برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە
Appearance
| برا شێتی بەسە عەقڵێ پەیا کە | لە خوڵق و خوویی حەیوان خۆت جیا کە |
| دەمێکە وا ئەسیری نەفسی نزمی | وەرە حەربێ لەگەڵ نەفس و هەوا کە |
| بە تەییارەی سیام و تۆپی تەقوا | غەزای پاتەختی نەفسی ڕووسیا کە |
| بە مەترەلۆزی وێردی زیکر و فیکرت | بەرەنگاری ختووری ماسیوا کە |
| بە غەفڵەت چوو برادەر عومری گەنجی | لەمەولا عومری ڕابردوو قەزا کە |
| هەتا کەی لوقمەبادان و چڵێسی؟ | بەسە تەنپەروەری، هۆشێ پەیا کە |
| حەساری شاری دینت ئەی موسڵمان | بە زیکر و فیکری تەسبیحی خودا کە |
| قسەم بۆ دین و دونیا سوودمەندە | ڕەفیقی چاک و تاعەت بێ ڕیا کە |
| لە خەڵقی خاکی تێفکرە سبەینان | بە شەو سەیرانی ئەستێرەی سەما کە |
| لەخەو هەڵسە بشۆرە دەست و چاوت | تەماشایێکی ئەسراری خودا کە |
| بە ئیستیغفار و گریانی سبەینان | برین و دەردی عوسیانت دەوا کە |
| ئەگەر تانەی گوناهت هاتە سەر چاو | عیلاجی تووتیای پای ئەولیا کە |
| تەماشاکردنی ئاوێنە یەعنی | لە ڕیش و ئیشی ناڕێکت حەیا کە |
| ئەسەف بۆ گەنجی، ئەییامی جەوانیت | کە فەوتاندت لە پیریدا ڕەجا کە |
| سمێڵ و ڕیشی وەک ماش و برنجت | ئەڵێن ئەی خەستە تەرکی زوولبیا کە |
| چرا و عومر و شەوی سابیر بەسەرچوون | لەمەولا زیکری بێ چوون و چرا کە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|