ئەی پەیکی خۆش خەبەر

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
ئەی پەیکی خۆش خەبەر  (1945) 
by مەلا مارف کۆکەیی
ئەی پەیکی خۆشخەبەر بە فیدات بم ئەتۆ وەرە خۆت ئەم قەسیدە کوردییە بۆ موهتەدی بەرە
ئاشی گوڵانە مەنزڵی یانی لەبەر گوڵان قوتر و موحیت و میحوەر و قوتبی موعەتتەرە
تا چاو هەتەر دەکات و هەتا دڵ دەڵێ بەسە باغ و درەخت و عەرعەر و سەرو و سنەوبەرە
خەمڵیوە سەرزەمینی بە خونچەی گوڵ ئاتەشی ئاوی لەتیفە سافە، هەوای عەترپەروەرە
فەڕشی زوموڕڕودی گوڵی زەرد و سوور و ئاڵ تێکەڵ بووە دەڵێی تەبەقی عوود و مەجمەرە
وەک خێوەتی گوڵانە هەموو باغ و چیمەنی دامێنی کێوی ئەتڵەس و دیبا و مەخمەرە
نێرگس بە چاوی مەستەوە سوێسن بە سەد زبان مەشغووڵی زیکر و فیکری خوداوەندی ئەکبەرە
گەردنکەچە وەنەوشە گوڵ و بەرگی نەستەرەن گوڵی یاسەمەن بە دارەوە وەک میشک و عەنبەرە
شەونەم لە چێهرەیی گوڵی مینا و ئەتڵەسی باریوە دانەی کە دەڵێی دوڕڕ و گەوهەرە
وەک من مەلوولە لالە بە داغی فیراقەوە سونبول بڵاو و خاوە دەڵێی زولفی دولبەرە
گریانی گوڵی شللێرە ببینە عەزیزەکەم فرمێسکی چاوی بە هەوری ئاوی موقەتتەرە
ئەسڵ و ئەساس و عونسوری قەسر و عیماڕەتی عیزز و شەهامەت و شەڕەف و عیلم و جەوهەرە
سەتحی حەساری مەزهەری ئایاتی جەننەتە ئاوە، درەخت و میوە و سەوزەڵان و سێبەرە
هەر وەک نەعیمی ڕەوزەیی ڕیزوانە نیعمەتی بێ موزد و ڕەنج و میننەت و بێ ئەجر و کەیفەرە
عەرزی بکە لە قەولی من ئاغایی موهتەدی ئەم دەورە زیندەگانییە وەک مەوتی ئەسفەرە
ئەو ڕۆژە کە فەسڵی خسوومات و داوەری ڕاجیع بە حوکمی یاوەرە قانوونی داوەرە
حاڵی مەلا لە حاڵەتی هەمزە خرابترە یەک ئالەتێکە بێ عەمەل ئەمما موسەددەرە
لەو ڕۆژەوە بە دەس ئوسوولی موحاکمات ئیبنوحەجەر حەناجیری مەجرووحی خەنجەرە
بێ شک و شوبهە خۆشترە مردن لە زیندەگی بۆ ئەو کەسەی کە ساحیبی میحراب و مینبەرە
تێفکرە کوللی جینس و مەتاعێک بە قیمەتە حەتتا بە چەند موقابیلی سابیق بەرابەرە
جوز مێزەر و عەبا کە ئەوڕۆ مەعەلئەسەف سەد مەن مەلا بە قییمەتی یەک مەن چەوەندەرە
مەنعم مەکەن لەوەی کە سەراسەر قەسیدەکەم تەعریفی دەردی خۆم و کەماڵاتی سەروەرە

This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:

  • The creator(s) died before 22 August 1980, for works that their copyright expired before 22 August 2010 according to the 1970 law.
  • The creator(s) died more than 50 years ago. (Reformation of article 12 - 22 August 2010)

In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):

  • Photographic or cinematographic works.
  • In cases where the work belongs to a legal person or rights are transferred to a legal person.

Public domainPublic domainfalsefalse