ئەم دنیایەی وای بۆی بە چڵوچۆین
Appearance
| ئەم دنیایەی وای بۆی بە چڵوچۆین | بە ڕووتی هاتووین بە ڕووتی ئەڕۆین |
| هێندە بە جەورین، وەک کاسەی چەورین | ئاو ناگرینە خۆ بە گل و دەورین |
| تەنها کفنێکمان ئەگەر پێ ببڕێ | ئەویش لە خاکا بەرناگرێ، ئەدڕێ |
| خوا دەوڵەتمان لێ ئەسێنێتەوە | تەنها ناوێکە ئەمێنێتەوە |
| هەر ئەو ناوەیە کە لە پاش خۆمان | واسیتەی ڕەحمەت ناردنە بۆمان |
| ئەگینە ئەوا جەمعی خۆمانە | دانیشتووین تێکڕا، گفتوگۆمانە |
| چاومان لە یەکە و بە زوبان ئەدوێین | کە هەڵساین ئیتر لە یەکتر گوم بووین |
| هەر وەکوو خەیاڵ بیرت ئەکەوێ | کەوتە بەیانی ئەبێ بە خەوێ |
| کەواتە دنیا خەو یا خەیاڵە | شوێن خەو و خەیاڵ کەوتن بەتاڵە |
| شوێنێکت بوێ کە هێجگاری بێ | دوور لە بەدکار و دڵ ئازاری بێ |
| ئەویش ئەولایە و بە دەست مەولایە | تۆ تەقەلای چیت بەم لاو بەو لایە؟ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 1006
1950/04/10
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|