تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد
Appearance
تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد؟ | تەن نەخۆش و بێ حەکیم و دڵ حەزین و ناموراد |
یا خودا ئەم دەردە بێ دەرمانە تووشی کەس نەبێ | دوشمنانیشم نەکەی وا موبتەلا ربُ العِباد |
دەردەدار و بێ دەوا، خۆم تابیعی نەفس و هەوا خۆم | موستەحەققم بێ کەوا، خۆم کردە جەوتی بەد نەژاد |
چوو بەزایە گەنجی عومرم، لەم مەراقە چاکە بمرم | ڕۆژ ئەڵێی سەرخۆشی خەمرم، شەو لە خەودا وەک جەماد |
ئاخ لەدەس نەفسی لەئیمە تابیعی دێوی ڕەجیمە | لائیقی ناری جەحیمە تابیعی فیسق و فەساد |
نەفسی ئەممارە هەمیشە خواردنی لێ بۆتە پیشە | پێم ئەڵێی قەت دامەنیشە بۆم پەیاکە نان و زاد |
بۆم پەیاکە چای و شەکرە، ماڵی زەید و عەمر و بەکرە | هێندە حەییال و بە مەکرە، ئابڕوومی دا بە باد |
چاو قبووڵیم بۆ پەیاکە تەرکی ئیمان و حەیاکە | ڕوو لە جەردەی پادشاکە بێنە هەرچی باد باد! |
بێنە قاورمە بەچەوری، پڕ پیاز و پڕ بە دەوری | نانی گەنم بێ لە دەوری، گەرم و نەرم و بێ ڕەماد |
ماڵ و عومرم چوو بەزایە، باعیسی نەفس و هەوایە | یاخودا سا پایە پایە بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد |
سابیری پیری و فەقیری گەرچی نەقسن بۆ موجاهید | بۆ شکاری نەفسی ڕێوی جووتە شێرن بۆ جەهاد! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|