ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ
Appearance
| ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ | دڵ پێ ئەکەنێ ئێستە کە کەوتۆتە گوڕوگاڵ |
| بۆ خزمەتی ئاڵایەکە سەوزە و سپییە و سوور | ئەیکەم بە فیدای قەوم و کەس و ڕۆح و سەر و ماڵ |
| ئەو دوو گوڵەگەنمەی کە حەیاتی من و تۆیە | یەک سەد ئەبڕێ پشت بە خوا پاییزی ئەمساڵ |
| نووکی قەڵەمیش نێزەیە بۆ سینەیی ناحەز | پێی وەرئەگرین حەق چ بە خەروار و بە مسقاڵ |
| سەد شوکری خوا ئێستە کە وا بۆتە گوڵستان | چەند ساڵە کە ئەڕژێ وەکوو گوڵ خوێنی گەش و ئاڵ |
| ئەو شیوەنە بۆ ئێستە بوو ئەو ڕۆژە کە ئەموت | سەرناکەوێ ئەم قەومە بە تەزبێح و بە بەرماڵ |
| نەمدی کەڕەتێ سۆفی و دێوانە بە هیممەت | دەرمانی کەسێ کەن بە دوو سەد زیکر و دوو سەد حاڵ |
| چەند ساڵە چ بۆ دین و چ دنیا چ بوو نەفعی | تەعریفی زلیی حووج و کەری حەزرەتی دەججاڵ |
| گیرۆدە بوو ئەم قەومە لەژێر باری خوڕافی | گەهـ باسی جنۆکە و شەوە بوو گاهێ قسەی هاڵ |
| پێویستە لەسەر شاعیری ئەم عەسرە لەمەو لا | خامۆشی بکا باسی دەم و چاو و خەت و خاڵ |
| لام وایە گەلێ عەیبە لەبۆ پیاوی بەقیمەت | ناوبردنی بەرموور و مل و بازن و خڕخاڵ |
| ئەی کوردە ئەگەر ڕوو نەکەیە مەکتەب و سنعەت | ڕاتناگرێ هیچکەس چ بە فەڕڕاش و چ حەمماڵ |
| بێ عیلم و ئەدەب تاوەکوو کەی نابینە ئینسان | هەر عیلمە کە ئاسن ئەفڕێ بێ پەڕ و بێ باڵ |
| بێ هێزی قەڵەم بێ قووەتی خوێندن و زانین | هەر ژێر ئەکەوێ ئاخری گەر بێتە نەوەی زاڵ |
| شاعیر هەیەتی ڕێگە لەمەو لاوە کە بدوێ | تاکەی لە خەفەتخانە خزێ مات و کەڕ و لاڵ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|