دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی ا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی  (1891)  by شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی
پیتی ا

1[edit]

داوای تووتنی بۆندار لە حاجی ئەسعەد ئاغا

تۆ کەمنەزەری دەرحەقی من ئێستێکە ئاغا من ماومە هەوای سوحبەتی تۆم هەر لە دەماغا
تا ڕۆژی قیامەت بە خودا زیندووە نامرێ بابێ کە بمێنێ کوڕی وەک تۆی لە وەجاغا
بۆ تووتنەکەی بیشەمە و شاور و شێتنە شێت بووم و نەهات، وەختە دڵم دەرچێ لە داغا
جاران چ بە جاغ و چ بە بار بۆت دەهەناردم نانێری ئەمێستا نە بە بار و نە لە جاغا
ڕێی نەوتەکە باجگیری ئەگەر زۆرە دەفەرمووی ڕێی خاسە بە شەو خاڵییە با بێ بە بولاغا
نەمزانی فەلەک گۆبەنی هەر بۆ منە یاخو سەد دەستی وەکوو دەستی منی کردووە بە زاغا
یا ڕەب گوزەران کا بە سەفا وەختێ عەزیزت پەیوەستە لە دەوری چەمەن و گەردشی باغا
بۆ چوونە تەوافی حەرەمی شاهیدی مەقسوود عالەم هەموو مەئزوونە ڕەزا هەر لە یەساغا

2[edit]

خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللەیی قافا
کێ بێ لە دلێرانی عەشایر کە نەچووبێ وەک تیری قەزا نووکەڕمی جافی بە نافا
خوێنڕێژ و شەڕەنگێز و عەدووبەند و تەنوومەند کامیان گەنە وەک شێرە لە مەیدانی مەسافا
چونکە ڕەسەنن ورد و درشتیان هەموو جەنگین مەی سارییە نەشئەی چ لە دوردا چ لە سافا
وا بێ خەم و پەروا دەچنە عەرسەیی هەیجا تۆ ناچییە سەر دۆشەکی بووکێ لە زەفافا
يبغون الى الامر صغاراً و کباراً يسعون الى الحرب ثقالاً و خفافا
وەسمان بەگیان ئامیرە وەختێ کە بڵێ: دەی! دێنە جەوەلان هەروەکوو حاجی لە تەوافا
خواهم ز خدا آنکه شود دشمن جاهت کۆتی لە دەسا، دەس لە ملا، مل لە تەنافا
ڕەحمێ بکە با شێخ ڕەزا بێتەوە گوفتار حەیفە بڕزێ تیغی مجەوهەر لە غیلافا

3[edit]

ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕی ناکا
دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی وەک شاهی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا
تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی هیجری وەکوو شێت نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا
لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا
ڕۆح و دڵ و دین هەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری کامی دڵی من، گەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا
سەر دانێ لە ڕێی عەشق، ڕەزا لازمە عاشق بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا

4[edit]

لە تەرەف کێرەوە بەریدی سەبا بۆ مودیری قزڵجە نامە دەبا
بۆ جەنابی موقەڕڕەبولخاقان میرم عەلی بەگ، لە ئەنجەبی نوجەبا
میرم، ئایا چلۆنە عیللەتەکەت باز بە خارشتە بن گونت عەجەبا
ئیحتیاجت بنووسە، عەیبی چییە؟ مەحرەمی ڕازی تۆم بە عەهدی سەبا
سەد تڕت دا بە کوودەکی لە گونم ئەی تڕت ڕەعدو وەی تست ڕەشەبا
دوودمانتان چرووکە بونیادی بو قباحت بنم دگل هە بەبا
عەبدووڕەحمان بەگی برات فەرمووی کە عەلی بەگ بووە بە دێڵەبەبا
هذة إرثكم اخاً وابا
خاڵە کوێرەش بە سەراحەت ئەیگوت کە عەلی بەگ بووە بە دێڵەبەبا
لە ئەبانت ئیبا مەکە میرم ئابڕووی خانەدان عەلی دەیبا
گەر بەداری قزڵجە تێر ناخۆی وەرە با شێخ ڕەزا بە ڕەشتا با

5[edit]

دەستێکی هەیە «مەستی» ئەفەندی لە کەرەمدا میهمانی عەزیزی هەیە دائیم لە حەرەمدا
ئەلحەق ژنەکەی موشفیقە دەرحەق بە غەریبان سەد گانی بە ڕۆم دا و هەزاری بە عەجەم دا
هێند کێری هەتیوانی بە کوزدا چووە داکی دەستێکی شکابوو بە مناڵی لە شکەمدا
بەر زەربەتی کام کێری قەوی کەوتووە ئاخۆ بەو دەردە چووە ساعیدی «مەستی» لە ڕەحەمدا
حەققا کە «مەجیدی» کوڕی زۆر تەبعی جەوادە سەد گانی بەیەک لەحزە بە بێ پوول و درەم دا
گەوودا و تەرەس، مولحید و بێ دین و مونافیق مورتەددە، نییە میسلی لە مسقۆف و عەجەمدا
بۆ سەددی ڕەهی «مەستی» وەکو تەپڵی سکەندەر ئاوازی دەهۆڵی کوزی داکی لە حەرەمدا
ئەو کێرە زلەی کێ بوو لە کێلانی فەتاح بەگ مشتێکی کوتایە کوزی، مشتێکی لە دەم دا

6[edit]

شێخ ڕەزا بێت و لەسەر تۆ هەجوی قازیی کۆی بکا سەیری کە چیی پێ بکا، دۆم بێ و کڵاش بۆ خۆی بکا
چونکە غەدری کرد لە «لامیع» شەرتە قازی وا بگێم هەر گەن و گوویێ لە زگیایە بە جارێ ڕۆی بکا

7[edit]

سا بێ زگی خۆت هەڵمەدڕە و مەمرە لە داغا ئەم قەومە هەموو مردن و تۆ مای لە وەجاغا
لەو لاوە پەلێکت لە زەهاو پەل ئەوەشێنێ لەم لاوە ڕەگێکت لە کنی ساوجەبولاغا

8[edit]

نیمە بۆ تەسویری ئەبرۆت پەیڕەوی مانی دەکا شانە بۆ زنجیری زوڵفت عەنبەر ئەفشانی دەکا
قووتی ڕۆحە لێوەکەت یاقووت وەها ئاودار نییە مەنعی بازاڕی عەقیق و لەعلی ڕوممانی دەکا
خاڵی سەر لێوت نگین و خاتەمی نادر زهوور موهری دەستی ئاسەفە حوکمی سولەیمانی دەکا
دڵ لە نەشئەی عەکسی مەستی چاوەکەت لايعقلە بۆ کەبابی جەرگی من لێوت نمەکدانی دەکا
بەرگی سەرتاپام پەڵاس بێ گەر بە شەرتێ تۆم ببێ تاری ئەو بەرگە لە لام سەد شاڵی کرمانی دەکا
سەد هەزار جار دەخیلم حەرفی بەدکار مەشنەوە هەرچی دەربارەم بڵێ بێ پیرە شەیتانی دەکا
گەر لە پەردەی نازەوە ئاوازی تۆ بگرێتە گوێ بولبولی شیرینزوبان مەیلی غەزەلخوانی دەکا
کەس نییە ئەو شۆخە حاڵی کا لە سۆزی ئاتەشم وا ڕەزا دیسان لە عیشقی هەر غەزەلخوانی دەکا