دیوانی حەریق/ی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەریق  (1909)  by حەریق
پیتی ی

1[edit]

وەفای من بێ بەها بوو بۆ ڕەواجی مامەڵەی یاری ڕەزام یارم کە ئەو داویە بە چینی فیتی بازاڕی
لە سەودادا «ڕەشیدە» تالبی قازانجی ئەشیایە هەتا زووتر لەناوچێ چاکە ئەجناسی وەفاداری
مەتاعی مەعریفەت جینسی وەفا، فەسڵی نەما، فەوتا ئەمن نابوودی ئەو بووم نابەڵەد بوومە خریداری
ڕەواجی نەقدی عەهدی سککەیی دێرینە فەوتاوە بە ئەسکیناسە ئێستا مامەڵەی بازاڕی مەککاری
بینای خانەی وەفا وەک تاقی کیسرا کۆنگرەی ڕووخا ئەمن تازە تەنافی جۆت دەکەم بە تەرحی میعماری
قسەی ترش و قسەی خۆشم وڕێنەی حاڵی ناخۆشە بەبێ کەیفی کە زۆر و کەم خەبەردار نییە لە میقداری
لە دەسگای نەگبەتا هەرکەس چووە سەر تەختی بەدبەختی نەدیم ئیقباڵی ناکا بۆ وەزارەت بەسیە ئیدباری
شەوانە لازمەی تەشریفی مەنزڵ بۆ کەسانێکە خەریکی ئیستراحەت بن بە ناز و نیعمەتی ساری
هەزار حەیفێ حەریقی قەت بە زەوقی خۆت نەبوو جارێ بڵێی بەخوا زەریفت کوت بە مەستی یا بە هوشیاری

2[edit]

لەلام وابوو کە تۆ سەیید ڕەشید یاری لە بۆ یاری لە موڵکی میهرەبانیدا لە یارانی وەفاداری
لەگەڵ هەر زەڕڕە بۆ جیلوەی جەلای میهری جیهان ئارا لە شەوقی موشتەری، نووری قەمەر وەک زوهرە سەییاری
جیواری ڕەحمەت و دەستگاهـ و پێشگای عەدڵ و ئینسافی لە دەربارەی فەقیران ڕاست ئەمینی ئەهلی دەرباری
لە زومرەی چاوەشانی بارەگای باری سەلای عامی لە حەلقەی مەهوەشان سەرخۆشی و هەر مەست و هوشیاری
تەلیعەی فەوجی ئەوج و یاوەری سوڵتان و سەرهەنگی لە سەربازانی مومتازی، لەسەر عەسکەر قومانداری
چ خێر بوو دەوری بەزمت بێ سەدای شاباشی «چاوەش» چوو نەوای تارت چەنێ تار بوو دەمی پێک ساز نەهات باری
نە وەک مەدورەڕێ بێ چاوەڕێ ماوم لەبەر چاوان لەدەس چوم و لەپێ کەوتم، بەسەر زیندووم بە بیماری
نەقورعەی من لە جیبی جامەخانەی مەڕحەمەت دەرهات نە ڕوقعەی تۆ بە ڕەسمی توحفە دیداری بووە دیاری
کە تۆش هیچ بووی وەکوو من با لەمەولا ڕوو لە مەولا کەم بەخوا غەیری من و تۆ وەک من و تۆ بۆ مەدەدکاری

3[edit]

لە گۆشەی گوڵخەنی تەن تابەکەی ئیمانی حیسبانی بە ئیمانی شهوودی بێرە نێو ئەسراری سوبحانی
مەڵێ تاریکە ڕێگەم پەرچەمی پڕ خەم دەبەستێ ئەم شوکوور وەک ڕۆژی ڕووناکە سپێدەی سوبحی پێشانی
دەمێکە هەر وەکوو بولبول لەسەر چڵ، سەرچڵ و شێتی زەمانێکیش وەرە سەیری نەمامی باغی عوسمانی
خوتوورت ڕێی حوزووری بەستوویی بۆ مەجلیسی باقی دەترسم قەت نەبی لاقی کەوا تاقی، دڵەی فانی
هەتاکەی تۆ لە غەفڵەتدا دەنۆشی ژەهری خامۆشی ئەگەر عەقڵت هەبێ بەسیە زەمانی جەهل و نادانی
وەکوو شانە هەتا جەمعە خەیاڵت بۆ پەرێشانی بە دیدارت قەسەم ئاخر پەرێشان و پەشیمانی
دەبینم هەرکەسێ توحفەی خولوسییەت لەگەڵ تاعەت دەبا بۆ خزمەتی مورشید بە قەلبی پاکی نورانی
منیش باری خەجاڵەت وا لەسەر شانم کە ناتوانم لەژێریا پێ لەبەر پێ نێم خودا هەر تۆی کە ڕەحمانی
خەتاباتی جەدەل ئەمڕۆ یەقینە سەفسەتەی مەحزە نەتیجەی ئەووەڵی فکرم قیاسی کەوتە «بورهانی»
دەڵێن هاتۆتەوە شەخسێ سەمییی ئەشرەفی عالەم جەنابی سەییدی ئەکرەم، شەفیعی قاسیی و دانی
لە کەعبەی عاریفان ئەمڕۆ لەبۆ زومرەی مریدانی فیوزاتی نەسیبی عالەمی موشتاقی خۆی هانی
بچین بۆ خزمەتی چاکە بە ئیخلاسێکی مەردانە دوعامان بۆ بکا بەڵکە لە شەڕڕی نەفسی زوڵمانی
وەکوو پەروانە هەر لەحزە «حەریقی شەمعی جەمعێکم خودا کەی بێ مونەووەر بم بە نووری ماهی تابانی؟

4[edit]

بە خەیاڵی شەوی وەسڵت خەوی هیجرانم دی بە شەمیمی نەفەست سروەیی حیرمانم دی
چاوی بیمارت ئیشاراتی شیفا دەنوێنێ لە خەتی مەسحەفی ڕووت ئایەتی لوقمانم دی
سەیری زوڵفت کە لەسەر ئاگری ڕووت وێستاوە حەییی بێجانە لەبەر چاو و بە پەیمانم دی
بە هەوای عەرعەری قەددت لە خەیابانی خەیاڵ شیعری بەرجەستە وەکوو سەروی خەرامانم دی
ڕوخی نەورۆزی نەبوو، خێزی خەتی ماتەمی گرت ڕۆژی ئیمساک و شەوی قەدری حەبیبانم دی
گەوهەری مەعنی لە دەریاچەیی دڵ دێنمە دەر تا لە حوققەی دەهەنت لەعلی بەدەخشانم دی
هەر بە ئاودا چوو سەفینەی غەزەلی بەحری خەیاڵ لەجییات سودی مەتاعم زەرەر و زیانم دی
لەگەنی دیدە، فتیلەی موژە و ڕەوغەنی ئاهـ بۆ شەوی وەسڵی لە سەد لاوە چراخانم دی
لە نەوای تەغنیەیی بولبولی دەوری گوڵی ڕووت لە هەموو مورغی چەمەن ناڵە و ئەفغانم دی
گەوهەری نەزم و دوڕی مەعنیی لەفزی سەدەفم بردە بازاڕی نەزەر موشتەری نادانم دی
لە قەباڵەی کەرەمی ئەهلی هونەر تێفکریم وەکوو ئەشعاری حەریقی خەتی بوتڵانم دی

5[edit]

بابێ کوڕێکی بوو، چ کوڕ، ئەربابی مەعنەوی دەیکوت لەڕووی نەسیحەتەوە داییمەن بەوی
وەک جەردە بی، دە ڕۆڵە لە عەمری منت کەوێ نەیدەیتەوە بە مفتی ئەفەندی گەلەنبەوی

6[edit]

هەروەکوو بیستوومە بەینێکە لە ئەمبەر ئەمبەری بۆ مەلای مزگەوتی سوور وا چاکە تۆبی لەوبەری
پێ لە حاشا بوو لەگەڵ من مەحکەمەی قازی دەچوو کاکی سەردەشتی بە تەڕدەستی وەسەر جێگا پەڕی