بەهار
Appearance
بەهار تازە ڕەنگ، بەهار تازە ڕەنگ | دیسان نواندی بەهار تازە ڕەنگ |
وێنەی تەموورە تاڤگەی خۆش ئاهەنگ | لالەی ئاڵ دەرهات وەک لاڵ لە ڕووی سەنگ |
گۆپکەی درەختان ئاوس بە گەڵان | با ئەیکاتەوە بۆ نەشئەی دڵان |
گوڵان خەواڵوو لە خەو هەڵساون | بۆ ژەنگی دڵان وەک نەرمەساون |
وەنەوشە بە نۆش ئەسرینی نەسرین | سەرخۆشە و گەردنکەچە بۆ ئایین |
بلبل بە نەغمەی شۆری پەهلەوی | قەتاری «رەشۆڵ» بە نیوە شەوی |
تەئسیری ناڵەی مورغانی چەمەن | ئاگرە بۆ دڵ دوورکەوتەی وەتەن |
کەیف و سەربەستی فەسڵی نەوبەهار | سەیری سەبزەزار دیارە و دیار |
بۆ کەسێک خۆشە دڵ بە ئومێد بێ | نەک وەک من غەمبار ئاوارەی زێد بێ |
1942/04/30
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|