ئەڵێن تا سەر بێ ڕزقی لە دوایە
Appearance
| ئەڵێن تا سەر بێ ڕزقی لە دوایە | ئەمە قەولێکە باوەڕ بە خوایە |
| بەڵام ئاشکرا بە چاو ئەبینرێ | لە گرانیدا زۆر کەس ئەمرێ |
| ڕزق لە ئاسمان نایەتە زەوی | شەرتی ئەوەیە تۆ شوێنی کەوی |
| بەڵام نەوەک سواڵ لەم ماڵ و لەو ماڵ | بە ڕەنجی شان و کەسبێکی حەڵاڵ |
| با وجوود کاری خوا کەس نایزانێ | مەرد دەخاتە لای نامەرد بۆ نانێ |
| نەمدی پیاوێکی پیاو دەوڵەمەند بێ | پێی پیاو هەمیشە دەبێ لە بەند بێ |
| ئەوەی کە نایخوا دەوڵەتی زۆرە | «ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆرە» |
| بە خوا ئەمانە داخی دڵمانە | «نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە» |
| ڕەشەبا کەیفی شەوی لێ تێکدام | ناچار وەک قازی کوێر شەو بە تەنیام |
| داخەکەم شووتی و کاڵەکم تەپی | ترۆزی کۆن بوو سیس بووە ڕەپی! |
| لەسەر هیچ حاڵی دنیا نامێنێ | گاهـ بولبول، گاهـ بایەقوش ئەخوێنێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 636
1941/07/31
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|