ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی
Appearance
| ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی | ساحێب ئیدارە و سوڵتە و تەجەللی |
| مودیر وەزیفەی خۆی تەواو ئەکرد | ئیشی میللەتی بەسەرچاو ئەکرد |
| ئەیکرد تەماشای ئیشی ئیستیهلاک | فەرمانی ئەدا سەربەست و بێ باک |
| ڕۆژێ دای لە زەنگ فەراشی بانگ کرد | هاتە ژوورەوە تەمننای بۆ کرد |
| وتی ئەم غەوغا و هەرایە چییە | ئەم خەڵقە زۆرە ئیشی بە چییە |
| وتی: ئەهالین هەموویان هاتوون | بۆ وەرگرتنی شەکر پیدا بوون |
| کوێخاکەی دوێنێ ڕۆنەکەی هێنا | هاتووە بۆ شەکر ئێستا وا لێرا |
| فەرمووی پێی بڵێ بێتە ژوورەوە | حورمەتی بگرە هەر لە دورەوە |
| سۆئالی لێکرد لە ڕووی موحیبەت | حاڵ و ئەحواڵ و ئیدارە و سیحەت |
| وتی: لە سایەی لوتفی تۆ چاکین | فەقەت بێ شەکر گەلێ هیلاکین |
| شەکری ئەداتێ سەری چوار کیلۆ | ئەڵێی فڵان کەس: ئەمیشە بۆ تۆ |
| ئەگەر ئیشەکە ئاوا نەبوایە | بە مەرامی خۆی شەکرم ئەدایە |
| فەراش دووبارە ئەچێتەوە ژوور | دیسان تەمەنا ئەکات لە حزوور |
| ئەڵێی فڵان شێخ قوربان هاتووە | دوو ڕەبە نۆکی بۆ تۆ ناردۆ |
| دێتە ژوورەوە ئەوەستێ ساتێ | سەری سێ کیلۆ شەکری ئەداتێ |
| کەسێ کاغەزی دۆستێکی بێنێ | سەری دوو کیلۆ شەکر ئەسێنێ |
| ئەمێنێ ئەهلی فەقیر و هەژار | مسکێن و زەلیل، ژنی هەتیوبار |
| مودیر عاقڵە کە ئەیان بینێ | بە جێگای ئومێد کەسیان نابینێ |
| ئەڵێ مەیعادی شەکر نەماوە | بە بیتاقەیە هەمووی نووسراوە |
| ئیتر بە هیچ کەس شەکر نادرێ | بڕۆن بەیانی شەکر ئەدرێ |
| وەقتێ سبەینێ فەقیر و هەژاژ | ئەچنەوە سەری بە چار و ناچار |
| مودیر بیتاقە لای خۆی دائەنێ | یەک بە یەک ئیسمیان ئەخوێنێ |
| بە هەشت سەرخێزان بە سەد موشەقەت | کیلۆیە شەکر ئەدا بە ڕەحمەت |
| ئەگەر فەقیرێ شکوای خۆی بکا | لێی عاجز ئەبێ هەم ڕیسوای ئەکا |
| ئەڵێ هەی وەحشی بۆ عەقڵت وایە | بۆچی کارگەی شەکرم لە لایە |
| حکومەت چی داوە هەر ئەوە ئەدەم | مەعلوم حەقی کەس بە هیچ کەس نادەم |
| کەسێ گوێی لێبێ ئەڵێ عادلە | ساحیب ویجدانە خەیلێ عاقڵە |
| یاخوا قانون و ئیدارەی وەها | خوا نەیدا بە کەس نەبێ موبتەلا |
| کە ئەم حاڵەم دی مەعلوم بوو لە لام | بێدار بووم لە خەو بە گورجی هەستام |
| وەقتێ ئەڕوانم ماڵی خۆمانە | لە کوێ مودیرەو، کامە دیوانە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|