باران ئەبارێ کەچی هەتاوە
Appearance
| باران ئەبارێ کەچی هەتاوە | ئەوە بە کوردی «گورگەزێ»ی ناوە |
| هەر بێچوە گورگێ، ئەودەمە بزێ | ڕۆڵە لە بەری دایک ئەدزێ |
| گورگ ساڵێ جارێ مەڕ ئەفڕێنێ | بنیادەم دایم خوێن ئەڕژێنێ |
| لای ئێمە کوشتن یەکە هونەرە | گورگیش بۆ گیسکێ خوێنی هەدەرە |
| تووڕەیی و شەڕی «ڕەمەزان» باوە | بە نای ناڕەوا «سەفەر» بەدناوە |
| هەر یەک قوماشە و قیمەتیان جیایە | هەر سەربانێکە و دوو هەوای تیایە |
| بە تەقاویتیش ناڵێن ئینسانن | خۆیان لە نەسڵی ئەوان نازانن |
| ئەوانەی کەوا مونکیری بابن | ئینشەڵڵا هیچیان تەقاویت نابن |
| جووجەڵە سەری لە هێلکە دەرچوو | کەچی بە دەندووک توێکڵی بەربوو |
| بە ئێستریان وت: باوکی تۆ کێیە | وتی: ڕەسەنی دایکمم پێیە |
| ئێستر داری بۆ «نەمروود» کێشاوە | لەبەر ئەوەیە تۆوی بڕاوە |
| ئێمە وەک شەیتان ئەکەوینە بەین | ئاگری جەهەننەم بۆ یەک خۆش ئەکەین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 769
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|