بووکی دونیا شوو بە مێردی جاهیل و ئەحمەق ئەکا
Appearance
بووکی دونیا شوو بە مێردی جاهیل و ئەحمەق ئەکا | حەقیەتی بێزوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی حەق ئەکا |
وا جەهەننەم پڕ لە جاهیل لەهو و لەعبی خۆی ئەکا | تێگەیشتوو بۆچ لە ژێر عاباوە خۆی ئیرەق ئەکا |
ئەی دریغ ئێستاکە ئەهلی حەق نەما ئەولادییان | غەیبەتی دینپەروەران و کردەوەی ناحەق ئەکا |
عالیم و جاهیل لە مەعنا و سورەتا فەرقی نەما | چونکە هەردووکی بە بۆیاغی سمێڵی دەق دەکا |
هەر موسوڵمانێ قسەی حەق گەر لە جێگایێ بکا | جێبەجێ لەو جێگە خۆی بێ حورمەت و جێ لەق دەکا |
واعیزێ وەعزی بدا زاڵم وەکوو کتکی قەڵەو | گۆشتی دابەستوو ببینێ چاوی هەردوو زەق دەکا |
خوانەخواستە عالمێ تەعزیری جاهیلێ بکا | ئەو مەلا تووشی بەڵا و خۆی کافری موتڵەق ئەکا |
ئەی مەلا تۆ چۆلەکەی، زاڵم پشیلەی مەتبەخە | تۆ نەچیتە مەتبەخی، چاوی لە تۆ کەی زەق ئەکا؟ |
حەق وتن قانوون نییە، ناحەق وتن بێ شەرعییە | شەققی شەففە سادق و کازب نزیکی شەق دەکا |
تۆ دەل و بیبەر نەخۆی تەئسیر لە داوێنت نەکا | لاجەرەم سیرخۆر ڕەفیقانی کە لووتی ڕەق ئەکا |
تالیبی ئاسایشی حیفزی زوبانی کافییە | وەرنە قەولی بێ سەر و پا قەلبی ئینسان ڕەق ئەکا |
سابیری لەوساوە تەبعی ئەهلی دونیای ناسیە | نە بچووکی تێگەیی و نە گەورەیی ئەحمەق ئەکا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|