ئەی فەلەک بۆچی
Appearance
دەمەو چێشتتەنگاو لەدوای بەیانی | ئەمبیست ئەیانوت ئەرێ نازانی |
دوێنێ لە باکوور لافاو هەڵساوە | شاری سلێمانی تەواو تێک داوە |
بۆ هەر کوێ ئەچووم هەرا بڵاو بوو | هەر سلێمانی باسی لەناو بوو |
ئەگەیشتمە هەرکەس پێم ئەوت برا | چییە ئەو باسە وا بۆتە هەرا |
ئەیوت: نازانی شاری کوردەکان | کڕێوە و تەرزە کردوویە وێران |
ئەڵێن چەندەها کەس لێی خنکاوە | بە دەها خانووی تێدا ڕووخاوە |
کە بیستم وەکوو جەرگم بێتە خوار | خۆشی و پێکەنین لێم گۆڕان بە زار |
ئەم جارە بەرەو شاری سلێمانی | کەوتمە سکاڵا بەدڵ پەنهانی |
وتم: تۆ جێگای بەرزی کوردانی | تۆ بڵێی ڕاست بێ ئەڵێن وێرانی |
جاران هەمیشە لە خەو و خواردن | لە خۆشی و شادی، قسە و ڕابواردن |
ئاخم ئەکێشا ئەموت دوو ساڵە | سلێمانیم نەدی و جەرگم زووخاڵە |
ئاخۆ ئێستاکە ڕازابێتەوە | وەکوو گوڵاڵە نەخشابێتەوە |
کەچی بۆ مژدەی هەناوی بووریان | ئەم هەواڵەم بیست کردمی پەرێشان |
کەوا بە جووتە فەلەک و زەمان | بە دەستی پیسیان جەرگمیان هەڵقڕچان |
کۆشکی خەیاڵیان تەواو ڕووخاندم | شادی و خەندەیان لە لێو فڕاندم |
ئەی فەلەک چەرخت تەفروتوونا بێ | وەک دۆم شیتاڵت بۆ ڕەشەبا بێ |
وەک سواڵکەر دایم سەرکز و مات بی | برسی و ڕەنجەڕۆ لاواز و لات بی |
ئەو تەخت و بەختەی کە شانازیتە | هۆی سەما و بەزم و ڕمانبازیتە |
هەڵوەشێ وەکوو کورتانی دەجال | هەر ڕۆژەی کەرێک بیکاتە جەواڵ |
ئەو پێچکەی کەوا سووڕت پێ ئەدا | بەرەو وڵات و گەلانت ئەبا |
پارەپارە بێت چەپەرەکانی | بۆ ئەوەی تەواونەکا سوڕدانی |
پێم بڵێ ئەرێ کافری بێفەڕ | وەکوو پشیلەی سەرانگویلک گەڕ |
چۆن سلێمانیت کرد بە نیشانە | پلارت تێ گرت بێبەزەیییانە |
هەر وەکوو گورگی برسیی ناوزەبەن | دەمی گڵاوت لە کوردستان ژەن |
لەم سەرزەمینە شارەزا نەبووی؟ | وا بەرەو شاری سلێمانی چووی؟ |
هەی بێفەڕ تۆزێ ڕەحمت ببوایە | کارەساتی وات تیا نەکردایە |
ئەو گشت مناڵە بەرمەمکانانە | ئەو کیژ و کچە خەت و خاڵانە |
ئەو گەنج و پیاو مرۆڤ و ژنە | ئەو هەموو ڕۆڵە و کۆرپە خرپنە |
کێ تاوانکارە کێ وەها ئەمرێ؟ | بێفەڕ کێ گوناهی ئەوان هەڵئەگرێ؟ |
هەی دڵڕەقی پیس گوڵی پڕ لە قین | بۆ جیهان بوویتە چەڵەمە و ناڵین |
نایەڵیت یەکێ تۆزێ بخەوێ | ڕێ نادەی گەلێ تۆزی سەرکەوێ |
پەتەکەی دەستت هەی بێباری پیس | لوول ئەخوا وێنەی ئەڵەقەی گوریس |
بۆ ئەوە گەلان بخەیتە سەما | کاتێکت زانی تۆزقاڵت نەما |
لێ یشت دیار بێ هەتاکوو ئێستا | کەس نەیتوانیوە مافی کورد بخوا |
هەرچۆن بێ چاوت بە زۆر دەردێنین | گەر بڕواش ناکەی دوایی ئەیبینین |
بەڵێنم داوە و وا پێت ئەبێژم | دواتنۆکی خوێنم بۆ کورد ئەڕێژم |
نەک من بەتەنیا میلیۆنان وەک من | خۆ بەختکەرن تا کاتی مردن |
جا خاکت بە سەر بۆ وات لە خۆت کرد | تۆیش و مام ڕێوی ئەو باوکەتان مرد |
کەوا بەرامبەر گەلی کوردەوار | هەژگی کلکتان بکێڵێ کۆسار |
1958/10/19
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|