ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە
Appearance
ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە | حوکمی ئازادی ئیعلان کراوە |
حوکمی دەوڵەتە ڕوو قەت نەگیرێ | پێچ بپێچنەوە، حیجاب هەڵگیرێ |
لایاندا خانمان، چادری ڕەش لەسەر | وەک ڕۆژ لەژێر هەور سەریان هێنا دەر |
چارشێویان لادا لەسەر گۆنای سوور | دەرکەوتن سینگ و باسکی وەک بلوور |
نێو سینگ و مەمک و قەد و باڵایان | چەند جوان دیارن ئاڵوواڵایان |
بەو چلەی زستان، ناخۆش بێ بێتۆ | هەرزان بوون سێو و هەنار و لیمۆ |
باسک دەرخران، بەرۆک هەڵدڕان | قەد باریک کران، کەفەڵ هەڵخڕان |
هەروەک ئاسمانە ئەوڕۆ خەیابان | ورشەورشیانە مانگ و ئەستێران |
چوار چوار و سێ سێ، بە جووت دێنە خوار | تاوسن، بازن، شەهێن و شمقار |
کەون، کۆترن، قورینگن، پۆڕن | مامزن، ئاسکی ناسکی چاوشۆڕن |
هەر عەیش و بەزم و شەوق و شادییە | وەک حۆرین، بیری مردنیان نییە |
پەرچەم لەسەر ڕوو پرش و بڵاون | وەک مسک و کافوور تێکەڵ کراون |
حەبەش و ڕۆم و زەنگی شەڕیانە | زولف و خاڵ و ڕوو، زەدوخوردیانە |
لە دواوە دەستەی زولفان سەر بڕان | سەر، شانە کران، پەرچەم هەڵکران |
بۆ فووتباڵ دەچن، سیرک و تیاتر | کچ لە پێشەوە، کوڕان لە دواتر |
کچ و کوڕ تێکەڵ، هەروەک شەکر و شیر | پیاو و ژن، ژینیان وەک یەک جوان و پیر |
وەرزشێ دەکەن، زۆرانێ دەگرن | عەیب و عار نییە، نابێ تێک فکرن |
باسک ڕاست دەکەن، خۆ دادەنوێنن | سینگ ڕەپێش دەخەن، لاقان هەڵدێنن |
ئەوجار هەر کەوتن بۆ کوڕ لایقە | لە ژێر و لە سەر، هەر ئەو فایقە |
ژن و پیاو وەک یەک، زەحمەت دەکێشن | فەرەنگی بەوەی لێمە لە پێشن |
سیلاح هەڵگیران، سجیل وەرگیران | بۆ دوو ساڵ خزمەت بە سەرباز گیران |
سەرڕووتی و مەستی، جەڵدی و تەڕدەستی | ڕەقس و هەڵپەڕین لە بڵیندی و پەستی |
فوتباڵ و وەرزش، بازدان و پەڕش | لە خیابان و باغ، سەیران و گەردش |
لە دانیشتندا کڵاو نەماوە | کڵاوداگرتن لەجێی سڵاوە |
ئەوانە چاکن بۆ عەسری حازر | ویۆڵۆن، پیانۆ، ڕادوێ و تیاتر |
عەبا و عەمامە کەمیان بمێنن | مەلایان چیدی خۆیان نەنوێنن |
نوێژ و ڕۆژوو و حەج، سەرفیترە و زەکات | خەتم و تەهلیلە و خێر و حەسەنات |
تەکیە و خانەقا، مەدرەسە و مزگەوت | دەرکیان بەسترا، پاکیان پەکیان کەوت |
نابینم نوێژ و جومعە و جەماعەت | نابییێم بانگ و ئەوڕاد و قامەت؟ |
کوا حەڵقەی دەرسی مەلای لادێیان؟ | کوا دەور و «ئالی بابا»ی فەقێیان |
کوا حەڵقەی زیکری دەروێشی غەوسی | کوا شوغڵ و خەتمی سۆفی ئوەیسی؟ |
وا ئیجاب دەکا ئەوڕۆ زەمانە | دنیا ئاخری هیچ و نەمانە |
تەئریخ هەزار و سێسەد و چاردە | دەی مانگە، دنیا زۆر وشک و ساردە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|