ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە
Appearance
ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە | ئەمن هەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە |
خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە | هەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە |
*** | |
بە ئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە | هەناسەی ڕزق و ڕۆزی هەڵمەکێشە |
ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە | شکارت هەوڵە گەر بیکەی بە پێشە |
*** | |
ئەگەر سەروەت بە هاوار و دوعا بێ | گەدای سەر جادە هەڵدەگرێ کە شا بێ |
بە یەک هەفتە لە دەرد و خەم ڕەها بێ | نەوەک تا ماوە هەروا بێنەوا بێ |
*** | |
تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ | گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ |
لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ | تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ |
*** | |
بە منداڵی لەبۆ حاجی نەباری | وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری |
بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری | بە هیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری |
*** | |
چ مانێک و ژیانێکە هەتا سەر | لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر |
ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و هونەروەر | نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوهەر |
*** | |
تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان | خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان |
ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان | حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان |
*** | |
هەتا گەنجی بەکار و خۆخحڵ بە | لەگەڵ ئەهلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە |
بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە | بە شەوق و میهرەبانی ڕەنگی گوڵ بە |
*** | |
دەروونم کەیل و پڕ دەردی زەمانە | نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە |
سەعی کردن لە قورئانا بەیانە | بە کفری تێئەگا هەر کەس نەزانە |
*** | |
برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم | مەڵێ خراپە هەرچی کە من ئەیڵێم |
بە پشکۆی جاهیلی سووتاوە ژێر پێم | نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم |
*** | |
ئەتۆ موفتی ئەگەر ئاوازە خۆشی | لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی |
بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بە جۆشی | مەتاعی چاکە هەڵبەت ئەیفرۆشی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|