تۆڵە
Appearance
| شاکە مڵۆزم، تەمەڵ و بێکار | ئەسووڕایەوە لە کۆڵانی شار |
| ئەوڵای عەزیزئاغا ڕۆژێک تووشی هات | وتی: مەگەڕێ بچۆرە بەر سنعات |
| وتی: ئاغا من سنعەت نازانم | ئەگەر کەرم بێ کاروان ئەتوانم |
| ئاغا ئەمری کرد کەرێکیان دایە | دارکێشی ئەکرد کەوتە سەرمایە |
| کورتانی تازەی بۆ کەری کڕی | بارە دارێکی لێ نا و لێی خوڕی |
| گەییە دووکانی ساماغای دەلاک | ئەم ساماغایە پیاوێک بوو بێ باک |
| بە سەرتاشێتی لە شای ئەخوڕی | دەستی غەشیم و ناشی ئەبڕی |
| دەلاک بانگی کرد خاوەن بارەدار | بیفرۆشە بە من مەیبەرە بازاڕ |
| کەرەکەت هەرچی پێوەیە بە چەند | مەرامی وابوو بیکا بە گۆبەند |
| شاکە وایزانی تەنها دار ئەکڕێ | نەیزانی بە فێڵ هەناوی ئەبڕێ |
| وتی: بارەکەم ئەدەم بە قڕانێ | وتی: قبووڵمە، پارەکەی هانێ |
| کە بارەکەی خست تەمای بوو بڕوا | ملی کەری گرت گێڕایەوە دوا |
| وتی: من وتم هەرچی پێوەیە | دیارە کورتانیش بە کەرەوەیە |
| کورتانی لێ سەند شاکە بە هەرا | ڕایکرد بۆ شکات گەیشتە سەرا |
| سەرتاپای گرتە قوڕ و بەگریان | هاواری بردە لای پاشای بەبان |
| دەلاکیان بانگ کرد بۆ خزمەت پاشا | وتی: ئەم پیاوە کەوتۆتە حاشا |
| کەر چی پیوەیە هەمووم کڕیوە | لەگەڵ کورتانا نرخم بڕیوە |
| بەو ڕەنگە شاکە بە بێ بەش دەرچوو | ئەویش کەوتە فێڵ بەیانییەک زوو |
| کەرەکەی برد و چووە لای دەلاک | وتی: پارەیان داومێ بە پیتاک |
| خۆم و هاوڕێکەم سەرمان بتاشە | وتی: هەردووکتان سێ «شایی» باشە |
| سێ شایی دایە و خۆی لێ بووەوە | کەرەکەی هێنا و کردیە ژوورەوە |
| وتی: هاوڕێکەم ئەمەیە یاڵڵا | بیتاشە، دەلاک کردی بە هەللا |
| چوونە لای پاشا دیسان بۆ شکات | پاشا ئەمەی بیست پێکەنینی هات |
| ئەمری کرد دەلاک بە سابوون و ئاو | سەرتاپای گوێدرێژ بتاشێت تەواو |
| دەلاک کورتانی کەری لێ کرا | شاکەش خەڵاتی قورسی پێ درا |
1941
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|