بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ
Appearance
| بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ | پەڵەی لێداوە بێ مانەند و ئەمسال |
| بە پاچی تاعەت و جووتی ڕیازەت | موبەڕڕا بوو، موهەڕڕا بوو لە ئەو باڵ |
| کە خاڵی بوو لە بەرد و خاری ئەغیار | مەقامی یارە پڕ ئاڵتوون و کۆتاڵ |
| وەکوو باغی ئیرەم خۆش و دڵئەفزا | نەمامی عەرعەر و هەم سەرو و شمشاڵ |
| بەدائیم پڕ فریشتە و بێ شەیاتین | لە کن تەعریف و ئەوسافی زوبان لاڵ |
| هەمیشە بولبولی ڕۆحم ئەخوێنێ | لە نێو گوڵزاری دڵدا فارغ البال |
| دەمی ڕۆحم لە شیرین بوو لەمەولا | مەسەلمێنە لە دڵ بگرم قسەی تاڵ |
| کە من مەستی شەرابی عەشقی یارم | بە سەربەستی دەکەم ئیزهاری ئەحواڵ |
| دڵ و دینی ڕفاندم شۆخ و شەنگێ | بە غەمزەی چاوی بیمار و لەبی ئاڵ |
| ئیتر زاری دەکا تاجر بە ناچار | ئەگەرچی جەردە ناکا ڕەددی کۆتاڵ |
| لە لاشەی پیسی دونیا لادە سابیر | دەنووک نادەن لە چاوت سەرگڕ و داڵ |
| عەجەب شیوەن ئەکەی بۆ بەرگ و نانت | چ بێ باکی لە ڕۆژی مەرگ و ئەوباڵ |
| عەمامەی پاک و پڕ پێچت دەلیلە | دڵت بێ غەش نییە ئەی شێخی بەرماڵ |
| بە ڕیش و پرچ و تەسبیحت تەواوی | نەمازت ناتەواوە ئەی کوڕی خاڵ |
| ئەگەر مەردی لیباسی زوهدە بەرگت | لە بۆ ژن چاکە سورمە و خامەکی ئاڵ |
| وەکوو زەڕ خالیس و بێ غەش بە قوربان | وەگەرنە ئەتخەنە بۆتە ئەبی قاڵ |
| لە بۆتەی ئاگری دۆزەخ بترسە | بە ملیۆن پیاوی تێدا بۆتە زووخاڵ |
| ئەگەر تۆ تالیبی دونیای لەگەڵ سەگ | گەلێ جا تۆش ئەبی شەڕڕ و دەمەقاڵ |
| لیباسی زوهد و تەقوا بێنە مەیدان | مەهاڵێنە لە خۆت بەرگی شڕوشاڵ |
| قسەی پیاوانە نازانم بڵێم چی؟ | دەسم پێ کردووە وەک شێت و منداڵ |
| لە بۆتەی یار سابیر زۆر بترسە | گەلێ خەڵکی لە ناودا بۆتە زوخاڵ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|