یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری

... لەو وەقتەدا کە چاکتر بوو وڵاخ سوارێ بوو. لە تەقەی سمی سوارێ کە هات لە دەنگی تەپڵی فەتح خۆشتر بوو، حەقیقەت حەزرەتی خدری من بوو. لە خدمەتکارانی شێخ جەوانمەردێ بوو تەکلیفی سواری کردم. بەمەمنوونی قوبووڵم کرد، هەتا گەیاندمیە چاخانەی «بناویلە» پێشم کەوت. کە چوومە ئەوێ سەیید کەریم ئەمری کرد چایان بۆهێنام. پارچەیێ نانیشم دەستکەوت. ئەوەندە هێزم پەیا کرد بتوانم بەپیادەگی بچمە «نۆدێ». گەیشتمە نۆدێ. بەخواردنێکی کەم شێوم کرد و نووستم. کەس خەیاڵی دیلی شێخی نەدەکرد، وەئیللا لەو نەوعە جێگایانەش نانمان دەست نەدەکەوت. نازانم بێغەم نووستم یا کوفت بووم. بەگەرمای هەتاو خەبەرم بووەوە. ئیتر ڕۆژوو نەما. ئان بەئان حاڵ دەگۆڕا. چووینە «چنگنیان». بەساردی قوبووڵ کراین. سەیید کەریم لەحاڵیان حاڵی بوو.

پیاو کە دووچاری ڕۆژی نەگبەت بوو
دۆستی جانیشی لێ دەبێتە عەدوو

ئەمری کرد ئوڵاغیان هێنا، بارگیرێکیشی دا بە من. سوار بووین بۆ مەرکەزی ئیجتیماع «کانی شیلان». کانی شیلان میقداری دوو سەعات زیاتر لە دێی چنگنیانەوە دوورە، جێگەیێکە بەسەفا، کوێستان، ئاودار، هەوادار. بۆ موددەعی ڕێگایێ نییە بچێتە سەر ئەو جێگایە یەک ڕێگا نەبێ، ئەویش بە پێنج شەش تفەنگچییەک موحافەزە ئەکرێ. حەتتا تەییارەش لەبەر دارستانی لەو شاخەدا کەشفی بۆناکرێ. حاسڵی، دوو شەو لەوێ ماینەوه. پەراگەندە کۆبوونەوه. ماڵێکی شێخ کە بەجێمابوو بە هەزار مەرارەت گەیشتنە ئێمە و لە شێخ هیچ خەبەرێکمان دەست نەکەوت. هەردەمە نەوعە درۆیێک ڕەونەقی مەجلیس و قووەتی دڵ بوو. (....) برای شێخ بە میقدارێ سوارە و لە شارباژێڕا قووەی مەعنەوییەی بەعزێکمانی زیاد کردبوو. (...). بەیانی بارکرا. چووینە هەوڵوو، ئاوایی تیا نەبوو، یەک پیاو نەبێ بەدیار تووتنەوه دانیشتبوو. ئێمەش بە هەموومان کە مەوجوود گەیشتبووە سەدوپەنجا کەسێ، یەک قۆریە، دوو پیاڵە، یەک دوو پارچە مسمان هەبوو. هی وا هەبوو هەتا نۆبەی چای بەیانی بهاتایە سەر، وقتی چای عەسری دەهات. ئەمما لە جیهەتی خواردنەوە کەس موعەتتەل نەدەبوو. ماڵی شێخ دووسەد سەر مەڕ و بزن و کار و بەرخیان دەرکردبوو، هەر ڕۆژێ دوو سێ سە حەیوانمان سەرئەبڕی.


شێخ قادری حەفید

دانیشتبووین فکری ئەحواڵمان ئەکرد. ئەحمەدبەگ وتی: ئێمە غافڵین، شێخ یا کوژراوە یا گیراوە، وەئیللا مومکین نییە خەبەرێکی ئەم ماڵ و مناڵانەی نەزانێ. ئەم قسانەی کە دەڵێن ڕۆیوە بۆ ناو عەرەب یا عوسمانی یا فڵان یا فڵان، ئەسڵ و ئەساسی نییە. شێخ ئەوەندە بێ ویجدانە لەم عالەمە نەپرسێتەوە؟! من دەچمەوە دەوری سولەیمانی. لەو وەقتەدا کاغەزی شێخ قادر و شەککەری دیاری بۆ یەکێکمان گەیشت. لە کاغەزا دەعوەتی ئەحمەدبەگی کردبوو بۆلای خۆی. هەر لەوێوە سوار بوو. ئیتر بەگمان نەدیەوە. شەومان بەسەربرد. بۆ قاوەڵتی چووینە «دۆڵ پەموو». مەردانە، دۆستانە، خزمانە، خزمەتیان کردین. هەدەفمان «سەرکان» بوو، لەوی بین هەتا خەبەری شێخ بزانین. گەیشتینە سەرکان. شێخ عەبدوول مودیری «پێجوێن» بوو، لەماڵ نەبوو. خەبەرمان بۆنارد. مەکەر ڕیعیەتی مەئمووریەتی دەکرد، نەهاتەوە. شەو ساعەت سێ بەپەنهانی هاتە ناومان. ڕەسمی «خوش آمد»ی بەجێهێنا، خدمەتی باشی کردین. ئەمما لەدڵا دەترسا. فەرقمان پێکرد. قەراردرا بچینە «باشماخ» کە دێی نەقبە، داخڵی ئێرانە. تەعەڕڕوز بۆئەوێ ناکرێ. چای بەیانی خورایەوە. سوار بووین. لە هەموو نوقتەیەک پیاو بۆ خەبەری شێخ ڕەوانە ئەکەین، جواب هیچ نەبوو. منیش ئەسپێکم بوو لە دەشتا من سواری دەبووم. لە شاخا ئەو سواری شانم دەبوو، چونکە لە هەوراز نەدەڕۆی. ڕەشمەکەی بە دەست و شان دامدەکێشا، عەرەقی شین و مۆرم ئەکرد هەتا لە شاخێ سەرم ئەخست. بە هەرنەوعێ بوو گەیشتینە ڕاست پنجوێن. لەوێدا بەجارێ پەکی کەوت. ناچار، پیاوێ جووتی ئەکرد. بانگم کرد: ئەم بارگیرە ناڕوا، ئەوا بۆ تۆم بەجێهێشت. وردەوردە خۆم گەیاندە باشماخ.