کاروانی ڕزگاری

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
کاروانی ڕزگاری (1966)
by عوسمان عوزێری
303161کاروانی ڕزگاری1966عوسمان عوزێری

سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش بۆ «مام جەلال» و هاوڕێکانی وتراوە

بەئەستەم گوێم لە سازێکە لە نەغمە و لە ئاوازێکە
بەرەو ئێرە ڕێ کەوتووە ملی ڕێگای ورد گرتووە
وردەوردە دێتە پێشێ زیاتر سەرنج ڕادەکێشێ
وا دێتە گوێم کە ئەو دەنگە ئەو ئاوازە دەنگی زەنگە
کە هاتە پێش دیم کاروانە کاروانێکی بارگرانە
بارگەوبنەی هەڵپێچاوە تەنگە و پاڵووی گرێ داوە
کاروانە وان هەموو شەنگن شێوەی گورجوگۆڵ و مەنگن
سەرنج لە هەر کامیان ئەدەی ئازایەتی تیا دی دەکەی
لێم پرسین بەرەو کوێ ئەچن؟ وتیان کاکە بەرەو مردن
بەرەو مردن، چۆن وا ئەڵێن؟! بۆچی ئێوە کاوانی کوێن؟
نەمبیستووە هەتا ئێستا کەس خۆی بەرەو مردن ببا
یەکێکیان نوێخەتی دابوو کلێتەی لاری لەسەر نابوو
تفەنگێکی لە شاندا بوو فیشەکدانی لەخۆ دابوو
پەستەکێکی مەریوانی ڕانکوچۆغەی هەورامانی
وەڵامی دا وتی: تێتگەیەنم برا

ئەم کاروانە گەورەی کە تۆ
سەیری دەکەی کەوا دەڕوا
زۆر لەسەر خۆ

کاروانی کوردایەتییە نەک کاروانی چەرچێتییە
بەڵکوو ئامانجی مەزنە گرنگە، نەک مردنە
بەرەو مەڵبەندی ڕزگاری تەکان دەیات بە هۆشیاری
وای داناوە کە هەر کۆسپێ لە بەردەمدا و لەسەر ڕێ بێ
تێکڕا پەلاماری بدەین کۆڵ نادەین تا تەختی دەکەین
ئێمە کە هاتووینە کاروان خێزان، ژیان، لاوێتیمان
گشتیمان ناوەتە لاوە تا یەکێکمان زیندوو ماوە
تا کاروان بە مەڵبەند نەگات نابێ کەسمان وچان بیات
لاشمان ڕوونە و باش دەزانین هەتا بە مەڵبەند شاد دەبین
ڕێگا زۆر سامناک و سەختە گەشتن بە مەڵبەند دوو بەختە
بەشی زۆری نەگەیشتووە بە دڵناکامی مردووە
بەڵام چونکە لەو ڕێگایە ژیانمان لا بێبەهایە
با سەختیش بێ بە باوەڕین ئەم ڕێگایە هەر دەبڕین
بژین دەک لە دەورتان گەڕێم ڕێگەم دەیەن لەگەڵتان بێم
منیش هاوبەشی کاروان بم لەگەڵ ئێوە ڕێگە ببڕم
بەرەو ڕێی ئەو مەڵبەندە کە ژینی کوردی پێ بەندە
وەکوو ئێوە خۆم بەخت کەم لەگەڵتانا کۆسپ کۆسپ تەختی دەکەم
منیش کوردم، کوردپەرستم لە خوێن و مێشک و هەستم
کوردایەتی ئاوێتەیە قوربانی بێ هەرچیم هەیە
زەردەخەنەی سەر ڕووی خۆش و دلاوەر لەسەر ڕووی
هەموویانا کێشرا پێیان وتم گشتیان تێکڕا
فەرموو فەرموو

لەگەڵماندا تۆش ڕێکەوە
فەرموو هاودەنگ بە لەگەڵمانا
ئەم کاروانە هیی کەس نییە
کەس ناتوانێ بە هیی خۆی کا

بەڵکوو کاروانی گشت کوردە کاروانی درشت و وردە
بەتایبەتی ئەو کوردانە کە هەمیشە و دڵسۆزانە
ژیان لەسەر لەپی دەستیانە کاروانچین و خۆ بە خاوەنی دەزانن
جا برای کورد تۆش دەتوانی لەگەڵ ئێمە هاوبەش ببی
فەرموو برا خۆت گورج کەوە لەگەڵ ئێمەدا پێکەوە بەڕێکەوە
ئەڕۆین تێکڕا کاروانە بەین وچان نایەین هەتا دەگەین
لەگەڵیانا کە کەوتمە ڕێ بەڵام چی ڕێگایەک لەبەر ناچێ
هەموو هەوراز و چیایە باریکەڕێ و لاپێی تیایە
ئەوەندەش سەخت، پێچ و دۆڵە مرۆڤ لە ڕێ خۆی لێ کۆڵە
لەبەر دڕندەش هەموو ڕێ ئەبێ دەستت لەسەر پێ بێ
سەرنجم داوە دەستەیەک لە پێشەوە جوان یەک بە یەک
ورد بوومەوە لەسەر ڕێیان لە ڕۆین و جلوبەرگیان
زۆر هۆشیار و قارەمان بوون بە وردبینی بۆ پێش دەچوون
لەدوای ئەوانەوە کاروان ملی ڕێی ئەدا بێوچان
ئەوانە بوون پێشڕەوەکەی پێشەوە دەمزانی قەت سڵ ناکەنەوە
لە ڕێی گەیشتنی کاروانا گوڵی گەنجێتییان دانا
هەر کەسێکیان بەهەمیشە لە لایان ببوو بە پیشە
لەناو کارواندا دەگەڕان بێ چاوەڕێیی هانیان دەیان
با ڕێگاکەش وا سەخت بێ دڵنیا بن دەگەینە جێ
زۆربوونی ئەو کۆسپانە کار ناکاتە ئەو گیانانە
کە وەک پۆڵان ڕێگە دەبڕن بە ژیانیان گەشتن دەکڕن
هەموو کاروان ناسیارن کە پێشڕەوی ڕاستیانن
هەر بە پێشەوای ئەوان بە بیر و ئازاییی ئەوان
کاروانەکەی بەجێ ئەگات ڕێگای مەڵبەند بزر ناکات
ڕووبەڕووی دوژمن من کێم و تۆ ناکات

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse