بۆ «مەولوودی پێغەمبەر» وتوویەتی
Appearance
| پێغەمبەرەکەی خۆشەویستی خوا | خاتەمی، «نبی»ت نەهاتووە لە دوا |
| زۆر پێغەمبەر هات بەرودوا تێکڕا | خاتەمی خاتەم بە هیچ کەس نەبڕا |
| بەر لەوەی ئادەم کەوا سەفی بوو | تۆ موستەفا بووی؛ بەڵام خەفی بوو |
| مایەی خیلقەتی ئەفلاک «لولاک» ە | بە «ألم نشرح» سەدری تۆ پاکە |
| «والضحی» سوێندی پڕ نووری ڕووتە | «والليل» بۆ توڕڕەی سەوادی مووتە |
| نێرگز «ما زاغ البصر» جوانی کرد | سوورمەی توور چاوی تۆ هەرزانی کرد |
| مانگ بە پەنجەی تۆ دووکەرت و شەق بوو | «پەروێز» بە نامەی تۆ جێی پێ لەق بوو |
| بوومەلەرزەی تۆ کەوتە دنیاوە | لەوساوە گولی «ساوە» هەستاوە |
| «سبحان الذي أسری» سەراتە | «قاب قوسين» یش «أدنی» جێگاتە |
| سوورەی «والنجم» ت ئەدرەوشێتەوە | گوڵی ئایینت ئەگەشێتەوە |
| «أنا فتحنا» ت توڕڕەی بەیداغە | ئایەی «مزمل» کەوای شیرداغە |
| خوا سڵاواتی لە دیدارت دا | ئەو نوورەی دیارە لە دیدارت دا |
| تۆ نەبوویتایە بە ئاگری نەمروود | نەسڵی ئیبراهیم نەدەبوو مەوجوود |
| ئەو ئیبراهیمەی تۆ نەوەی ئەوی | لە کوردستاندا دەرکەوت برەوی |
| باپیرە گەورەت فەخری کوردانە | مەڵبەندی ئەوە ئەم جێ و مەکانە |
| تۆخوا هەر لەبەر دڵی ئیبراهیم | دەردمان دەوا کە، کە هەرتۆی حەکیم |
| تۆ و ئەم ڕۆژەی تۆی تیا هاتیە دنیا | چارمان کە هیوای بە تۆیە تەنیا |
| هەروەک «رحمة للعالمين» ی | دیارە تەنگانەی ئێمەش ئەبینی |
| تۆ خۆت ئەزانی کە کورد دیندارن | بە ئاینی تۆ سەلابەتدارن |
| خۆمان بە ئەهلی ئیمان ئەناسین | کەچی کەچڕەوین بۆیە کەساسین |
| کە تۆ لە لای خوا خاترت ئەگیرێ | وابکە نیفاقمان لە ناو هەڵگیرێ |
| ئەوسا ئەبینی چە ئوممەتێکین | لەڕێی خزمەتی ئاییندا یەکین |
مارتی ساڵی ١٩٤٥
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|