ئەی کوڕەکاژاو بەرزی هەوادار
Appearance
| ئەی کوڕەکاژاو، بەرزی هەوادار | ساحێب نەزارەت بۆ دەشت و کۆسار |
| سەربەرزو بڵند گشت شاخەکانی | سایەی سەری گشت قەومی کوردانی |
| بە سەربەرزیی تۆ و چیای بێستون | سەربەرزن قەندیل هەم پیرەمەگرون |
| دەماوەند دائیم سەنا خوانتە | عاشقی قەدو باڵای جوانتە |
| بەردت هەمتایە لەگەڵ گەوهەردا | غوبارت تەعنەی لە سەد جەوهەر دا |
| ئێستا کە بۆچی مات و شێواوی؟ | بۆچی حەزین و زەرد هەڵگەڕاوی؟ |
| بۆچی ئەمەندە مات و غەمباری؟ | بۆچی ڕەنگ زەردی، بۆ لێو بە باری؟ |
| کوا شنەی پاڵی بەڕەزای پاڵت! | کوا خێمەی گوڵ و گوڵاڵەی ئاڵت! |
| کوا پۆل و دەستەی تازە جوانانت! | کوا شەرقی و نەشید سەراو ئەیوانت! |
| کوا خوڕەی بەفراو فەسڵی بەهارت! | کوا دەستە دەستەی مەحبوبەو یارت! |
| کوا سروەی نەسیم بەری بەیانت! | کوا نەغمەی بولبول دەوری گوڵانت! |
| من داوا ئەکەم کۆهی بە سامان | حاڵ و ئەحواڵی خۆت بکە بەیان |
| جوابی دامەوە هەر وەکوو بولبول | وتی: چی ئەڵێم بیگرە بە دڵ |
| من شاخی مەشهوور کوڕەکاژاوم | لە ئاستی دوژمن لارە کڵاوم |
| من جێگای مەرد و پاڵەوانانم | هەم بێشەی گورد و شێری ژیانم |
| فەسڵی بەهاران بە خێمەی گوڵان | ئەڕازامەوە هەر وەکوو ڕێزوان |
| چەند چەشمەی ئاوی سازگارم بوو | چەند باغ و باخچەی پڕ لە کارم بوو |
| وەختێ گوڵزاری خۆم ئەدی بە چەم | سەد تەعنەم ئەدا لە باغی ئیرەم |
| پۆلی نازداران نازک نەو خاڵان | ڕوومەت پەڕەی گوڵ قامەت شمشاڵان |
| بە عیشوەو نازو لەنجەو لارەوە | بە چاوی مەستی پڕ خومارەوە |
| ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی سەیران | ئەمن جەننەت بووم، ئەوانیش غیلمان |
| چەند زاتی مەشهوور قەدیمی ڕۆژگار | ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی شکار |
| ڕۆژێ لە ڕۆژان نیگام کرد بۆ دوور | دیم گەردەلوولێ لە ڕووی شارەزوور |
| دنیا سەراسەر بووە بە زوڵمات | ئەهالی غەمگین حەزین و دڵ مات |
| پرسیم لە کەسێ بە کوردی زوبان | ئەم غەوغا چییە، بۆم بکە بەیان |
| دنیا سەراسەر بۆ لە گرینە؟ | بۆچی مەخلوقات دڵ پڕ برینە؟ |
| لەم خاکە پاکە چییە قەوماوە | دووربێ فیتنەیە، کەوتە دنیاوە؟ |
| جوابی دامەوە بە دڵی پڕجۆش | بە گریەو زاری بە شین و خرۆش |
| حاڵ و ئەحواڵی بۆ کردم بەیان | ئەسڵی مەسئەلەی لا کردم عەیان |
| وەقتێ کە بیستم ڕۆژی ڕەشی کورد | هاتمە جەنبوش، هەتا شەقم برد |
| کردم بە سەرما خاکی بێشمار | یەخەی خۆم دڕی لە سەرتابەخوار |
| باغ و باغچەی گوڵ کەوتنە خەزان | ناڵەی بولبولان گەیشت بە ئاسمان |
| ئەمەندە گریام کێشام بە سەردا | وەک باوک مردە بانگم لێ بەردا |
| یاخوا دەردی وا خوا نەیدا بە کەس | وەکوو دای بە کورد مەزڵوومی بێکەس |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|