بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان
Appearance
بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان | شارێکی تیا بوو جوان و ئاوەدان |
پیاوێکی لێ بوو زیرەک و زانا | نەخوێندەواری نەهێشت لەناوا |
بە تێکۆشان و هەوڵی خۆی ئەژیا | چاوی لە ماڵی کەس نەبوو ئەسڵا |
خێرخواهی بەشەر بێ دەعیە و مەتڵەب | خۆش خولق و ڕوو خۆش ئەربابی ئەدەب |
قەناعەت خواهـ و دایم گۆشەگیر | بۆ مەسڵەحەتی عام، نەسیحەت پەزیر |
ڕەنجی ئەکێشا ڕۆژ تا ئێوارێ | مەقسەد نەهێڵێ نەخوێندەوارێ |
لە حوجرەیەکی تەنها و دەربەستە | ئامشۆیان ئەکرد دەستە بە دەستە |
بە ڕوویەکی خۆش بە قسەی زۆر جوان | هاتوچۆکەری بووبوو سەناخوان |
ژووری تاریکی ڕووناک کردەوە | بە عەسای هیممەت گۆی ئەبردەوە |
ئەوی حەرفێکی هەڵنەدەکڕڕان | خوێندنی فێر کردن بە دوو سێ زوبان |
لەبەر تێکۆشین سەعی بوو دەرسی | زۆر جار بە شەویش ئەما بە برسی |
گەلێ شەو چاوی نەدەچووە خاو | خۆی ئەهێشتەوە بێ نان و بێ ئاو |
خزمەتی دەرسی بۆ ئەم و بۆ ئەو | فەرزتری ئەزانی لە خواردن و خەو |
زۆر کەس لە پیر و جوان و ئیختیار | لە سایەیەوە بوون بە خوێندەوار |
لزوومی نییە تەعریفی مەکە | ئەوی گوتوومە لە هەزار یەکە |
کەسێ لە ڕێگای خوێندەواریا | تێکۆشێ بە جان بە دڵ بێ ڕیا |
کوردێک بەم جۆرە تێکۆشانی بێ | غەمی نەژادی لەسەر شانی بێ |
کوردێک مەقسەدی خزمەتی گەل بێ | ئەو خزمەتەشی بە جان و دڵ بێ |
کوردێک تێکۆشێ بۆ خزمەتی عام | تاکوو گەلەکەی بگا بە مەرام |
بەڵکی لە سایەی عیلم و ئەدەبا | پەردەی جاهیلی لەناوا لابا |
پاداشی ئەمە لازمە هەموان | حورمەتی بگرن بە دڵ و بە گیان |
لە پاش مردنی بکرێ تیمسالی | بمێنێ یادگار لەبۆ ئەمسالی |
نەوەک تەحریکی سەرسەری بکرێ | لە قاپی و جێگای بەردی تێ بکرێ |
لە جیاتی خزمەت خراپە کردن | ئەم کارە کاری پیاوی نامەردن |
ئەو کەسەی بە حەق ویجدانی پاک بێ | ئەگەر ساحیبی خولق و ئیدراک بێ |
لەم نەسیحەتەم زۆر باش گوێ بگرێ | چاوێ هەڵبڕێ غیرەت وەرگرێ |
باش بێ وەیا خود باش نەبێ لاتان | ئیتر خۆتان و خودای خۆتان |
قسەی ئەم شەخسە لە ڕێگەی حەقە | لە قەدیمەوە قسەی حەق ڕەقە |
قسەیان خۆشە پیرانی پێشوو | بۆ ڕێگە و بانمان ئەبێ بە تێشوو |
نازانم کێ بووە ئەمەی گوتووە | وادیارە زۆری ڕەحمەت بۆ چووە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|