اللە اکبر
Appearance
| ئەی برا مەڕوانە ماڵ و خانەیی وێرانی من | تێبگە زانین و فەن و کردەوە و عیرفانی من |
| ڕۆڵەیی کوردم، سیلاحشوورم لەمەیدانی شەڕا | عالەم ئەیزانێ چلۆن بوو ڕۆستەمی مەیدانی من |
| گەر بڕۆی گەشت و گوزاری باغ و باغاتم بکەی | تێدەگەی ئەوجا چلۆنە جەننەتی عەدنانی من |
| سەیری کێو و دامەنی کێوانی کوێستانم بکەی | هەر دەڵێی اللە اکبر چەن خۆشە سەیرانی من |
| ئاوی بەرماوەی منە نیوەی جیهان تێر ئاو ئەکا | بۆ عیراق و ئەلجەزیرە ڕۆحە ئەم ئاوانی من |
| مەزرەعە و کێڵگەی وڵاتم بۆتە عەمباری جیهان | ڕزقی ئێران و عەرەب تەئمین ئەکا خەرمانی من |
| بۆ بڵندیی خۆی بەقوربانی ژیانی گەل دەکا | گیان و ماڵی هیچە لا، سەرکردە وو گەورانی من |
| ڕووبدا بۆ دین و میللەت زەڕەیێ کورتی و بەدی | گیان ئەدەن ناکەن تەحەممول عالیم و شێخانی من |
| ئەو کەسە بەدبینە ئیسپاتی جەهل بۆ خۆی ئەکا | وا ئەکا ئینکاری زۆر و دەبدەبە و دەورانی من |
| لاپەڕەی تەئریخی عالەم شاهیدە بۆ دەوری من | دیارە هێشتا تاقی کیسرای دەوڵەتی ساسانی من |
| ئیددیعای عیلمی مۆسیقا ئاهی من ئیسپات ئەکا | ڕاست و سێگا وو بەیات و لاوک و حەیرانی من |
| دیزە وو بێژنگ و تەشپی، پەستەک و شاڵ و کڵاش | شاهیدە بۆ کردە وو کاری دەسی کۆنانی من |
| دەبدەبەی جەمشید و داراو و فەرەیدوون و کەیی | قابیلە ئینکاری عەدلی شاهی نەوشیروانی من |
| خێڵی دەوری ئەنقەرە و عێلاتی سەرکەی بایەزید | چاخی دنیا گرتنم بوو ما لەوێ کوردانی من |
| میسر و یۆنان و یەمەن، هیندستان و تورک و ڕۆم | چۆن موسەخخەر بوو بەگورز و خەنجەر و چەوگانی من |
| ئەی برا ئەو قەومە ژوورەی شوهرەتی سوریانییە | هەر ئەوە گۆڕاوە لەفزی میللەتی سۆرانی من |
| حەزرەتی ئیبراهیم دەڵێن ئاسوورە، ئاغا سوورییە | بەم وتە کوردە، دیارە سیلسیلەی عەدنانی من |
| حەزرەتی نوعمانی سابیت بوو حەنیفەی سەرمەزەب | کوردە خاوەن عیلمی بەحری بێ پایانی من |
| پیاوی وەک سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبیم بووە | فەخرە بۆ ئیسلامی عالەم، کردەوەی سوڵتانی من |
| ئینقیلابێ چۆنی پێکهێنا لە ئیسلام و عەرەب | میر ئەبو موسلیم بوو سەرکردەی گەلی شێرانی من |
| نادری ئەفشاری وو عەبدولکەریم خانی زەنی | دوێنێ دەنگی دا لە عالەم سەتوەتی شاهانی من |
| گفتوگۆبا ئینتیهای بێ، خاتیمەش بێ بەم وتە | نیسبەتی ئاری بەسە بۆ عەنعەنە و عینوانی من |
| مەسلەکی من هەر چەنێ لەم تەرحە بەحسە دوورشە | ئەی ئەسیری پێم دەڵێی میللییەت و ویژدانی من |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|