بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ
Appearance
| بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ | یا خێوی ئەمرێ، یا ئەیڕووخێنێ |
| ئەم شارە کە وەک بەهەشت ئەنوێنێ | کە ڕەشەبای بوو خۆشی نامێنێ |
| خوا پاراستووینی لە ئاگری «هیتلەر» | یاخوا بە بێ غەم تیا بەرینەسەر |
| کە لە شەڕ دوورین خودامان یارە | با هەر سەیران بێ لە «گردی یارە» |
| جوولەکە بە قین «هامان» ئەکوژن | ئێستا بۆ خوێنی «هیتلەر» نامژن؟ |
| ئەسڵی دوژمنی ئەوان هیتلەرە | خوێنڕێژی هیتلەر لەحەد بەدەرە |
| بەڵام وا تیری خوای لێ کەوتە کار | هەر وا بزانن بۆی کەوتنە هاوار |
| چ خوابەردارە، ئەم ترس و لەرزە | ئەم خوێنە گەشە لە ڕووی ئەم ئەرزە؟ |
| بە زگێ برسی و بە زگێ تێرین | لێمان ناگەڕێن کە خۆش ڕابوێرین |
| من هەرگیز بۆ خۆم ناپاڕێمەوە | وا من ڕۆییوم ناگەڕێمەوە |
| بەڵام بە هیوای خاکی کوردستان | وەک هەڵدەگرێ بێ بە گوڵستان |
| دەستەی لاوانی خوێندەوارەکان | ئەگەر تێکۆشن بە دڵ و بە گیان |
| نزیکە خاکمان ببێ بە ئیکسیر | هەموو یەک کەون بە ڕا و بە تەگبیر |
| کە دەست لە دەست بێ قووەت لە خوایە | هیچ شوبهەت نەبێ کە ئەمە وایە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 605
1940/08/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|