دیوانی مەحوی/و

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی مەحوی  (1896)  by مەحوی
پیتی و

-1-[edit]

لە پڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو فیداتم، دەست و بردێ، ساقیا، جامی شەرابێ زوو
چییە دنیا، ژنێکە هەر شەوی سک پڕ بە سەد فیتنە سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی دڵ دەکا بێزوو
کە دایەی خاکت ئاخر هەر دەبێ بگرێتە باوەش خۆی، بکە خاکێ بە سەر خۆتا لە قاپی بو تُرابێ زوو
بە تابی عەکسی ئەو دیدارە دڵ سووتا، موزەککایە کەتانت ڕاگرە ساز و بە جیلوەی ماهتابێ زوو
دەنی تەبعی بە جارێ عالەمی داگرت ئەوا مەحوی درەنگە ئیلتیجا بە بەر ڕەئیی عالی جەنابێ زوو

-2-[edit]

شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو
هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نووری هودان شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو
ئەم سیا ڕۆزی منە پۆشیویە عەیبی کەسان ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەهکارانە شەو
بۆیە زوڵمەت پۆشە، نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماهـ و ئەستێرانە شەو
نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەم ترێ تا ڕۆژی حەشر پەردەپۆشە، هەمدەمە، هەمدەردی عوششاقانە شەو
شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو
خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو
فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا وەک منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو
گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا، بۆ هەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو!
تیرەگی وا فەزڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو
هەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەهلی نیاز ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەهی خاسانە شەو
تێ بگە بۆ چی بە جانن تالیبی شەو عاشقان: نیوەشەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شەو
هێندە ساحێب سڕە، میعراج و شەوی قەدر و بەرات خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو
هەر کەسێ تالیب بە دوڕی مەعریفەت کۆکردنە پڕ لە دوڕ دەریایەکی بێ مەهلەکەی خنکانە شەو
وەک خزر ئاوی حەیاتی فەیزی حەق عافێتییە ئەو خودا پێ داوە مەحوی! تا سەحەر ناڵانە شەو

-3-[edit]

کە لێوی خوێنمی نۆشی، شەوی خەت گرتی دەوری ئەو بە قوربانی خوێنێکم کە وا ڕۆیی بە سەریا شەو
لە ئەشک و ئاهما جۆش و خرۆشی حەولی تەئسیرە دەزانن ڕێیەکی دوورە لە پێش. ئەڵبەت دەکەن سەرڕەو
بڵا ڕۆحت موقەددەس بێ، ئەم و ئەو کردنت بەس بێ هەتا ئاخر هەناسە ئەو بناسە، هەر بنازە بەو
شەوێ لەیلا بە مەجنوونی وەها وادەی تەماشادا: دەبێ ڕۆژێ ببینی من کە تۆ ڕێ خەیتە دەشتی خەو
لە ناڵینی منی ئیفتادە زاهید بۆ ڕقی هەستا؟ حوزووری ئاهـ ئاهی بوو بە غەیبەت ئەو دەکا عەوعەو
خودا بیدا ئەدەب حرزُ الأمانێکە عەتییەی ڕەب چ بوو جەرگی بڕی غەیری ئەمەی نامەی دڕی خوسرەو!
وتی: من بێم و مەحوی وا بمێنێ، ناکرێ، نابێ هەتاو و سێبەرین ئێمە، دەبێ یا من ببم یا ئەو!

-4-[edit]

لە دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو بە جارێ ماڵی وێرانم، ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو
خوێنی دڵ لە بەر چاوم نەبێ تا کەی ڕەوان ئاخر! ئەوا ڕۆیی لە بەر چاوم ئەوی ڕۆحی ڕەوانم بوو
چ حاڵە! قوڕبەسەر حەتتا بە حاڵم پێکەنینی دێ بە دەست ئەتواری تۆوە قوڕبەسەر خۆم، ئەی دڵەی بەدخوو
دڵ و دڵبەر لە یەک بەدخووترن، سا من خودا چ بکەم؟ فلا المحبُوبُ يرثي لي، و لا القلبُ الشّجى يسلُو
لە ڕۆژێکی کە ئەو گوفتار تووتی کەبک ڕەفتارە لە من غایب بووە، هەر ناڵەمە وەک کۆتری حاقوو
چ ڕۆحێ کوشتەی ئەو باڵایە، قومری داری تۆبایە فيا طُوبى لقوم في سبيل الحُب هم ماتُوا
لە دووری ئەو کوڕە فرسەتتە با زوو بمری ئەی مەحوی! مەبادا بێتەوە بۆ کوشتنی تۆ ڕەنجە کا بازوو