Jump to content

بەبۆنەی کوشتنی «لۆمۆمبا»ی پێشەوای کۆنغۆوە

From Wikisource
بەبۆنەی کوشتنی «لۆمۆمبا»ی پێشەوای کۆنغۆوە (1966)
by عوسمان عوزێری
303275بەبۆنەی کوشتنی «لۆمۆمبا»ی پێشەوای کۆنغۆوە1966عوسمان عوزێری

لە کوردستانەوە بۆ کۆنغۆ

بە فرمێسکی چاو، بە خەم و خەفەت بە خوێنی جەرگی کەرت و پارە و لەت
بە زووخاوی دڵ، بە هەناسەی سەرد بە گشت ناسۆری هەناوی پڕ دەرد
ئەم پرسەنامەت وا بۆ ئەنووسین بە قەیتانێکی ڕەشین ئەیبەستین
بۆ تۆی ئەنێرین، بە هەستمانەوە لەناو جەرگەکەی کوردستانەوە
ئێمەی گەلی کورد، کوردی دڵ پڕ سۆ پرسەنامەمان ئەنێرین بۆ تۆ
ئەی نیشتمانی بەرزی بەرزئەستۆ ئەی کۆنغۆی خوێنین، پڕ لە شین و ڕۆ
بەڵێ ئەزانین ئێستا پیشەتان خەبات ئاوێتە بووە بە گریان
ناهەقتان ناگرین، ئەگەر بشگرین قوڕیش بپێوون بە دڵی گرین
چونکە ئەمڕۆکە «پاتریس لۆمۆمبا» بۆ گەلەکەتان ببووە پێشەوا
بە دەستی پیسی ئیمپریالیستان شەهید بوو، کوژرا، وا چوو لە کیستان
کوشتنی پێشەواش یەکجار گرانە ئێمە ئەزانین چەن بەسۆ و ژانە
ئێمەش وەک ئێوەی نەبەرد و ئازا دەیان پێشەوای نەبەزمان کوژرا
بۆ هەریەکەیان هەشمان ئەپێوا لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵمان نەدا
زیاتر سوور ئەبووین لەسەر تێکۆشان لەسەر باوەڕە بەرزەکەی ئەوان
هەر یەک لە ئێمەی کۆرپە و لەشکریان خۆی ئەدا بە کوشت تاکوو دوا ژیان
لە ڕێی ڕزگاریی کورد و کوردستان کە بۆتە هیوای دوور و نزیکمان
ڕۆژێک یەت تۆڵەی گشتیان ئەسێنین ئەو سا و ئەم سایان وەبیر ئەهێنین
لەو باوەڕەشداین ئێوەش هەروەها دەستبەردار نابن تا دونیا و دونیا
لە خەباتی سەخت بەردەوام ئەبن بەرگەی هەزاران کۆسپی وا دەگرن
تۆڵەی لۆمۆمبا و «مۆریس مۆپۆلۆ» خەباتکەرانی وەکوو «ئۆکیتۆ»
گشت شەهیدانی نەمری کۆنغۆ ئەسەندنەوە لە «کازا ڤۆبۆ»
سڵاویان لەگەڵ پرسە و ماتەمین بە دڵی پەستی پڕ گریە و خەمگین
بۆ کۆنغۆی ڕەشپۆش ڕەوانە ئەکەن بە هیوای ئەوەی دڵنەوایی بەن
ئینجا بە ڕق و پیش و قینەوە بە دڵی گەرمی ئاگرینەوە
ناڕەزایییان بۆ ئەمەریکا بۆ فەرەنسای پیس لەگەڵ بەلجیکا
بۆ ئینگلتەرە و هەموو ئیستعمار وە «هەمەر شۆڵد»ی قەڵبی بەدکار
دەرئەبڕڕێ، چونکە بێئابڕوانە هەموویان هەڵسان بە ئەم تاوانە
شەرمیان لە هەموو سەرزەمین نەکرد هەر چۆنێکیان ویست وایان بەسەر برد
گەلانی بەرەی ئازادیخوازان گشت تێئەکۆشن بە دڵ و بە گیان
هەتاکوو تێکڕا لەناویان بەرن گەلانی ژێردەست گشت ڕزگار ئەکەن
کوردیش یەکێکە لە ئەو گەلانە کەوا ژێردەستە و باری گرانە
پشتی گەلانی خەباتکەر ئەگرێ یارمەتی ئەدا هەتا وا بکرێ
هەتا بشگاتە ئامانج و ئاوات هەر خۆشتر ئەکا بڵێسەی خەبات

لە ڕۆژنامەی «ژین» ژمارە ١٥٩٤ دا لە ١٩٦١/٠٢/٠٢٣دا بڵاو کراوەتەوە.


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).