بە ناوی «کونەماسی» یەوە
Appearance
| من ماسیەکم لە نەتەوەی نوون | یونس پێغەمبەر بەو بوو بە «ذالنون» |
| داپیرەم چەندێک لە ناو سینەدا | پارێزگاری کرد وەنەوزی نەدا |
| بە «لا اله الّا انت» ەوە | قەهری ئیزەدی لێ دوور کەوتەوە |
| کە هاتە دەرێ و بوو بە پێغەمبەر | ئیتر لە ئێمەی نەپرسی خەبەر |
| لەوساوە لێمان بوون بە تەڕیدە | ئەمانخۆن ئەڵێن«لحماً طريه» |
| لە ناو تاوەدا ئەبین بە کەباب | بۆ کەیف ئەمانکەن بە مەزەی شەراب |
| ناڵێن ئەمانەش ڕۆح لەبەرێکن | نێر و مێ لەگەڵ یەک هاوسەرێکن |
| بۆچی نازانن کە ڕۆح شیرینە | لە گیانەڵادا ئەوان ببینە |
| ئەو پەلەپەلە ئەو واوەیلایە | هەموومان ڕۆحە لە بەرمانایە |
| ئینسان ئەوەیە کە ئازاری خۆی | بۆ کەسێکی تر نموونە بێ بۆی |
| کە بە برینێک جەرگی خۆی بێشێ | بە خۆڕایی تیغ لە کەس نەکێشێ |
| جاران هەر بە تۆڕ ئەکەوتینە داو | ئێستا بۆمبامان بۆ ئەخەنە ئاو |
| کە بۆمبا زرمە لە ئاو هەڵسێنێ | سەرئاو ئەکەوین هۆشمان نامێنێ |
| ئێنجا ئەو کەیفە و ئەو ڕاکە و وەرە | عیزرائیل لەوان بەڕەحمترە |
| گۆڕیان بێ، ئێستا وا شەڕ قەوماوە | بۆمبا بۆ خۆیان دروست کراوە |
| ئێمە بێ کێردین، بەستەزبانین | نەخوێندەوارین لە فەن نەزانین |
| یا خوا هەروا بن ئەی بە ناو ئینسان | نەتانپەرژێتە سەر ئێمەمانان |
1939
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|