تەئریخی جاف/تەئریخی جاف

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
تەئریخی جاف  (1949)  by کەریم بەگی جاف
تەئریخی جاف

... خۆیان کە لە خاکی کوردستانا، کە زۆر بە دەسەڵات و ئیقتیدار و ساحیب ئەمر بوون، گووم نەکردایە و داخڵی سەحیفەی مێژوو بوایەن، بۆ ئێمەش تەسهیلات ئەبوو. خسووسەن بۆ من کە ئەم کتێبە ئەنووسم ناڕەحەتییەکم نەئەبوو، لە کەماڵی سوهوولەتدا بۆم تەواو ئەبوو. ئەمە تێپەڕی.

ئەمڕۆ کە زەمانی زانینە و حوکوومەتی فەخیمەی ئینگلیس کە هاتۆتە عێراق، بە واسیتەی تەلاشی ئەم حوکوومەتەوە کە بۆ زیادیی زانین و کردنەوەی مەکتەب و پێگەیاندنی منداڵەکانی عێراق لە کورد و عەرەب بەڕاستی شایانی تەوسیفە. ئەمما من خۆم دەورەی مەکتەب و تەحسیلم تێپەڕاندووە. ئەسەف بۆ حاڵی لەمەوبەر، ئایا بۆ خۆم و ئایا بۆ باقی تێپەڕیوەکان. وە ئەمەم بە مەسڵەحەت زانی بۆ تەسکینی خۆم و ئەوانی تریش بۆ عەشرەتی جاف، کە عەشرەتی ئێمەیە و لە ئەوان ئێمە جوێ بووینەتەوە و موددەتی حەوتسەد ساڵ لەمەوبەر باوک و باپیری ئێمە لەوان ئیستیفادەی ماڵ و دەوڵەت و نوفووزیان کردووە هەم بۆ ناوی ئەوان و بۆ ناوی بەعزێ لە ئەجدادی خۆم بمێنێتەوە و بیکەم بە کتێبێ و ناوی بنێم «تەئریخی جاف».

وە ئەم کتێبە بە سێزدە فەسڵ بەیانی ئەوزاع و ڕەووش و حەرەکاتی گەورەکانی جاف و عەدەدی نفووسی جاف و تایفەکانی جاف لە خاکی ئێران و عێراقدا و هاتنی جاف لە ئێران بۆ کوردستانی بابان و گەڕانەوەیان بۆ ئێران و دووبارە هاتنەوەیان بۆ وڵاتی بابان و شەڕێ کە لە بەینی خۆیانا واقیع بووە لەگەڵ ئەو تایفە و عەشایرانەی کە دراوسێیان بوون، بوویانە و جێگەی کوێستانیان لە ئێران و جێگەی زستانیان لە لیوای سلێمانی و لیوای کەرکووک و جێگەی ئەو تایفەکانی ئێرانیان لە ویلایەتی کرماشان و سنە، کە مەشهوورە بە وڵاتی ئەردەڵان، تێدا بەیان بکەم.