بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا
Appearance
بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا | سپی بوو ڕیش و سەر یەکسەر لە ڕەنجا |
ستارەی بەختی من جێما لە بورجا | ئیدارەی ماڵ و منداڵم نەگونجا |
*** | |
لە وەختی گەنجی و عومری شەبابم | لە حەربی «عەمر و زەید»دا بووم جەنابم |
بەلاش و مفتە بوو نان و کەبابم | خەیاڵم وا ئەچوو هاوشانی شا بم |
*** | |
کە وەختێ جووتە فەقیانەی کەتانم | ئەخستە سەر مل و سەر باسک و شانم |
لەلای خۆم وام ئەزانی بێچوە خانم | وەیا خۆ واریسی قەومی بابانم |
*** | |
ئەڕۆیشتم بەسەر ئەرزا بە عینوان | نەبوو شەخسێکی ساحێب ڕەحم و ویژدان |
نیشانم دا تەریقی ژینی ئینسان | کە نانێ بێتە دەستم سەهل و ئاسان |
*** | |
ئەوا ئێستا کە دانیشتووم خەفەتبار | دڕا فەقیانەکەم قەومینە هاوار |
کوڕ و کچ کۆمەڵێ لێم بوون بە سەربار | بەبێ ئیش و بەبێ سنعەت بەبێ کار |
*** | |
کە خۆم بەم نەوعە وا تووشی بەڵا بووم | بە داخ و دەردی دنیا موبتەلا بووم |
زەلیلی مەوعیزەی شێخ و مەلا بووم | کە موحتاجی دەستی حاجی و قەلا بووم |
*** | |
کە وا بوو بۆ هەموو ئەولادەکانم | نەبەستم چاکە تا ماوم زبانم |
ئەکەم بەحسی زەلیلیم و ژیانم | فکریان با نەچێ داد و فیغانم |
*** | |
ئەوانیش با نەبن وەک من گرفتار | نەکێشن ئاهی ساردی پڕ لە هاوار |
تەمەڵ با دانەنیشن مات و خەمبار | نەبن موحتاجی دەستی یار و ئەغیار |
*** | |
دڵ و گوێ شل نەکەن بۆ وەعزی بێ جێ | هەتا مردن خجڵ بن با بە ڕەنجێ |
بەبێ ڕەنج و ئارەق نابێ بڕەنجێ | لە فلسێ تا ڕیاڵێ تا بە گەنجێ |
*** | |
کە من زیندووم و موحتاجم بە خۆراک | لە هاوین و لە زستانا بە پۆشاک |
چلۆن هەر دابنیشم مەست و بێباک | هەتا نەمرم لەبەرچی بچمە ژێر خاک |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|