تۆ تەنها نانت لە «مَنّان» بوێ
Appearance
| تۆ تەنها نانت لە «مَنّان» بوێ | لە «دون»ان، دوو نان سننانی ئەوێ |
| بەخشین عیززەتە وا داوا، داوی عار | دواییش داواکەی ببێ بە بیمار |
| هەر عیلمە داوای بکەی عەیب نییە | چاو بەرەوژێری لەززەتی چییە! |
| کە چاو ببڕێتە دەستندەی خەڵکی | ئەکەویە ژێربار دیارە بێ کەڵکی |
| ئەوی دوژمنە و بە زمان دۆستە | «الخناس»ێکە ئادەمی پۆستە |
| نزیک نادانی مەغروور مەکەوە | هەرکەسێ پیاو بێ ئەو قینی لەوە! |
| تا بە چاوی خۆت چشتێ نەبینی | ڕاستی مەزانە، «علم الیقینی» |
| چونکە دەور دەوری درۆ و بوختانە | ڕاستی گرانە، درۆ هەرزانە! |
| ئەوی لە خەڵکا عەیبی ئەگری | کە لە خۆتا دیت شاد مەبە، بگری |
| لە قسەی خەڵکا زوو هەڵمەدەرێ | ڕەوایە ئەگەر بتکەنە دەرێ |
| هەڵکردت بێتە سەر نانێکی جۆ | زینهار لە ماڵی ڕژد، نانی مەخۆ |
| هەزار دۆستت بێ هێشتاکو کەمە | تەنها دوژمنێ زۆر زۆر ستەمە |
| هەرچەند کە سەفەر سەنگی محەکە | ئەوی نایناسی هاوڕێیی مەکە |
| کەمت لە زۆری خەڵکی چاکترە | گۆشتی چۆلەکە لە داڵ پاکترە |
| لە دڵی خۆیشتا، خۆت هەڵمەکێشە | لە خودپەسندی دۆستت دڵڕێشە |
| نادان سەدجاری هەلیگیڕیتەوە | دیسان هەر لەفزی خۆی ئەگرێتەوە |
| مێشەسەگانە کە سەگ مەگەسە | وەریشی گێڕی هەروا ناکەسە |
| بۆ «فرۆ»ش بزنی خەڵکی مەدۆشە | شیری تۆ بەرن چەن لات ناخۆشە |
| هەرچی چاکەی کرد، چاکەی دێتەڕێ | درەخت بنێژی دیارە بەر دەگرێ |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 505
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|