تاسەی دیدار

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
تاسەی دیدار  (1962) 
by گۆران

بە زمان دایکی کوردستانەوە بۆ برا فەیلییەکان


ڕۆڵەی دووری ئاوارەبووم
کەللەی پڕ بوو لە ئارەزووم
سەودای سەری، تاسەی دڵی
خۆزگە و ئاواتی بەکوڵی
هەر ئەوە بوو: کە باڵ بگرێ
وەک مەل، تا باوەشم بفڕێ!
دەم بنێتە دەمی کانیم،
دەست بکاتە ملی لووتکەم،
گوێچکە شل کا بۆ گۆرانیم،
بۆم پێکەنێ وەک خوڕەی چەم!
بەڵام ساڵان،
ساڵانی زوو،
کوندەبەبوو
کوندەبەبووی شووم ئەیقڕان:
قەدەغە بوو لە مناڵان
بۆ گۆی مەمک بەرن دەمیان،
قەدەغە بوو دەستی دایک
بنێتە دەم ساوا مەمک!
سەردەمێک بوو،
کوندەبەبوو،
قەل ئەیقڕان،
گورگ ئەیلووران،
پڵنگی دوو پێی دارستان
شارستانیەتیی ئەلەرزان!
ڕۆژ تاریک بوو، ڕێگا ترس بوو،
«جووڵە» پەڵپی هەزار پرس بوو...
ڕۆڵەی دووری دەشت نشینم
ئەبوو، هەرگیز، تێر نەبینم!
ڕۆلەم لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە،
لەگەڵ ڕۆڵەی دیجلە و فورات:
لە خوێناوا ئەیکرد مەلە،
بە خوێنی جەرگ ئەیکرد قنیات!
ڕۆڵەم دیل بوو،
دیل زەلیل بوو،
ڕۆژی شەو بوو،
شەو بێ خەو بوو،
پۆلیس وا بە سەریا زاڵ بوو
وەک کۆتر نێچیری داڵ بوو!
سەرەڕای هاودەردیی دیجلە،
ترس هەبوو، شەق و زللە،
وشەی کوردیی سەر زمانی
باتە قەڵەم بە تاوانی!
بەڵام ڕۆڵەی من و فورات
ڕۆژی پیرۆزیان لێ هەڵهات،
چواردەی تەمووز پچڕی زنجیر:
لەسەر مل لاچوو دەمی شیر،
پرشنگی ڕۆژی ئازادی
وێرانەی پڕ کرد لە شادی،
بای فێنکی زەردەخەنە
بەسەر کوڵما کەوتە شنە،
چاو وەکوو گوڵ مەستی ڕەنگ بوو
زمان بەستەی خەستی دەنگ بوو،
کوڕ کۆشی دایکی کەوتە بیر،
دایک مەمکی پڕ بوو لە شیر...
ئەوا، ئێستا: خوشک و برا،
برا و برا،
لە یەکتری بوون ئاشکرا
هەر دەستە، هەر دەستە گوشرا،
تینوو، تینوو! لە مل کرا...
هەر ڕۆڵەی دوور کوردستانە
لە کۆشی دایکا میوانە!

1958/08
سلێمانی

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse