بە ڕووپۆشینی تۆ ڕۆژم شەوەزەنگێکە تیرە و تار
Appearance
ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی پیرەمێرد یەکێکە لەو هەڵبەستانەی کە تیایا پێڕەوی شیعرەکانی «شاە مظهر»ی کردووە کە یەکێک بووە لە شاعیرە بەرزەکانی فارس.
بە ڕووپۆشینی تۆ ڕۆژم شەوەزەنگێکە تیرە و تار | وەکوو تاوس کە هەوری دی ئەناڵێنێ بە گریە و زار |
پەچەت ڕوخساری داپۆشیت و من دەردم گرانتر بوو | بەڵێ دیارە کە ڕۆژ ئاوا بوو دەردی قورس ئەبێ بیمار |
ڕەگی ڕۆحم بە دیدەی تۆوە پەیوەستە و بە سەربەستی | بەسەد لادا تەراندت ناپسێ سەختە وەکوو بزمار |
لە دەوری بێستووندا شەو کە دەنگێکی بە سۆز ئەبیەی | ئەوە گیانی منە بۆ بێکەسیی فەرهاد ئەکا هاوار |
لە دوجەیلا، کە ناقەی مەحمەلێکم دی ئەڵێم لەیلە | بەرەو پیری ئەچم، ئەشعاری قەیسی بۆ ئەکەم تکرار |
لەجێی قەیدی عەقڵ زنجیری شێتیم هێندە لا خۆشە | لەگەڵ جووڵام زڕەی زنجیرەکەم پڕ کات دەر و دیوار |
ئەگەر شێتی تەواو شێت بی، لە لایان هێندە ماقووڵی | بەری پێت ماچ ئەکەن دڕکی بیابان و سوپاهی خار |
بە پەنجەی نازکی دولبەر، تەلی بێ گیان ئەناڵێنێ | منی زیندوو بە دەنگی چۆن نەکەم شۆری جنوون ئیزهار |
ئەمانە شیعری مۆدەی کۆنە وەک من پیر بووە ئێستا | نەشیدت بۆ وەتەن بێ باشە بەڵکوو پێی ببی ڕزگار |
هەموو عالەم لە دووی ئازادی وێڵە بۆچی من وەک شێت | کەمەندی زوڵف لە ئەستۆی خۆم خەم و ببمە کەری ژێر بار |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|