ئافرەت و جوانی
Appearance
| بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە | لە باغچەی بەهار گوڵم چنیوە |
| شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە | لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە |
| پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر | چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر |
| هەتاوی نەورۆز، مانگی جۆدرەو | زۆر هاتوون و چوون بە ڕۆژ و بە شەو |
| خوڕەی قەڵبەزی کەفزیوینی چەم | لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم |
| میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ | جریوە و جووکەی دارستانی شاخ |
| لە گەرووی شمشاڵ، لە تەلی کەمان | گەلێ هەڵساوە ئاوازەی جوان جوان |
| ئەمانە هەموو جوانن، شیرینن | رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن! |
| بەڵام تەبیعەت هەرگیزاوهەرگیز | بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز! |
| بێ ئاوازەیە دەنگە نەرمەکەی | با نەیدا لە گوێم، تێر نەڵێم ئۆخەی |
| کام ئەستێرەی گەش، کام گوڵی کێوی | ئاڵە وەک کوڵمی؟ گۆی مەمکی؟ لێوی؟ |
| کام ڕەشی ئەگا بە ڕەشیی چاوی؟ | برژانگی؟ برۆی؟ ئەگریجەی خاوی؟ |
| کام بەرزی جوانە وەک بەرزیی باڵای؟ | کام تیشک ئەگاتە تیشکی نیونیگای؟ |
| کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی | تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری؟ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|