یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/ئەحواڵی پۆلیتیکیی مەریوان

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری (1948)
by زێوەر
ئەحواڵی پۆلیتیکیی مەریوان
308816یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری — ئەحواڵی پۆلیتیکیی مەریوان1948زێوەر

ئەو دووسەد دێیەی کە وتمان، هەموو لەژێر ئیدارەی بەگزادەی ئەوێیە. بەشیان کردووە. هەر چەند دێیەک ڕاجیع بە بەگزادەیێکە. ڕەئیسی ئەم بەگزادانە «مەحموود خان» و «کەیخوسرەو خان»ە. ئەم دوو ڕەئیسەش دائیمەن بەینیان ناخۆشە. ئەمما غاڵبییەت، ئەغڵەب بەدەست مەحموود خانەوەیە. ئەهالی و ڕەعیەت ئەوەندە موتیعن لەگەڵ ڕەئیس ئەمری کرد بۆ شەڕ، بۆ شایی، بۆ هەرچی مەتڵەبێ بێ، ئامادەن. لە وەقتی موحارەبەی ڕووس و عوسمانیدا خزمەتی مەریوانی بینراوە. مەرکەزی حوکوومەتی ئەوان کانی سانان و ولەژێرە. حوکوومەتی سنە ناتوانێ قرانێکیان لێ بستێنێ. مەربووتییەتیان هەر ئەوەندەیە ئەگەر والیی کوردستان لەشکری بۆ تاڵان و تەنبیهی عەشیرەتێکی کەی لازم بوو، لە مەحموود خان و کەیخوسرەو خان دەنووسێ، میقدارێ سوارە و تفەنگچی لەژێر ئەمری یەک بەگزادەدا بۆی دەنێرن. وەقتی شەڕ ئیتیفاقی هەردوو ڕەئیس ببێ، دەتوانن ١٥٠٠ سوارە و تفەنگچی کۆ بکەنەوە. لەپێشا عەشیرەتی جاف کە دەچوو بۆ کوێستان زۆر غەدری لە مەریوانی ئەکرد. ئێستا ناتوانێ نزیکیان بکەوێ. هەموویان کوردن، سوننین. زۆر عەقیدەیان بە مەشایخ و عولەما هەیە، مەعاریفیان نییە.