ئاوا بوونێک
Appearance
بە بۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مامۆستا ڕەفیق حیلمییەوە
| ئەی سەیوانگای ئارامگای ڕابوردوومان، | پێت سپێررا کۆستی تازەی کەوتوومان! |
| لەو کۆشەتا کە خاکی نیشتمانە، | گۆشەی سنگی نازداری کوردستانە |
| با تێر بنوێ ئەو ئەستێرەی کە بە شەو، | بە شەوی کورد، نەچووە چاوی یەک تک خەو! |
| هەر ئەینووسی لەسەر تەختەی ئاسۆی ڕەش، | وشەی «هیوا»ی کوردی بە پیتی گەش گەش |
| ئەو ڕەنجەی دای بە دەرس و نامە و هەڵبەست | شوێنی دیارە: لەو گڕەدا کڵپەی بەست |
| لە بن هەموو بەردێکی چیای کوردا، | لە قووڵاییی دڵی درشت و وردا |
| ئێستا کە ڕووناکیی ئاسۆی ڕۆژهەڵات | مژدەی پێیە کورد نزیکە لە ئاوات |
| دڵنیا بوو لە ئەنجام و بە بێ دەنگ، | کێشایەوە بۆ سێبەری خەوی مەنگ |
| لە پاش ماندووبوونی مەردانەی مەیدان، | با لە کۆشی دایکا بنوێ پاڵەوان! |
| بەڵام ئێمەی گیرۆدەی ئەستێرەی گەش، | تا ئەو ڕۆژەی گڵ ئەمانخاتە باوەش، |
| چاوی تاسەی بە شوێنا هەر ئەگێڕین، | لە ئاسمانا؛ چونکە جێی چۆڵ ئەبینین. |
1960/08
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|