سەد کەس ئەبن. ئەمانە پانزە ساڵ لەمەوبەر گشتیان گەڕیاو بوون، لەم میقدارەش زیاتر بوون، سەد و پەنجا ماڵ ئەبوون.

کۆمەڵی سێیەم: کە کۆمەڵی ڕۆغزادە، ئەمانە سەد ماڵ گەڕیاویان ئەبێ و دانیشتوویان سەد و پەنجا ماڵ ئەبن، دانیشتووەکانیان وان لە ناحیەی شێروانە دێهاتی سەرقەڵا و لە ناحیەی سەنگاو لە تەپە گەڕووس و بەراوگەل و دێی ئەمینی کاکەمەد و کوردەمیر و لە ناحیەی تانجەرۆ لە دێی سێ تەڵان و قازاو دانیشتوون و گەڕیاویان وەکوو کۆمەڵی حەمەجان لە پەیکوڵیوە ئەچنە قەرەداغ و لەوێوە داخڵی ناحیەی تانجەرۆ لە شارەزوور ئەبن و لە عەینی ڕێگەی کۆمەڵی حەمەجانەوە ئەچنە پێنجوێن و لەوێوە بە ڕێی شەیدان و مشیاوا ئەچنە جێگەی هاوینە کە سێوەسوورە و لە مەحاڵی خوڕخوڕە و چوار سەعات لە سەقزەوە دوورە. گەورەی ئەمانە فەتاحی کامەران و وەسمانی ئەمین و حەیدەری عەزیز و تۆفیقی محەمەدی شاوەیسە.

فیرقەی سمایل گەڕیاویان حەفتا ماڵ ئەبن و دانیشتوویان هەشتا ئەبێ. دانیشتووەکانیان وان لە ناحیەی شێروانە لە دێهاتی سەرقەڵا و بەشێکیان وان لە دێی قەڵاسوورە لە ناحیەی وارماوا، بەشێکیان وان لە دووکان و دووکەرۆ لە ناحیەی قەرەداغ و بەشێکی تریان وان لە محەمەد خانی و مووان و قاڵیی جۆ لە ناحیەی خورماڵ. گەوڕەی ئەمانە مەدحەتی ساڵحی کاکەخان و ڕۆستەمی حەمەی فەتاح و عەولکەریمی ڕۆیتەنە. ئەمانە گەڕیاوەکانیان لە ڕێگەی کۆمەڵی حەمەجان و ڕۆغزادەوە بە پەیکوڵیدا ئەچنە قەرەداغ و وارماوا و لەوێوە ئەچنە مووان لە ناحیەی خورماڵ و لەوێوە بە ڕێگەی کەوڵۆسا ئەچنە پێنجوێن و لە شەیدان و مشیاوەوە داخڵی خوڕخوڕە لە خاکی ئێران ئەبن و ئەمانە لە تەرەفی عیساقاوا و شەدەر دائەنیشن و شەش سەعات لە سەقزەوە دوورن. ئەم چوار تایفە کە پێیان ئەڵێن ڕۆغزادی گەڕیاو و دانیشتوویان بە هەیئەتی عومووم چوارسەد و پەنجا سوار و چوارسەد و پەنجا پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و زۆر ئازا و مەزبووت و شەڕکەرن و لەناو عەشرەتی جافدا بە ئازایی مەشهوورن و زۆر ساحیب نانیشن و ئەمڕۆ پیاوی ساحیب پارەشیان زۆرە و زۆر مەیلیان لەسەر فەلاحەت و کەسابەت هەیە.

تەرخانی تایفەیەکن ئەبن بە دوو فیرقە، بەشی ئەلک و بەشی قاچۆڵ.

گەڕیاویان سێسەد ماڵ ئەبن و دانیشتوویان سەد و پەنجا ماڵ ئەبێ و دانیشتووەکانیان وان لە ناحیەی شێروانە لە تەرەفی سەرقەڵاوە، لە دێی زەردە و تووران و کانی ماران و پیازەجاڕ و لە ناحیەی قەرەداغا دێی هۆمەرقەڵا عیبارەتن لەوان و لە ناحیەی وارماوا لە چبووخ و کانی کەوە و کەریم ئاوا و تەپەکەل دانیشتوون و گەڕیاویان لە ڕێی ڕۆغزادیوە ئەچنە ناحیەی سەنگاو و لە کەلی پەیکوڵیوە ئەچنە ناحیەی قەرەداغ و وارماوا، لەوێوە ئەچنە شارەزوور، لە تەرەفی یەخشی و مالوانەوە لە عەینی ڕێگەی ڕۆغزادیوە ئەچنە پێنجوێن و لە شەیدان و مشیاوەوە داخڵی خاکی ئێران ئەبن و جێی هاوینیان عیبارەتە لە باشوورتی و کانامەد و قەرەخان و ئاڵ غوزاغاج و ئەمانە شەش سەعات لە سەقزەوە دوورن، گەورەی ئەم تایفە بە عومووم حەمە حەسەن و حەمەی شاسوارە. ئەم تایفە فیرقەیێکن لە ڕۆغزادی، یەعنی بە عومووم لە پێنج بران. تەرخانی کە بە ناو جیابوونەتەوە لەبەر ئەمەیە بەشی ئەلکی پیروەیس لە قەدیمەوە خزمەتکاری گەورەی جاف بوون وەکوو بەگزادە بێ و لە تەکالیفی عەشیرەتی تەرخان کراون، یەعنی لە تەکلیف ڕزگار بوون و خسووسەن لە زەمانی ڕیاسەت و گەوڕەیی محەمەد پاشادا زۆر خزمەتی نومایانیان بە محەمەد پاشا بووە و بەم واسیتەوە ئیسمیان لە ڕۆغزایەتی گۆڕاوە و ناوبراون بە تەرخانی و ئەم تایفە گەڕیاو و دانیشتوویان بە هەیئەتی عوموومی دووسەد سوار و دووسەد تفەنگدار ئەبن. ئەمانیش وەکوو ڕۆغزادی زۆر ئازا و شەڕکەرن و ئەمڕۆ زۆریش دەوڵەمەندن بە حەیوان و بە نەقد.

باشیکی: کە یەک فیرقەن سەد ماڵ ئەبن. وە ئەم فیرقە لە «شەرەفنامە»دا کە لە هەزار و پێنجی هیجریدا تەئلیف کراوە ئەمیر شەرەفخانی بەدلیسی کە یەکێکە لە حوکمدارانی کورد ناوی بردوون، ئەمانە دانیشتوویان زۆر کەمە، عەینەن لە ڕێگەی ڕۆغزادی و تەرخانیوە ئەچنە شارەزوور و لە عەینی ڕێگەی ئەوانەوە داخڵی خاکی ئێران ئەبن. لەناو تەرخانی لە باشورتی دائەنیشن. ئەم تایفەیە زۆر کوردن و زوانیان وەکوو کوردی سێسەد ساڵ لەمەوبەر وایە، هیچ نەگۆڕیاوە. چل سوار و چل پیادەیان ئەبێ، ئەمانەش عەلاوەجاتی ڕۆغزادی و تەرخانین. گەورەیان خەلیفە حەسەن و مەحموود یاسینە.

هاروونی: ئەمانەش ئەبن بە چوار فیرقە: کۆمەڵی سەلیم، کۆمەڵی نەدرشەیی، کۆمەڵی قارەمانی و خوڵامی.

کۆمەڵی هاروونی: ئەمانە بە عومووم سێسەد ماڵ گەڕیاویان ئەبێ و سێسەدیش دانیشتوویان ئەبێ. دانیشتووەکانیان لە ناحیەی سەنگاو لە مەحاڵی پێبازا و لە ناحیەی وارماوا لە تووەقووت و جەرداسنە و گوڵان و بێسەڵمێن و کانی بەردینە و قەڵبەزە و لە دێهاتێ کە تابیعی مەرکەزی قەزای هەڵەبجەن، دوو دێیان هەیە کە ناو ئەبرێن بە قارەمانی و خوڵامی و لە ناحیەی خورماڵدا تەپەزێڕینە و قوڵ خورد و قەدەفەری و ڕیشێن. دانیشتووەکانیان لەم دێهاتانە دانیشتوون و عایدی ئەوانە و گەڕیاوەکانیان جێی زوستانیان پێوازە و لەوێوە لە ڕێی دەربەندیخانەوە ئەچنە شارەزوور و لە شارەزوورەوە لە عەینی ڕێی شاتریوە ئەچنە پێنجوێن و لە پێنجوێنەوە لە ڕێی کاسەکەلەوە ئەچنە دەشتی میل و چەمی چنار و لەوێوە ئەچنە گژی سان ئەحمەد و هەزار مێرگ و تەیناڵ و ئەم تایفە کەوتوونە غەربی جەنووبی سنەوە و دوانزە سەعات لە سنەوە دوورن.

ئەم تایفە گەڕیاو و دانیشتوویان دووسەد و پەنجا سواریان ئەبێ و سێسەد و پەنجا پیادەی تفەنگداریان هەیە و ئەم تایفە زۆر ئازا و مەزبووتن. ئەمما زۆر حەز لە پیاوخراپی ئەکەن و شەرەفنامەش وەکوو واشکی ناوی بردوون. ئەمانە گەورەیان عەلی محەمەدئەمین و ئەحمەدی حسەین و عەبدولکەریمی حاجی و عەبدولحەمیدی حەمەئەمینە و هەم حەسەنی حاجی قادر و حەمە تاماسە. ئەم تایفە پانگزە ساڵ لەمەوبەر گەڕیاویان زۆر بوو. چوارسەد سواریان زیاتر بوو. لەتەک عوموومی مەریوانیا دوشمن بوون و نزیکی حەفتا، هەشتا کەسیان لێ کوشتن و لەمانیش زۆر کوژراوە، بە واسیتەی ئەم دوشمنایەتیەوە زۆر تەرەقییان کرد لە ماین و تفەنگ و فیشەک. ئیستەیش دوشمنن ئەمما شەڕ ناکەن.

تایفەی سەدانی ئەبن بە سێ فیرقە: سەید مورادی، ناودیری، سەدانی. ئەمانە چوارسەد ماڵ ئەبن. گەڕیاویان زۆر کەمە، بە زەحمەت حەفتا ماڵ ببێ. دانیشتوویان زۆرترە. قیسمێ لە ناحیەی قۆرەتووان و باقی تریان لە ناحیەی خورماڵا لە شیرەمەڕ و گێڵەک و شێخ مووسا و وڵۆسێنان و چەقەڵاوا دانیشتوون. گەورەی ئەمانە خوسرەوی مچە و عەبدوڵڵای ڕۆستەمی حەسەنە. گەڕیاوەکانیان لە ڕێگەی شاتریوە ئەچنە شارەزوور. وە لە عەینی ڕێگەوە ئەچنە پێنجوێن و لەوێوە ئەچنە خاکی ئێران، لە فەرهاداوا و توودار و دوووەیسە دائەنیشن، ئەمانە لە سنەوە چوار سەعات دوورن، ئیستە زۆر بڵاون، ئەمما بەشی زۆری دانیشتوویان لە ناحیەی خورماڵان. بە عومووم ئەم تایفە حەفتا سوار و سەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ. لە وەقتی خۆیدا تایفەیەکی گەورە بوون، بە واسیتەی ئەمەوە کە گەڕیاویان کەم بووە ئێستە بچووک بوونەتەوە، وەکوو لەمەوبەر نەماون.

کەماڵەیی: ئەم تایفە ئەبێ بە چوار فیرقە: شیروانی، سووسکی، کەچەڵی، مەحموودخانە.

ئەم تایفە دووسەد ماڵ گەڕیاویان هەیە، وە سەد ماڵ دانیشتوویان هەیە. سی ماڵیان لە ناحیەی شێروانە لە گۆبان وە قەرەچیل و دوومیلان هەیە، باقیی تر لە قلرخ و دێی خەرجانە و جۆڵانن لە ناحیەی خورماڵ و تانجەرۆدان. گەڕیاوەکانیان لە ڕێگەی داری خلەوە ئەچنە ناحیەی سەنگاو و لە کەلی پەیکوڵیوە ئەچنە قەرەداغ و لە ڕێگەی سوورەوە ئەچنە شارەزوور لە تەرەفی بیستان سوور لە ناحیەی تانجەرۆ ئەبن و لە ڕێگەی محەمەدئەلیوەیسیوە ئەچنە بەرزنجە و لە تاری دەرەوە ئەچنە ناحیەی پێنجوێن و لەوێوە ئەچنە خاکی ئێران کەژی کەوتەڕەش. وە لە بەینی بانە و سەقزدا دائەنیشن. ئەم تایفە بە عومووم سەد سوار و سەد تفەنگداریان هەیە، زۆر ئازا و مەزبووتن لەناو جافدا ئەدەبیان لێ ئەکەن، ئەمما زۆر وەحشین، وەکوو سێسەد ساڵ لەمەوبەر وان، ئەتوانم بنووسم لەم گۆڕیانەدا کە حوکوومەتی تورک ڕۆیی و ئینگلیس هات و حوکوومەتی عێراق تەشکیل کرا، کەمتر خەبەریان ببێ و هەر تەکلیفێکی حوکوومەتی کە بێتە سەریان ئەیدەن بە دەست کوێخاکانەوە، هەروا ئەزانن خەرج و پیتاکی زەمانی ڕەئیسی جاف محەمەد پاشایە! ئەمما لە خسووسی نوێژ و ڕۆژوو و ئەمانەوە زۆر قایمن و خەرافاتیان زۆرە. گەورەی ئەمانە سەمینی شاوەیس و فەتاحی مەحموود و مەحموودی ئەمین و مەحموودی حەمەی عیسایە.

بەداخی: ئەم تایفە دوو سەد ماڵ ئەبن، گەڕیاویان ئەمڕۆ پەنجا ماڵ ئەبێ. دانیشتوویان لە ناحیەی قۆرەتوو و هۆرێن و شێخان زۆرە وە لە ناحیەی شێروانە لە باوەنوور بیست ماڵێکیان هەیە. وە لە ناحیەی خورماڵ لە قەرەتەپە هەم هەن. ئەمانە وەکوو سەدانی لە گەڕیان کەوتوون، کەمیان ئەگەڕێن. سی سوار و پەنجا پیادەی تفەنگداریان هەیە. گەڕیاوەکانیان لە ڕێی شاتریوە ئەچنە شارەزوور و لەعەینی ڕێگەی شاتریوە ئەچنە پێنجوێن و خاکی ئێران و لە کانی تەمرخان لە بەردەمی کەژی تۆراخ تەپە دائەنیش و جێی زوستانیان هەواسان و قەرەچەم و قەڵاتەپە و ئەلی پەکانە لە ناحیەی قۆرەتوو، بەحسی جێگەی زوستانی ئەوان و سەدانی لە بەحسی جێگەی بەگزادەی جافدا مەعلووم ئەبێ. گەورەی ئەم تایفە بەسەر گەڕیاوەکانیانەوە حەمەعەلی مرادخانە دانیشتووەکانیان هەر کەس گەورەی دێی خۆیەتی.

عەمەلە: ئەم تایفە ئەبێ بە سێ کۆمەڵ: جامبازی، ئاخەوەیسی، هۆزی حەمە. ئەم سێ کۆمەڵە سێسەد و پەنجا ماڵ ئەبن. گەڕیاویان زۆر کەمە، باقی تریان دانیشتوون. ئەم تایفە بە واسیتەی ئەمەوە گشتیان سوارەی تایبەتیی ڕەئیس و بەگزادەی جافن کە بەگزادەکان بەسەر مڵکەوە دانیشتن، تەرکی گەڕیانیان کرد، حاڵی حازر لە دێی کەلار لای خۆم و براکانم شەست ماڵیان زیاتر هەیە و لە دەککەوقوڵە، کە داخڵی قەزای خانەقین، لای حاجی ئیبراهیم بەگ و باقی و لە کۆکس، کە داخڵی قەزای کفرییە، لای ئەحمەد بەگ و عەلی بەگ و حەمە ڕەشید بەگ پەنجا ماڵیان زیاد هەیە و بیست ماڵیان دووبارە لە ناحیەی شێروانە لە تازەدێ و قولەسووتاو لای خۆم هەیە. باقی تریان لە مڵکی حەسەن بەگی عەلی بەگی مەحموود پاشا و باقیی بەگزادە لە قەزای هەڵەبجە بە بڵاوی دانیشتوون. گەڕیاوەکانیان حەفتا ماڵیان ئەبێ. بەسەر گەڕیاوەکانیانەوە حاجی محەمەد و حاجی قادری سڵێمانە. ئەمما گەورەیان لە عەشیرەتیدا فەتاحی ڕۆستەم و ئەمینی محەمەد و ئەحمەدی محەمەدئەمینە. سوارە و پیادەی تفەنگداریان ئەمڕۆ لە دانیشتوو و گەڕیاویان، سەد و پەنجا زیاتریان هەیە و ئەمانیش گەڕیاوەکانیان لە ڕێی شاتریوە ئەچنە شارەزوور و پێنجوێن و ئێران و لە کۆڵ و دۆزەخدەرە و سێ پەڵکان دائەنیشن.

عیسایی: ئەم تایفە سەد ماڵێ ئەبن. پانزە ساڵ لەمەوبەر عومووم دانیشتوون لە ناحیەی شێروانەدا لە ژاڵە و باوەنوور و مامیل و سەید مەحموود و بییەڕەشە و گەڕیاویان نییە مەگەر دە پانزە ماڵێ نەبێ لەناو شاتریدا. گەورەی ئەمانە فەرەجی کوڕی عەلی ئەمیرخانە، سی سوارێک و سی پیادەیێکی تفەنگداریان ئەبێ.

گەڵاڵی: تایفەیەکی گەورەن لەناو جافدا. ئەمانە ئەبن بە حەوت کۆمەڵ: حدروەیسی، بورە، پشدەری، کەرمەوەندی، سەرکەچ، سێزدەئاغایی، گەڵالی. ئەم تایفە بە عومووم هەزار و دووسەد ماڵ ئەبێ. دانیشتوویان زۆر کەمە، ڕەنگە بە بڵاوی لە ناحیەی شێروانە و زەنگ ئاباد و ناحیەی وارماوا لە حاسڵ و چاڵکەی کەلی جەلیل سەد و پەنجا ماڵیان ببێ، وە لە خاکی ئێران لە مەحاڵی خوڕخوڕەدا پەنجا ماڵێکیان ئەبێ. باقیی تریان گەڕیاون و ئەمانە لە ڕێگەی سیدارە و داری حلەوە ئەچنە ناحیەی سەنگاو و لەوێوە بە ملەی پەیکوڵیدا داخڵی ناحیەی وارماوا ئەبن و لە ڕێگەی شاتریوە ئەچنە پێنجوێن و لەوێوە بەسەر ڕێی ڕۆغزادی و تەرخانیدا داخڵی خاکی ئێران ئەبن. جێی هاوینی ئەمانە لە مەحاڵی خوڕخوڕە و سوورمووسا، دوورەقەڵا، گاوەکەچ و لە مەحاڵی دیواندەرە، کەلی هەواس بەگ و هۆبەتوو و کەلەکان و [جیران مینکایە]. ئەم تایفە چوارسەد سوار و پێنجسەد پیادەی تفەنگداریان بەزیادیوە ئەبێ، ئەمما زۆر دزن. بە عوموومی ئەم تایفە خوویان دزییە و دزیی ئەمانە لەناو عوموومی عالەمی کورد و عەرەبدا مەشهوورە. عادەتەن بووە بە خووی سەریان. دە دوانزەیێ لە ئاغاکانیان وەکوو کوڕانی عەباس ئاغا و شەریفی فەتاح ئاغا نەبێ لەم خووە بێ بەشن، باقیی تر گەورە و بچووک بەشدارن، عادەتەن وەکوو دەرس و تەحسیل وەری ئەگرن و عوموومی جاف بە گەڕیاو و دانیشتوویانەوە، بە دەستیانەوە هەراسان بوون و جەردەییش زۆر ئەکەن.

لەمەوبەر خۆم فکرم دێ لە ئێران سواریان بە سەد سوار تاکوو زەنگان و تەرەفی تەبرێز ئەڕۆیین و کاروانیان ئەهاورد. گەورەی ئەم تایفە ئاغاکانە و بەسەر فیرقەی پشدەری و کەریم قوبادە و ئاغای مەعلوومیان محەمەد ئاغا و شەریف ئاغا و تەوفیق ئاغا و مستەفا ئاغا و محەمەد داودی مەحموود ئاغایە.

نەورۆڵی: ئەمانەیش تایفەیەکی گەورەن لەناو جافدا، بە سێ کۆمەڵ ناو ئەبرێن: کۆمەڵی پارچە، ساتیاری، بەشی حەمە. گشتیان هەزار ماڵ ئەبن. ئەمانە سی ساڵ لەمەوبەر عوموومیان گەڕیاو بوون، لە ڕێگەی شاتریوە ئەچوونە کوێستان لە کەژی سان ئەحمەد دائەنیشن و زوستان لەم جێگەی خۆیانەدا ئەمانەوە. بنەڕانیان ئەهات بۆ گەرمیان، بەشێکی بۆ قەزای کفری وە بەشێکی تری لە کەوزەیناڵی لە ناحیەی هۆرێن و شێخان ئەبوون. ئەمما ئێستە بە واسیتەی ئەمەوە جێگاکانیان ئەنهاری زۆرە و ئاودارە و تووتنی زۆریشیان ئەکرد و ئەیکەن، قانزاجی زەراعەتیان لە قانزاجی بزن و مەڕ و حەیوان بە چاکتر زانی، بە عومووم تەرکی گەڕیانیان کرد لە مەحاڵی گوندە و سەراو و پریس و بەرجۆگەی دەڵێن و دێهاتی ئەترافی هەڵەبجە وەکوو حەسەن ئاوا و بامۆک و بەکراوا و تریفە دانیشتوون.

جێگەیی نەورۆڵی دێهاتێکە کە تابیعی مەرکەزی قەزای هەڵەبجەیە. ئەم تایفە بە عومووم سێسەد سوار و حەوتسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ، گەورەی عوموومیان بەسەر هەموویانا عەبدۆڵڵای محەمەد خواکەرەم و عەلی محەمەدمارف و قادری نادر ئەولمحەمەد محەمەد و ئەحمەدی زولفەقار و خەلیفە محەمەدئەمین و حاجی میر ئەحمەدە.

یەزدان بەخشی: ئەوانیش تایفەیەکی گەورەن لەناو جافدا و ئەبن بە سێ کۆمەڵ: کۆمەڵی خاڵە، کۆمەڵی بەگزادە، کۆمەڵی مامەشەیی. بەشی خاڵە ناو ئەبرێن بە یەزدان بەخشی. بە عومووم ئەم سێ کۆمەڵە حەوتسەد ماڵ ئەبن، ئەمانیش وەکوو نەورۆڵی سی ساڵ لەمەوبەر گەڕیاو بوون، ئیستە عومووم دانیشتوون فەلاحەت و زەراعەت ئەکەن لە شەمێران کە موڵکی حەسەن بەگی عەلی بەگی مەحموود پاشایە و کەوتۆتە جەنووبی قەزای هەڵەبجەوە، گەورەی عوموومیان محەمەدی سان ئەحمەد و ئەحمەدی حسەین و تۆفێقی فەرەج و ئەحمەدی سان ئەحمەد و مەحموودی حەمەی چراغە و جێگەیەکی زۆر باش و قایم و هەوا خۆشیان هەیە و کەژی زمناکۆیان بەدەستەوەیە کە جێگەیەکی زۆر سەخت و موهیممە. ئەمانە بە عومووم چوارسەد پیادە و سەد سواریان ئەبێ دایمە گەورەکانی جاف وەکوو محەمەد پاشا و قادر بەگ و سلێمان بەگ کوڕانی کەیخوسرەو بەگ، ئەم تایفەیان بۆ ئیسنادگای خۆیان لە حودوودی ئێران و بابانا دایان ناون.

وەڵی و نەژوێنی: ئەم دوو تایفەیە سەد ماڵ ئەبن، لەناو شاتریدا وەکوو شاتری حسێب ئەکرێن.

مەسۆدی: ئەوانیش تابیعی ڕۆغزادی و تەرخانین، سەد ماڵ ئەبن. حەفتا ماڵیان لە ناحیەی سەنگاو دانیشتوون، گەڕیاوەکانیان هان لەناو ڕۆغزادی و تەرخانییا.

شێخ سمایلی: تایفەیەکی زۆرن، ئەوانەیان هان لەناو جافدا ئەبن بە دوو کۆمەڵ. کۆمەڵێکیان پێیان ئەڵێن: شێخ سمایلی سوورەجۆ و کۆمەڵێکیان پێیان ئەڵێن: شێخ سمایلی بنەجووت. هەردوو کۆمەڵەکە پێنجسەد ماڵ ئەبن. سێسەد ماڵیان کە تاقمی فەقێ ئەوڵایە وان لە سوورەجۆ و دووسەد ماڵیان وان لە گرێزە و بنگرد و سەراو و قاڵیجۆ و موان و بنەجووت و باڵان تەران. لە ناحیەی خورماڵا دانیشتوون. مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخیان زۆر زۆرە. فەلاحەتێکی زۆر چاک ئەکەن، بۆ گەنم و جۆ و نۆک و نیسک. تاقمی فەقێ ئەوڵا هان لە سوورەجۆ کە موڵکی حسەین بەگی مەحموود پاشایە. ئەم دوو کۆمەڵە هاوینیان لەگەڵ جافدایە، یەعنی بە ڕێگەی ڕۆغزادی و تەرخانیدا ئەچنە کەژی هەواس بەگ و هۆبەتوو. زوستانان لەباتی دەوار لە خانوودا دائەنیشن. بە هەردوولایان تەخمینەن سەد و پەنجا سوار و دووسەد و بەڵکە سێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ. ئەم تایفەیە بەشی زۆریان هەزار و سێسەد ماڵ ئەبن هان لە ئێرانا. هاوین ئەچنە بەینی هەمەدان و قۆریە و زوستان بەعزێ ساڵی تێن بۆ دەوری سەرقەڵا و جێگیران، کە لە موزافاتی قەسری شیرینە.

تاوەگۆزی: دوو تایفەن: تایفەیەکیان وان لە جوانڕۆ و لازمە لەتەک جافی ئێرانا بنووسرێ. ئەو تایفەکەیان وان لە پشت قەڵای شەمێران. ئەمانە مولحەقاتی جافی مورادی -کە عەشیرەتی ئێمەن- دوو سەد ماڵ ئەبن و عوموومیان ئیدعای سیادەت ئەکەن. هەموویان دانیشتوون. شاعیری مەشهووری کورد کە جەنابی مەولەوییە گەورەی ئەم تایفەیە. سەد پیادەیەکی تفەنگدار و دە، دوانزە سوارێکیان هەیە، هان لە موڵکی حەسەن بەگی عەلی بەگی مەحموو پاشادا. ئەمڕۆ گەورەیان سەیید محەمەدی سەیید عەبدوڵڵای مەولەوییە و سەیید کاک ئەحمەد و سەیید مەحموودی کوڕی سەیید عەلی مەولەوییە و شاعیری فازیل جەنابی مەولەوی ئەگەر تەعریفی ئەو بنووسم لەم کتێبە جێی نابێتەوە. تەسنیفی ئەو لە عیلمی کەلام و لە عەقایدا بە زبانی عەرەبی و کوردی و فارسی زۆرە.

میراولی: پەنجا ماڵ ئەبن هان لە قەزای هەڵەبجە و گەڕیاو نین. لە ئەترافی نەورۆڵی پارچەدا دائەنیشن.

پشتماڵە: ئەمانە سێ تاقم بوون: پشتماڵەی حەمە پاشا، کە بەگزادەی کەیخوسرەو بەگییە و پشتماڵەی عەبدوڵڵا پاشا، کە بەگزادەی بەهرام بەگییە و پشتماڵەی قادر بەگی ڕۆستەم بەگی وەڵەد بەگ، کە بەگزادەی وەڵەد بەگییە. پشتماڵەی محەمەد پاشا سێسەد ماڵ ئەبوو، خۆشم لە فکرم دێ کە سێسەد ماڵ بووە و سێسەد سواری تێدا بووە. ئەمانە بە گشتیان خزمەتکار بوون، ماین و تفەنگیان و ئیدارەیان لەسەر بەگزادە بووە. مەڕ و بزنیان نەبووە، بۆ گەڕیانیان گا و ئێستریان بووە، هەچی مەساریفاتیان بووە لەسەر بەگزادە بووە. وەکوو عەسکەر بەخێو کراون بۆ ئیدارەی جاف و ئەملاک.

پشتماڵەی بەهرام بەگ، سەد و پەنجا ماڵ ئەبوون، عەینەن ئەوانیش بۆ بەگزادەکانیان وەزعیەتیان وەکوو پشتماڵەی محەمەد پاشا وا بوون و پشتماڵەی قادر بەگی ڕۆستەم بەگ سەد ماڵ ئەبوون، ئەوانیش وەکوو دوو پشتماڵەکەی تر وەکوو عەسکەر بۆ ئیدارەی جاف و ئەملاک ڕاگیراون. ئەمانە لە وەختی خۆیا گەڕیاو بوون. لەو وەقتەوە کە بەگزادەکان دانیشتوون ئەوانیش بە خزمەتکاریی بەگزادەکان دانیشتوون.

سمایل عوزێری: هەشتسەد ماڵ ئەبن، ئەمانە ئەبن بە چوار فیرقە: گۆمەیی، قەرەوەیسی، میر ئاڵایی، سمایل عوزێری. ئەمانە گەڕیاون و لە ڕێگەی میکایەڵیوە ئەچنە نەکەرۆز و کەلی خان و پیر هۆمەران لە بەینی بانە و سەقزدا دائەنیشن و جێی زوستانەیان بەعزێ ساڵ لەناو میکایەڵیدا دائەنیشن و ئەمما جێی دایمییان ها لە بەینی سلێمانی و چەمچەماڵ و سوورتاشا. ئەمانە سێسەد سوار و سێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و تایفەیکی زۆر ئازا و بەغیرەتن، ئەمما سەد ساڵ لەمەوبەر لە جاف جیابوونەتەوە و ناو ئەبرێن بە ئێڵی غەوارە و تەکالیفیان لەگەڵ جافدا نەبووە.

سۆفی وەند: ئەمانیش سەد ماڵێ ئەبن، پیاوی ئەوڵا پاشا بوون، ئەگەڕیان وەکوو جاف. ئیستە عوموومیان دانیشتوون، نزیکی شەست ماڵێکیان وان لە ناحیەی شێروانە و بیست ماڵێکیان وان لە ناحیەی قەڵخانلوو، بیست ماڵیان وان لە هووانە نزیکی سلێمانی.

بێسەری و چووچانی: ئەمانە چوارسەد ماڵ ئەبن، وان لە ناحیەی سرۆچک لە دۆڵی گەڵاڵ دانیشتوون بە زستان و لە هاوینا لەتەک جافدا ئەچن بۆ کوێستانی ئێران.

تیلەکۆ: سەد ماڵێ ئەبن، پەنجا ماڵیان گەڕیاون وان لەناو ڕۆغزادی و تەرخانیدا و ئەوی تری لە ناحیەی شێروانە دانیشتوون، ئەم تایفە هەشتسەد ماڵیان وان لە ئێران لە مەحاڵی خوڕخوڕە و باشماخا دائەنیشن.