ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا
Appearance
ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا | ناحەز و دوژمن وەکوو خەرمانی کا بەربا ئەکا |
کۆمەڵی خوێش و برا، یەکسەر لە یەک تانا ئەکا | وا ئەزانم دین لە یەزدانیش مەردانە سەودا ئەکا |
حوکم و فەرمانیش بەسەر ئەم خەڵکەدا وەک شا ئەکا | |
هەر کەسێ پارەی ببێ ماقووڵ و خاوەن حورمەتە | ناوەجاخیش بووبێ ئێستە ڕەددی ئەمری زەحمەتە |
ڕوو لە هەر شوێنێ بکا وێری بە چایی و شەربەتە | چش لەوەی خواردەستیەتی بۆ نانێ جەرگی لەتلەتە |
پارە هێزێکە کە سەد گەلحۆی تەمەڵ وریا ئەکا | |
پارە سڕپۆش و عەیبداپۆش و لێفە و کورسییە | پارە حەڵقەی گەردنی لات و هەژار و برسییە |
باخەڵت پڕ بێ سیلاحی چابووکی و بێ ترسییە | گەر بەتەنیا ڕوو لە ماڵێک کا لەجێی بیست و سییە |
بۆ کەوش هەڵگرتنی سەد کەس بەجارێ ڕائەکا | |
هەر کەسێ پارەی نەبێ سەد عیلمی بێ دەرناکەوێ | هەر کەسێ پارەی نەبێ کار و قسەی سەر ناکەوێ |
بۆ شکاتیش گەر بچێ بێ پارە جێی بەر ناکەوێ | پارەداریش هەر لەناوا ئیش ئەکا دەر ناکەوێ |
پارە پیاوی ترسنۆکیش بێ درۆ و وریا ئەکا | |
بۆ سوپاسی پارە سەد دەفتەر بنووسم هەر کەمە | پارە ئەسبابی کەشیدە و حەجج و ئاوی زەمزەمە |
پارە ئەسبابی نەمانی فیتنە و بەزم و خەمە | پارە بۆ دەردی دڵ و ئازاری دنیا مەرهەمە |
پارە قەڵغانێکە ڕێبەستی هەرا و هوریا ئەکا | |
پارە تاریکی شەوی هەور و هەڵا ڕووناک ئەکا | پارە پیاوی ترسنۆک و بێ ورە بێباک ئەکا |
پارە پیری کەوتە و خوێن تیانەماو چالاک ئەکا | پارە پیاوی هەرزە گۆ و نالەباریش چاک ئەکا |
فەیلەسووفێک بێتە مەیدانی لە دەستی ڕائەکا | |
موفتی گەر هۆشت ببێ دەرمانی دەردت پارەیە | شێر بە گوێ بگرێ کەسێ بێ پارە بێ، پەتیارەیە |
پیاوی بێ پارە هەمیشە سەرکز و بێچارەیە | هەرچی داماویی نەدیبێ غافڵی ئەم کارەیە |
پارە هەرچەند شا نییە زۆر کردەوەی وەک شا ئەکا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|