ناسر ڕەزازی/ئاوارە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
ئاوارە
by ناسر ڕەزازی

* * *


ھەر من مامەوە ھەر من مامەوە
ھەر من کەس نەبوو بێ بە لامەوە

ھەر من کەس نەبوو شەو لە دیارم بێ
گوێ لە ھاواری دڵی زارم بێ

جارێ لە جاران نەم دی لە جوانێ
وەک خۆشەویستێک لە من بڕوانێ

گەلێ نازدارم بۆ خۆم ھەڵبژارد
نامەی دڵداریم بۆ گەلێ کەس نارد

رووم کردە ھەر کەس رووی لێوەرگێڕام
شوێن ھەر کەس کەوتم چەمۆڵەی لێ نام

بوویشم بە کونفوس کەس منی نەویست
وشەی (ئای لاڤ یوو)م لە ھیچ کەس نەبیست

ئەوا تەمەنم رووی کردە دوایی
رۆژێکی ژینم نەکرد بە شایی

لەشێکی نەرمم نەگردە باوەش
ماچێکم نەکرد لە کوڵمێکی گەش

چەند جارێ نوێنی دوو کەسیم کڕی
ھەمووم بە کۆنی و تەنیایی دڕی

گەردوون ئەزانێ چەند ھەوڵم داوە
چەند لە رێی دڵما رەنجم کێشاوە

ئەی ھاور خەڵکی بەچیم ئەزانێ
کەس بێزی نیە خۆی بۆ من دانێ

تەمەنی جوانیم ھەمووی بە سەر برد
خزمەتی تافی لاوی خۆم نەکرد

دەستم نەکردە ملی نازدارێ
باڵم نەئاڵان لە باڵای یارێ

ھەرچی سەیران و ئاھەنگ بوو گەڕام
زەردەخەنەیەک رووی نەکردە لام

جوانێک پیاڵەیەک چای نەدامە دەس
پێیان نەوتم چۆنی فڵان کەس

یادگارێکی کەسم لا نییە
یادم لە دڵی کەسێکدا نییە

ئێستاش تەنیا یەک ئاواتم ماوە
نازدارێک ھەیە دڵمی پێکاوە

ھەر ئەو بزانێ کە خۆشم ئەوێ
بڵێن بێ تا ھەم ھیچم لێی نەوێ

بەو تۆزە لوتفەی بەختیار ئەبم
لە ناو یارانا منیش دیار ئەبم

من چیبکەم وە دەس باری خەمەوە
گۆشەی دڵ وە لای کێ بکەمەوە